راهێنەرى عێراق رایگەیاند، لە بەرامبەر کۆریاى باشووردا تەنیا بیر لە سێ خاڵى یارییەکە دەکەنەوە.
لە کۆنفرانسى ڕۆژنامەنووسى تایبەت بە یارییەکەى سبەینێى بەرامبەر هەڵبژاردەى کۆریاى باشوور لە پاڵاوتنى ئاسیا بۆ مۆندیالى ٢٠٢٦، خیسۆس کاساسى راهێنەرى هەڵبژاردەى عێراق ئاماژەى بەوەکرد، لە کۆریا سێ یەکەى مەشق و راهێنانیان ئەنجامداوە و شتەکان بەباشى تێپەڕیوون، یارییەکەشیان گرنگە لەبەرئەوەى بەرامبەر تیپێکى ئاستى یەکەمى ئاسیادایە.
کاساس دەڵێت “بیر لە هیچ شتێک ناکەینەوە تەنیا سێ خاڵى یارییەکە نەبێت بەرامبەر بەهێزترین تیپى کۆمەڵەکەمان، بەڵام لە کۆتاییشدا ئەمە یەک یارییە لە نێوان کۆمەڵێک یارى لە پاڵاوتنەکاندا، ئەنجامەکەى سبەینێ هەرچییەک بێت پێویستە لە کاروانەکەمان بەردەوامبین و هەوڵیش دەدەین سود لە یاریزانە بەهرەمەندەکانمان وەربگرن بۆ فشارکردنە سەر رکابەرەکەمان”.
کاساس پێیوایە کۆمەڵەکەیان قورسە و کۆریاى باشووریش چانسى زیاترە و شارەزاى جامى جیهانییە، کێبڕکێکەشیان لەسەر کورسییەکى دیکەى مۆندیال لە نێوان عێراق و عومان و ئوردندا دەبێت.