زووم
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
سەندەی تایمز
کچێکى ئێزدى کە داعش رفاندبووى پاش 10 ساڵ بەهۆی ڤیدیۆیەکی تیکتۆکەوە رزگارکرا
رۆژنامەى سەندەى تایمزى بەریتانى باسى رزگارکردنى ئەو کچە ئێزدییە دەکات کە هەفتەى رابردوو لە فەلەستین دۆزرایەوە. ئەوکاتەى کەوتبووە دەستى داعش تەمەنى 11 ساڵ بوو.
رۆژنامەکە نووسیویەتى، ساڵی رابوردوو لەنێو کەرتی غەزەوە لەڕێی تیکتۆکەوە ڤیدیۆیەکی بڵاوکردبووەوە، ئیمۆجییەکی گریانی لەسەر دەموچاوی خۆی داناوە. بە دەم گریانەوە گوتوبووى، بە زۆر براوەتە نێو کەرتی غەزە و داوای کردووە هەرکەس دەتوانێت یارمەتیی بدات، ئەو سوپاسی دەکات. ئەوکاتەی ئەو کچە ئەو ڤیدیۆیەی بڵاوکردۆتەوە، هەرگیز بیری بۆئەوە نەچووووە رۆژێک لە رۆژان لەڕێی ئاژانسی هەواڵگری و درۆنەکانی ئیسرائیلەوە رزگاربکرێت. بەڵام دواجار رزگار کرا، ئەو دەمەی کە گەڕێندرایەوە بۆ نێو خێزانی خۆی 10 ساڵ بوو لە ژیانی دیلیدا بوو.
فاینەنشیەڵ تایمز
پاش 100 ساڵ لە ونبوونی پاشماوەی دوایین هەنگاوەکانی شاخەوانێک لە لوتکەی ئێڤەرست دۆزرایەوە
ئەو کەسەی لە وێنەکەدا دەردەکەوێت جیمی چینی وێنەگری کەناڵەکانی ناشنال جیۆگرافیکە، لە ناو بەستەڵەکەکانی سەر لوتکەی ئیڤەرستەوە لەگەڵ پاشماوەی پێڵاو و گۆرەویی کەسێکدا وێنەی گرتووە، کە تازە کەوتووەتە دەرەوە. ئێستا دەگوترێت ئەو پاشماوانە هیی شاخەوانێکی ئینگلیزین، کە ناوی ئەندرێ ئیرڤینە و بە ساندی ناسراوە. سەد ساڵ پێش ئێستا سەرکەوتووە بۆ سەر ئەو چیایە و ئیدى هەواڵی نەماوە. ئەندرێ لە رۆژی هەشتی حوزەیرانی ساڵی 1924 لەگەڵ هاوکارێکیدا بەناوی جۆرج مالۆری هەوڵیداوە بگات بە بەرزترین لوتکەی ئێڤەرست بەڵام دووایی نەیتوانیوە بگەڕێتەوە.
وۆڵ ستریت جۆرنەڵ
مۆزەخانەیەک پڕە لە پاشماوەی دێرین و هەوڵدەدات بپارێزرێت
زانایان مەترسیی ئەوەیان هەیە ئەو مۆزەخانەیە لەناوبچێت، کە لە نایرۆبییە و پاشماوەی دێرینەی وەهای تێدایە، کە تەمەنی لە چەند ملیۆن ساڵێک زیاترە. ئێستا دەگوترێت ئەگەر دەستی یارمەتیی بۆ درێژ نەکرێت لەناودەچێت.
ئەو کچەی لە وێنەکەدا دەبیندرێت ناوی لوزیا لیکییە. یەکێکە لە بنەماڵەیەکی دێرینی نایرۆبی، بەوە ناسراون کە بەدوای بەبەردبووەکاندا دەگەڕێن و کۆیان دەکەنەوە. ئەو ژنە لە وێنەکەدا دەیبینین لەناو ژورەکانی دواوەی ناو مۆزەخانەی نیشتمانیی نایرۆبیدا کاردەکات. چەندان بە بەردبوو لە دەوری دانراون کە تەمەنیان لە ملیۆنان ساڵ زیاترە و خێزانەکەی ئەوان توانیویانە کۆیان بکەنەوە. باوکی لویزا تاقیگەیەکی بۆ دروستکردوون و باپیریشی کاری تێداکردووە.
عەرەب نیوز
هێزەکانی ئەمریکا چەند بنکەیەکی داعشیان لەنێو سوریا بۆردومان کردووە
هێزەکانی سوپای ئەمریکا لەنێو سوریادا بە فڕۆکە زنجیرەیەک بۆردومانیان بۆسەر چەند بنکەیەکی دیاری داعش ئەنجامداوە.
دەگوترێت ئەو بنکانەی بۆردومان کراون و وێرانکراون ناوەندی پلاندانان و هێرشکردن بوون بۆسەر هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکە. بەگوێرەى هەڵسەنگاندنی سوپای ئەمریکا بۆ ئەم هێرشانە دەگوترێت هێرشەکان ئامانجی خۆیانیان پێکاوە بەبێ ئەوەی زیانی لاوەکی لە خەڵکی مەدەنیی دەوروبەری بنکەکان بکەوێت.
رۆژنامە تورکییەکان
تورکیا
چارەنووسی 200 هەزار پەنابەری سوری لە تورکیا دیارنییە
حکومەتى تورکیا دوا بانگەوازی خۆی بۆ پەنابەرە سورییەکانى نێو وڵاتەکەى کرد، بەگوێرەى بانگەوازەکە ئەو پەنابەرە سورییانەى تاوەکو مانگى داهاتوو ناونیشانی خۆیان لەلای حکومەت تۆمار نەکەن بە قاچاخ هەژمار دەکرێن.
سەرەڕای ئەوەی پەنابەرەکان پێشتر ناویان بە فەرمی لەلاى حکومەت تۆمارکراوە، لەئێستادا ناو و ناونیشانی 200 هەزار پەنابەر دیار نییە یان لەو شوێنە ناژین کە پێشتر ناونیشانىان بە حکومەت داوە.
پێشبینی دەکرێت بەشێکی زۆی ئەو ژمارەیە بەرەو ئەوروپا کۆچیان کردبێت.
ئەکشام
ئەردۆغان دەڵێت، پێویستە پارتە سیاسییەکان بەرەیەکی یەگرتوو دروست بکەن
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا دووپاتی کردەوە، کە درێژکردنی دەستی تەوقە لەلایەن سەرۆکی مەهەپەوە بۆ دەم پارتییەکان بە گرنگ دەزانێت و راشیگەیاند، پێویستە لەنێو پارتە سیاسییەکاندا بەرەیەکی یەکگرتوو و بەهێز دروست بکرێت.
ئەردۆغان راشیگەیاندووە ئەوە شتێکی روونە بە شەڕ و بە تیرۆر تورکیا ناگات بە ئەنجامێک. دەستەبەرکردنی ئاشتى لەنێو وڵات و لە ناوچەکە لە بەرژەوەندی هەموو لایەکە. هاوکات وەک تورکیا بە هەموو شێوەیەک رووبەڕووی تیرۆر دەبینەوە.
یەنیچاخ
ئاک پارتی چیدیکە ناتوانێت ئابووریى وڵات باش بکات
وەزیرێکی پێشوو کە بەرپرسیارێتی ئابووری هەبووە لە رابردوودا رایگەیاندووە ئاک پارتی چیدیکە ناتوانێت ئابووریى وڵات باش بکات.
ئوفوک سۆیلەماز، کە پێشتر وەزیر بووە رایگەیاندووە ئاک پارتی نەیتوانیوە ریفۆڕمی ئابووری بکات و بژێوی ژیانی خەڵک باش بکات و مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینیان بە گوێرەى پێویست نییە.
وا دەبینرێت ئەمجارە باشبونی ئابووری تورکیا لە رێگەى سندوقی هەڵبژارنەوە بێـت.
حوڕییەت
دۆسیەى نارین دەبێتە باسی زنجیرەى (کۆڵانەکانی پشتەوە)
زنجیرەى کۆڵانەکانی پشتەوە یەک لە زنجیرە بەناوبانگەکانى تورکیایە کە ساڵانێکی زۆرە وەرزەکانی بەردەوامە و لە تورکیا و وڵاتانی دەرەوە بینەرێکی زۆرى هەیە.
لە ئەڵقەی نوێی زنجیرەکەدا باس لە چیرۆکی کوشتنى نارینى نۆ ساڵ دەکات لەم رێگەیەشەوە دۆسیەی ونبون و کوشتنى منداڵان لەو وڵاتە دەکاتە رۆژەڤ.
بەگوێرەى زانیارییەکان بۆ وێنەگرتنى بەشێکی زنجیرەکە بە تایبەت لەکاتی گەڕان و پشکنین بۆ کەسی ون بوو یان کوژراو ئەکتەرەکان لەگەڵ تیمی پسپۆڕدا کاریان کردووە. وابریارە رۆژى هەینی ئەڵقە نوێیەکە پەخش بکرێت.
رۆژنامە عەرەبییەکان
شەرقلئەوسەت
بانگەشەى هەڵبژاردن توندتر دەبێتەوە و سودانیش داوا لە کۆمسیۆن دەکات بێلایەن بن
لە سەردانێکیدا بۆ لاى محەمەد شیاع سودانى سەرۆکوەزیرانى عێراق، عومەر ئەحمەد محەمەد سەرۆکى ئەنجومەنى کۆمسیاران و ژمارەیەک لە ئەندامانى کۆمسیۆن باس لە دۆخى هەڵبژاردنەکانى کوردستان کرا و سودانى پێیڕاگەیاندن هەرچى داخوازییەکیان هەیە لەوبارەیەوە حکومەتەکەیان بۆیان جێبەجێدەکات، داواشى لێکردن بێلایەن و شەفاف بن و دادپەروەریی پەیڕەو بکەن لەم هەڵبژاردنانەدا و دەنگدەرانى کوردستانیش لەوە دڵنیابکەنەوە کە کۆمسیۆن بێلایەنی خۆی دەپارێزێت.
بەگوێرەى راپۆرتى رۆژنامەکە، پێشبینى دەکرێت لەم سێ رۆژەى لەبەردەستدا ماوە بۆ بانگەشەى هەڵبژاردن گوتارى لایەنەکان توندتر ببنەوە، لەگەڵ ئەوەشدا جومانە غەلاى لە لێدوانێکى رۆژنامەوانیدا رایگەیاندووە لەرێگەى لقەکانى کۆمسیۆنەوە 26 سەرپێچى و 39 سکاڵا تۆمارکراون. عیماد جەمیل سەرۆکی تیمی راگەیاندنى کۆمسیۆنیش رایگەیاندووە گۆڕانکاریی لە کاتى کۆتایی هاتنی بانگەشەدا دروست نابێت و رۆژى کاتژمێر 12ـى شەوى 15ـى تشرینى یەکەم هەموو جۆرە بانگەشەیەک رادەگیرێت.
سەباح
عێراقچى لەگەڵ سودانى کۆدەبێتەوە و گۆڕانکارییەکانى ناوچەکە تاوتوێ دەکەن
باسم عەوادى گوتەبێژى حکومەتى عێراق رایگەیاند پێگە گرنگەکەى عێراق لە روانگەى جیۆسیاسی و کێشەکانى غەزە و پەڕینەوەى پریشکى جەنگی ئیسرائیل بەرەو لوبنان، تەوەرە گرنگەکانى گفتوگۆى نێوان محەمەد شیاع سودانى و عەباس عێراقچى وەزیری دەرەوەى ئێران دەبێت کە وابڕیارە ئەمڕۆ لە بەغداد بەڕێوەبچێت، بەگوێرەى گوتەکانى باسم عەوادى لەو کۆبوونەوەیەدا ئەگەرەکانى داهاتووى ئەو جەنگە تاووتوێ دەکەن، راشیگەیاندووە عێراق لەژێر باری بەرپرسیارێتى بەرامبەر جیهانى عەرەبی و ئیسلامى نایەتە دەرەوە و بەردەوام پشتیوانى لە گەلانى فەلەستین و لوبنان دەکات و لەو میانەیەشدا بەردەوام لە پەیوەندیدان لەگەڵ سەرۆکى وڵاتانى دونیا و لایەنە پەیوەندیدارەکاندا.
دەستور
بۆ چارەسەرکردنى پیسبوونى هەواى بەغداد لیژنەیەکى فریاکەوتن دروستدەکرێت
سەرۆکوەزیرانى عێراق فەرمانی دەرکردووە بە دروستکردنى لیژنەیەکى وەزاریی تایبەت بە سەرۆکایەتى راوێژکاری وەزارەتى ژینگە بۆ چارەسەرکردنى کێشەى پیسبوونى هەواى بەغداد و نوێنەرایەتى هەریەک لە وەزارەتەکانى نەوت، کارەبا، بەشى هونەرى ئەمانەتى بەغداد و بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگەى پاراستن و چاککردنى ژینگەى بەغداد، بەمەبەستى چارەسەرکردنى پیسبوونى هەوای پایتەخت بە گازی گۆگرد و بڵاوبوونەوەى بونەکەى بە ئاسمانى شارەکە و پارێزگاکانى دەوروبەریدا، بەتایبەتى لە هەردوو رۆژى دووشەممە و هەینى رابوردوودا ئەو بۆنە کێشەى ژینگەیی بۆ هاووڵاتییانى پایتەخت دروستکردبوو، بە گوێرەى راپۆرتى رۆژنامەکە جاروبار بۆنی گۆگرد هەواى شارى بەغداد پیس دەکات و دەگاتە پارێزگاى دیالە و شارەکانى هەرێمى کوردستانیش لەو ئاراستەیەوە، رێکخراوى عێراقى سەوزیش لە راپۆرتێکدا ئاماژەى بەوە کردووە کە بەهۆی بەکارهێنانى ئەو سوتەمەنییانەى کە رێژەى گۆگردى زۆریان تێدایە بەتایبەتى لە دروستکردنى کارەبادا ئەو کێشەیە دروستدەبێت و رێژەى پیسبوونەکەش جاروبار دەگاتە 515% و زیانى گەورە بە منداڵان و بەتەمەنەکان و ئەوانەش دەگەیەنێت کە کێشەى هەناسەدانیان هەیە.
عەرەب
لاهور شێخ جەنگى دەیەوێت کۆتایی بە دەسەڵاتى گەندەڵ بهێنێت
رۆژنامەی عەرەبی لەندەنی لە راپۆرتێکدا بڵاویکردووەتەوە، لاهور شێخ جەنگی بە سەرۆکایەتی لیستی بەرەی گەل، هەڵمەتێکی شۆڕشگێڕانە لە هەردوو زۆنی زەرد و سەوز ئەنجام دەدات و دەیەوێت کۆتایی بە دەسەڵاتی گەندەڵ بهێنێت و داوا لە هاووڵاتیان دەکات بە فراوانی بەشداربن لە هەڵبژاردن.
رۆژنامەی عەرەبی لەندەنی، لە لاپەڕەی یەکەمی بڵاوکراوەی ئەمڕۆیدا، دەربارەی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان دواوە و نوسیویەتی، بەرەی گەل بە سەرۆکایەتی لاهور شێخ جەنگی، هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی بە شێوەیەکی شۆڕشگێڕانە لە هەر دوو زۆرنی زەرد و سەوز ئەنجام دەدات.
رۆژنامەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو، لاهور شێخ جەنگی داوا لە هاووڵاتیان دەکات، بە فراوانی بەشداری هەڵبژاردن بکەن، بۆ ئەوەی گۆڕانکاری لە دەسەڵاتدا بکەن و کۆتایی بە گەندەڵی بهێنن.
بەگوێرەی رۆژنامەکە، لاهور شێخ جەنگی، دروشمی دیموکراسی بەرامبەر دیموکراسی و هێز بەرامبەر هێز بەکاردەهێنێت.
رۆژنامەی عەرەبی لەندەنی باسی لە کەرنەڤاڵەکەی هەولێری لاهور شێخ جەنگی کردووە و دەڵێت، لاهور شێخ جەنگی کاردەکات بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان لەژێر رکێفی هەریەک لە پارتی و یەکێتی دەربهێنێت.
رۆژنامە فارسییەکان
کەیهان
نایەکسانی لە خوێنبایی ژن و پیاودا توندوتیژی دژی ژنان زیاتر کردووە
بە گوێرەی یاسا، خوێنبایی ژن نیوەی خوێنبایی پیاوە و بۆ تۆڵەی خوێنی ژنی کوژراو بە دەستی پیاو، پێبژاردنی نیوەی خوێنی پیاوەکە بەدەستی کەسوکاری ژنی کوژراو مەرجە.
ئەم یاسایە وەک پێشێلکردنی یەکسانی نێوان ژن و پیاو سەیر دەکرێت و هەروەها رێگەپێدانی توندوتیژی دژی ژنان تا ئاستی مردن.
جگە لەوەش نایەکسانی لە خوێنبایی ئەندامەکانی جەستەی ژن و پیاو بەو مانایە دێت کە تا زیاتر زیان بە ژنەکە بگات، تاوانبارەکە پاراستنی یاسایی زیاتر وەردەگرێت.
ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی ئاسایشی ژیانی ژنان کەمتر پارێزراو بێت و دادپەروەری بۆ ژنانی قوربانی رەچاو نەکرێت.
جومهوری ئیسلامی
ناسنامەی زیاتر لە حەوت هەزار منداڵی کرێکار لە تاران تۆمارکراوە
شارەوانی تاران ناسنامەی زیاتر لە حەوت هەزار منداڵی کرێکاری لە تاران تۆمار کرد.
لەو ژمارەیەش نزیکەی دوو هەزار منداڵ بۆ یارمەتیی خوێندن هەڵبژێردراون و دوو هەزار منداڵی دیکەش هەڵسەنگاندنی تەندروستیان بۆ کراوە.
ئەم چالاکییانە بە مەبەستی دەستنیشانکردن و رێنماییکردنی منداڵانی بەهرەمەند و بۆ پێشگرتن لە خراپ بەکارهێنانی منداڵان و یارمەتیدان لە چارەسەرکردنی کێشەکانیان ئەنجام دراون.
ئارمانی ئیمروز
30%ی خەڵکی ئێران لەژێر هێڵی هەژاریدان
بەگوێرەی راپۆرتە نوێیەکان، دۆخی ئابووری ئێران رۆژ لە دوای رۆژ خراپتر دەبێت و ئێستاش هەڕەشەی جەنگ قورسایی لەسەر ژیانی خەڵک داناو.
لە ئێستادا زیاتر لە 30٪ی هاووڵاتیان لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین و 20٪ دیکەش بۆ دابینکردنی ژەمێک خواردن رووبەڕووی کێشەی جددی دەبنەوە.
ئەم دۆخە وایکردووە کە تەنها چینە دەوڵەمەندەکان توانای ئەوەیان هەیە منداڵەکانیان بنێرن بۆ قوتابخانەکان. هەروەها ژمارەی ئەو کەسانەی لەم دوو ساڵەدا وازیان لە خوێندن هێناوە، بە گشتی لە زیادبووندایە و نەخوێندەواری دەبێتە هۆکاری مەترسییە کۆمەڵایەتییەکان و مەیلی ئالوودەبوون به ماددە هوشبەرەکان زیاتر دەکات.
ئاگاه
ژیانی باڵندە کۆچەرەکان لە ئێران لەژێر مەترسیدایە
ئێران وەک گرنگترین شوێنی ژیانی زستانە بۆ باڵندە کۆچەرەکان لە رۆژهەڵاتی ناوین ساڵانە دوو ملیۆن باڵندە کۆچی بۆ دەکەن.
سەرەڕای بارودۆخی کەشوهەوای وشک، نزیکەی لەسەدا پێنجی باڵندە کۆچبەرەکانی جیهان وەرزی زستان لە ئێران بەسەر دەبەن.
بەڵام گۆڕانی کەشوهەوا و پیسبوونی ژینگە بەهۆی پلاستیک و لەناوبردنی شوێنی هێلانەکردنیان، مەترسیی جددی بۆ ئەم باڵندانە دروستکردووە.
پێویستە رێکخراوی پاراستنی ژینگە پلانێکی هەمەلایەنە بۆ دابینکردنی کەشێکی گونجاو بۆ باڵندە کۆچەرەکان جێبەجێ بکات.