زووم
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
دەیلی تەلەگراف
ئیسرائیل دەڵێت، نەتەوەیەکگرتووەکان چاوپۆشی لە حزبوڵا دەکات
ئیسرائیل رەخنە لە نەتەوەیەکگرتووەکان دەگرێت، کە چاوپۆشی لە جموجۆڵەکانی چەکدارانی حزبوڵا دەکات. ئەم رەخنەیەی ئیسرائیل پاش ئەوە دێت لە دووریی 100 مەتر لە بنکە سەرەکییەکەی هێزی ئاشتیپارێزی نێو لوبنانەوە تونێلێکیان دۆزیوەتەوە، کە حزبوڵا لێیداوە و چەکدارەکانی ئەوان بەکاریانهێناوە.
چەند سەربازێکی سوپای ئیسرائیل تونێلەکەیان پیشانی پەیامنێرانی دەیلی تەلەگراف داوە، کاتێک پەیامنێرەکانی ئەم رۆژنامەیە سەردانی ناوچەیەکی باشووری لوبنانیان کردووە. سەردانی پەیامنێرەکان بە ماوەیەکی کەم پێش ئەوەبوو، بنیامین نەتانیاهۆ داوا لە نەتەوەیەکگرتوەکان بکات ئەو هێزانەی خۆیان لەنێو لوبنان بکێشنەوە.
فاینەنشیەڵ تایمز
راوێژکارێکی ئابووریی ترەمپ دەڵێت، ترەمپ بازرگانیی ئازاد دەکات، بەڵام دۆلار لاواز ناکات
راوێژکاری سەرەکیی دۆناڵد ترەمپ بۆ کاروباری ئابووری دەڵێت، پێویست ناکات گومان بە ترەمپ ببرێت، ئەگەر هەڵبژێڕدرا وەک سەرۆکەکەی ئێستا ئاستی دۆلار داببەزێنێت، یان ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانی کەم بکاتەوە.
ئەو راوێژکارە دەڵێت، ترەمپ دەیەوێت ئەمریکا ببێتەوە بە ناوەندی دراوی جیهانی و ئاستی تاریفەی گومرگی لە بەرژەوەندیی ئەمریکا سازبکاتەوە.
سکۆت بەسەنتی تەمەن 62 ساڵ ئەو کەسەیە کە توانیی لە بەرژەوەندیی دۆلاری ئەمریکی ئاستی دراوی یەنی ژاپۆنی و پاوەندی بەریتانی داببەزێنێت، لە ئێستادا وەک راوێژکاری ئابووریی ترەمپ دەست بەکاربووە و کاردەکات.
گەڵف نیوز
بەهۆی پێشکەوتنی تەکنەلۆجیا هاتوچۆی نێو دوبەی لە 25 خولەکەوە بۆ پێنج خولەک کەمدەکرێتەوە
ئاژانسی هاتوچۆ و رێگاوبانی دوبەی دەڵێت، ئەمە هەواڵێکی خۆشە بۆ شۆفێرانی ئەو وڵاتە. ئەم ئاژانسە پرۆژەیەکی جێبەجێکردووە، کە 600 ملیۆن درهەمی ئیماراتیی تێچووە. ئەم پرۆژەیە ئاستی کاتی پێویست بۆ ئەنجامدانی هاتوچۆ بەرێژەی 75% کەمدەکاتەوە، ئەگەر رێگایەک جاران بە 25 خولەک ببڕدرایە، ئێستا ئەم پرۆژەیە وادەکات بە پێنج خولەک ببڕدرێت.
دیارە ئەم پرۆژەیە هێڵێکی نوێی هاتوچۆیە، کە چەند شەقامێکی سەرەکیی نێو دوبەی پێکەوە دەبەستێتەوە و ئاسانکاریی زۆر بۆ هاتوچۆکردن دەکات.
ئۆرشەلیم پۆست
ئەوەی روودەدات کۆچێکی گەورەیە؛ ئیسرائیلییەکان بە ژمارەی زۆر کۆچدەکەن
خەڵکی ئیسرائیل بە رێژەیەک کۆچدەکەن، کە پێشتر شتی وا نەبیندراوە؛ کۆچ دەکەن و لەگەڵ خۆشیاندا پارە و سەرمایە و بڕوانامە و پسپۆرییە باشەکانیشیان دەبەنە دەرەوە. تاکە راڤە بۆ هۆکاری ئەم کۆچکردنانە ئەوەیە، ئەم هاووڵاتییانە ئەگەر لە شوێنێ شەڕ و ململانەکانیشەوە دووریش بن هەر هەست بە ئارامی ناکەن.
تەنها لە حەوت مانگی یەکەمی ئەمساڵدا 40 هەزار و 600 کەسی ئیسرائیلی ئەو وڵاتەیان بەجێهێشتوە، ئەم ژمارەیە روو لە هەڵکشانە و بە بەراورد لەگەڵ ژمارەی کۆچکەرەکانی ساڵی 2023 دوو هەزار و 200 کەسی زیادە.
ئاژانسی ئاماری ئەو وڵاتە دەڵێت، تێکڕای ئەم کۆچکردنەی ئەمساڵی ئیسرائیل لە تێکڕای زۆر وڵات بەرزترە.
رۆژنامە فارسییەکان
کار و کارگەر
هەڕەشەکان ئێران بەرەو دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی دەبات
هەڕەشەی هێرشکردنە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران پاڵ بەم وڵاتەوە دەنێت بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمی.
بە گوێرەی ئاماری ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی، ئێران دەتوانێت لە ماوەیەکی کورتدا کڵاوەی ئەتۆمی بۆ مووشەکەکانی بەدەستبهێنێت.
بارودۆخی ئێران لە وڵاتانی دیکە جیاوازە؛ بەتایبەت بەهۆی هەڕەشەکانی ئیسرائیل.
هەروەها ئێران پێویستی بە ئامێری پیتاندنی یۆرانیۆمی نائەتۆمی هەیە، کە دەتوانێت لە ماوەی چەند مانگێکدا دابینی بکات و لە هەلومەرجی سەختدا خێرایی پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی دەتوانێت زیاتر بێت.
ئێران کە مێژوویەکی دوور و درێژی لە بواری لێکۆڵینەوەی ئەتۆمیدا هەیە، ئەگەر بڕیاری دروستکردنی بۆمب بدات، ئەم پرۆسەیە بە خێرایی ئەنجام دەدات.
باختەر
“سەراوی نیلوفەر”ی کرماشان لە لێواری وشکبووندایە
سەراوی نیلوفەر، یەکێک لە شوێنە گەشتیارییە گرنگەکانی کرماشان، تووشی کەمبوونەوەی ئاوی %90 بووەتەوە.
محەمەد ئەمین حوسێنی بەڕێوەبەری گەشتیاریی کرماشان داوای لە دامەزراوە پەیوەندیدارەکان کرد هەنگاو بنێن بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە.
گوتیشی: کەمبوونەوەی بەرچاوی ئاو بەهۆی زیادبوونی بیرە قووڵەکان و چاندنی بەروبوومی ئاو هەڵگر وەک گەنمەشامی و پەتاتە بووە.
حوسێنی ئاماژەی بەوەشکرد، لەگەڵ دابەزینی ئاستی ئاو، ژمارەی گەشتیارانی ئەمساڵ بەراورد بە ساڵانی رابردوو بە شێوەی بەرچاو کەمیکردووە.
ئارمانی ئیمروز
خۆدزینەوە لە باجی 50% لە ئۆتۆمبێلە گرانبەهاکان
رێکخراوی کاروباری باجی ئێران ئاشکرای کرد، لە کۆی گشتیی 566 هەزار ئۆتۆمبێلی باجخواز، تا ئێستا کەمتر لە نیوەیان باجیان داوە، کە دەکاتە 42٪.
لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا، لە کۆی 782 هەزار ئۆتۆمبێل کە لەلایەن هێزی پۆلیسەوە دەستنیشانکراون، بەهای باجی دیاریکراو نزیکەی 120 ملیۆن دۆلار بووە. هەروەها 42 هەزار خاوەن ئۆتۆمبێل ناڕەزایەتیان دەربڕیوە بەرامبەر بەو باجە دانراوە کە لێکۆڵینەوەی لەسەر دەکرێت.

ئەبرار
بەهۆی سیاسەتە هەڵەکانی حکومەت بەشێک لە هەناردەکانی فستق و خورما راگیراون
محەمەد میرزائیان، جێگری سەرۆکی پەرەپێدانی هەناردەی نانەوتی ژووری بازرگانی ئێران، رەخنەی لە باجی هاوردە و کاریگەرییە نەرێنییەکانی لەسەر هەناردە گرت و ئاماژەی بە هاتنی دراوگۆڕەکان و بەرهەمهێنەرانی ئۆتۆمبێل بۆ ناو بازاڕی هەناردەکردنی فستق و خورما کرد.
ناوبراو دەڵێت: سیاسەتەکانی ئێستای ئاڵوگۆڕی دراوی بیانی بەربەستی سەرەکین لەبەردەم هەناردەکردنی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان.
هۆشداریشیدا کە زۆرێک لە هەناردەکارە گەورەکانی کەرتی کشتوکاڵ داخراون بەهۆی کێبڕکێی نایەکسانی کۆمپانیاکانی دروستکردنی ئۆتۆمبێل کە سوودمەندن لە پشکی حکومەت.
میرزائیان داوای قەدەغەکردنی هەناردەی فستقی لە لایەن بەرهەمهێنەرانی ئۆتۆمبێل کرد بۆ رەخساندنی هەلومەرجی گونجاو بۆ گەشەی ئەم کەرتە ئابوورییە گرنگە.
رۆژنامە تورکییەکان
یەنی شەفەق
بودجەى 2025ـى تورکیا بڕی 13,3 تریلیۆن لیرەیە
بڕیارە لەم هەفتەیەدا گفتوگۆ لەبارەى بودجەى ساڵى 2025 بکرێت، بەگوێرەى زانیارییەکان بە بەراورد لەگەڵ ساڵى رابردوودا لە 2025 دا بودجە بە رێژەى 20% زیادی کردووە و گەیشتووەتە 13 ترلیۆن و 343 ملیار لیرەى تورکی.
گفتوگۆکان لەبارەى پەسەندکردنى بودجە ماوەى دوو مانگ دەخایەنێت و زۆرترین بودجەش بۆ وەزارەتی پەروەردە تەرخان کراوە، بە بڕی یەک ترلیۆن و 17 ملیار لیرەیە. لەپاش ئەویش هەریەک لە وەزارەتی بەرگریی دێت بە بڕی 623 ملیار و 899 ملیۆن لیرە.
بڕیارە لە رۆژانی 21 یان 22ـى ئەم مانگە جەودەت یڵماز، یاریدەدەری سەرۆککۆماری تورکیا لە پەرلەمان پێشنیازەکان لەبارەى خەرجکردنی بودجە بخاتەڕوو.
یەنی ئاسیا
چوار ملیۆن خێران لەژێر هێڵی هەژارییەوەن
لە ساڵى 2024 لە تورکیا و باکووری کوردستان تائێستا سێ ملیۆن و 876 هەزار و 933 خێزان لەژێر هێڵی هەژارییەوە دەژین و لە بەرنامەى هاوکاری خێزان ناویان تۆمار کراوە لەلای وەزارەتی حکومەت.
هەر بە گوێرەى ئامارەکان لە ساڵى 2023 دا ژمارەى ئەو مناڵانەى لەگەڵ خێزانەکانیان ژیاون و پێویستیان بە هاوکاری بووە گەیشتووەتە 164 هەزار و 995 منداڵ.
میللییەت
سەرۆکی جەهەپە سەردانی پارێزگاکانی باکووری کوردستان دەکات
بڕیارە ئۆزگور ئۆزال، سەرۆکی گشتیی جەهەپە لە کۆتایی ئەم مانگەدا سەردانی چەند پارێزگایەکی باکووری کوردستان بکات و کۆبوونەوەى جەماوەری ساز بکات.
ئۆزال لە 23 بۆ 27ـى ئەم مانگە کۆبوونەوەى جەماوەری لە پارێزگاکانى ئامەد، ئێلیهـ، مێردین، شرنەخ، وان و جۆلەمێرگ ساز بکات و پەیامی سیاسی خۆی بە خەڵکی ناوچەکە دەگەیەنێت.

یەنیچاخ
سەرۆکی جەهەپە دەڵێت، چوار مادە سەرەتاییەکی دەستور هێڵی سوورە
ئۆزگور ئۆزال، سەرۆکی گشتیی جەهەپە سەبارەت بە هەوارکردنەوەی دەستوور رایگەیاند، چوار مادە سەرەتاییەکی دەستور هێڵی سوورە، لەئێستادا گەمەیەکی سیاسیی لەنێوان ئاک پارتی و هوداپار هەیە بۆ رێککەوتن لەسەر دەستوور، بەڵام ئێمە رێگە نادەین و دەستی ئەوە دەشکێنین کە بیەوێ دەست بۆ چوار مادە سەرەتاییەکەی دەستوور ببات. کەس ناتوانێت میللەت و خاکی دەوڵەتی کۆماری تورکیا دابەشبکات.
رۆژنامە عەرەبییەکان
شەرقلئەوسەت
ئەمریکا وێنەی موشەکهاوێژێکى خۆی لە ئیسرائیل بڵاودەکاتەوە و ئێرانیش ئاگاداریی بۆ دەنێرێت
بات راید گوتەبێژى وەزارەتى بەرگریی ئەمریکا – پنتاگۆن- لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردوە جۆبایدنى سەرۆکی ئەمریکا رێگەى داوە بە لوید ئۆستن وەزیری بەرگریی وڵاتەکەى کە وێنەى سەکۆی موشەکهاوێژى جۆری ساد بڵاوبکاتەوە کە دراوە بە ئیسرائیل، ئۆستن جەختى کردوەتەوە ئەو موشەکە تواناى بەرگریی ئاسمانى ئیسرائیل بەهێزدەکات بە تایبەتى لە دواى هێرشەکانى ئەم دواییانەى ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، بەگوێرەى راپۆرتەکە جۆبایدن لە ویلایەتى فلۆریدا لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا رایگەیاندووە رێگەى داوە بە بڵاوبوونەوەى سەکۆی موشەکیی جۆری ساد لە ئیسرائیل بۆ ئەوەى بەرگریی لە خۆی پێبکات.
عەباس عێراقچی لە کۆبوونەوەى رەخنەى توندی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا گرت و رایگەیاندو ئەمریکا رێژەیەکى زۆر چەکى داوە بە ئیسرائیل، ئاگادشریان دەکەینەوە کە ئەو سەکۆیانە ژیانى سەربازەکانمان نەخەنە مەترسییەوە، بەپێچەوانەوە سیستمى موشەکى وڵاتەکەمان لەوپەڕی ئامادەییدان و هەر هەڵەیەک لەوبارەیەوە بکرێت وەڵامی توندمان دەبێت.
سەباح
97% ـى ئامادەکاریی هەڵبژاردنەکان تەواو بوون و 41 تانە و سکاڵا تۆمارکراون
ئەیسەر یاسین گوتەبێژى لیژنەى ناوەندى هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانى کوردستان بە رۆژنامەى سەباحی راگەیاندووە 97%ـى ئامادەکارییەکان تەواوبوون و 41 تانە و سکاڵاش تۆمارکراون کە پەیوەندییان بە رۆژانى بانگەشەى هەڵبژاردنەوە هەیە، 24یان لە سلێمانى و 14 لە هەولێر و لە دهۆکیش سێ سکاڵا تۆمارکراون.
راشیگەیاند، بە هاوکاری شارەوانى ئەو پارێزگایانە سەرجەم ئەو پۆستەرانە لێدەکرێنەوە کە بە پێچەوانەى رێنماییەکانەوە هەڵواسراون و سەرجەمیان سزاى دارایی دەدرێن. باسی لەوەش کردووە، سەرجەم پێداویستییە لۆجستییەکانى هەڵبژاردن گەیشتوونەتە لقەکانى کۆمسیۆن و لە ماوەى 15 بۆ 17ـى مانگدا دابەشدەکرێن، هەروەها گوتیشى تۆمارکردنى ناوى نوێنەرى لایەنە سیاسییەکان، رێکخراوەکانى کۆمەڵی مەدەنى، دامەزراوە میدیایی و رۆژنامەنوسان بەردەوامییان هەیە و باجی تایبەتیان بۆ دەکرێت، راشیگەیاند، هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان لە وادەى خۆیدا ئەنجامدەدەرێت کە دەکەوێتە 20ـى تشرینى یەکەم.
دەستور
لە سەرەتاى خوێندنى ئەمساڵەوە چوار هەزار قوتابی دابراو گەڕێنراونەتەوە قوتابخانەکانیان
وەزارەتى پەروەردەى عێراق لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوە لە سەرەتاى خوێندنى ئەمساڵەوە کە هێشتا کەمترە لە مانگێک بە هەوڵى لیژنە تایبەتەکانیان چوار هەزار قوتابی و خوێندکارى دابڕاویان گەڕاندوەتەوە ناوەندەکانى خوێندن، لە بەیاننامەکەدا هاتووە لیژنەکانیان لە قەزا و ناحیەکان و ناوەندى پارێزگاکان دەستبەکاربوون بۆ گەڕاندنەوەى ئەو قوتابییانەى بە هۆکاری جیاواز لە خوێندن دابڕاون، وەزارەتى پەروەردە بڵاویکردووەتەوە بۆ خوێندنى ئەمساڵ 12 قوتابخانەى نەهێشتنى نەخوێندەواریی و پێنج قوتابخانەى خێرایان کردووەتەوە و داواشی لە کەسوکاری قوتابیەکانیش کردوە کە بۆ ئەو مەبەستە هاوکاریی تەواوى پرۆژەکەیان بن.

عەرەبی جەدید
کڕین و فرۆش بە قیست رێگەیەکە بۆ سپیکردنەوەى پارە و لە عێراق زیادیکردووە
دیاردەى کڕین و فرۆش بە شێوەى قیست لە عێراق بەهۆی خراپى بارى ئابوورى بەشێکى زۆر لە هاووڵاتییانەوە لە بوژانەوەدایە و دانانى زیادە لەسەر ئەو شمەکانەى کە بە قیست دەبرێت هەندێکجار دەگاتە 25% هەرچەندە لەڕووى یاساییشەوە رێگەپێدراو نییە، لە راپۆرتى رۆژنامەکەدا هاتووە بەهۆی کەڵەکەبوونى قەرزەوە رێژەى خۆکوژیی و کێشەى خێزانەکایش لە هەڵکشاندایە.
بەرپرسێکى وەزارەتى ناوخۆی عێراقیش کە ناوەکەى ئاشکرا نەکردووە بە رۆژنامەکەى گوتووە بەهۆی نەدانەوەى قەرزەوە لە کاتى خۆیدا هەندێک لە گروپە چەکدارەکان دەستێوەردان دەکەن و هەڕەشە لە قەرزارەکان دەکەن، یەکێک لە خاوەنى ئەو دوکانانەى کە شمەکى کارەبایی بە قیست دەدەن بە رۆژنامەکەى گوتووە رێژەى زیادە خستەسەر لە 25% تا 30% دەڕوات و پەیوەندیی بە ماوەى گەڕانەوەى قەرزەکەوە هەیە بە قیست، گوتوشیەتى کەفیل و تاپۆی خانوو یان بەڵگەنامەیەک وەردەگرن تا ئەو کاتەى کە قیستەکە بە تەواوەتى دەگەڕێننەوە، ئەحمەد عومەر تائی پسپۆڕی ئابووریش بە رۆژنامەکەى راگەیاندووە بەشێک لەو کارانە بۆ سپیکردنەوەى پارەیە و پەردەیەکە بەسەر ئەو پارانەدا دەدرێت کە نازانرێت سەرچاوەکەى کوێیە و حکومەتیش ئاگاداری ئەو دۆخەیە بەڵام بێدەنگی لێکردووە.