نەیمار پێیوایە ڤینیسیۆس شایستەى خەڵاتى تۆپى ئاڵتونە و پێشەنگ و پاڵەوانێکى مەزنە بەلاى ئەوانەوە.
لە لێدوانێکدا، کە ڕۆژنامەى ئوک داریۆ بڵاویکردووەتەوە، نەیمار دا سیلڤاى بەڕازیلى هێرشبەرى یانەى هیلالى سعودى پاڵپشتى لە ڤینیسیۆس جۆنیۆرى هاونیشتیمانى هێرشبەرى یانەى ریاڵ مەدریدى ئیسپانى دەکات بۆ بردنەوەى خەڵاتى تۆپى ئاڵتونى ٢٠٢٤.
نەیمار دەڵێت “من ڤینیسیۆسم خۆشدەوێت، پەیوەندییەکى جوانمان هەیە، ئەو هاوڕێیەکى مەزنە و لە ڕێگەى تۆپى پێوە ناسیومە، وەرزێکى نایابى بەڕێکرد، بەدڵنیاییە من پاڵپشتى دەکەم لە بردنەوەى تۆپى ئاڵتوندا”.
نەیمار پێیوایە هیچ کەسێک هێندەى ڤینیسیۆس شایستەى خەڵاتەکە نییە و گوتیشى “ڤینى جەنگاوەرە، بە درێژایى ژیانى زۆر ناڵاندویەتى، هەموو ڕەخنەکانى تێپەڕاندووە و ئێستاش بووە بە پێشەنگ و پاڵەوانێکى مەزن بەلاى ئێمەوە”.
28ى ئەم مانگە لە شانۆى دو شاتلیە لە پاریسى پایتەختى فەڕەنسا، ئاهەنگى خەڵاتەکانى باڵۆن دۆڕ بەڕێوەدەچێت و براوەکان دیارى دەکرێن.
لیۆنێل مێسى زۆرترین جار خەڵاتەکەى بەدەستهێناوە، کە هەشت جارە و دواجاریان لە وەرزى ڕابردوو بوو، کریستیانۆ ڕۆناڵدۆش بە پێنج خەڵات لە پلەى دووەمدایە.