زووم..
پلاتفۆڕمی تۆڕی کۆمەڵایەتیی تیکتۆک رایگەیاند، سەدان هەلی کاری لە سەرانسەری جیهان، بەتایبەتی لە مالیزیا هەڵوەشاندووەتەوە، لەبری ئەوە پەنای بردووەتە بەر ژیریی دەستکرد بۆ سەرپەرشتیی کارەکانی.
تیکتۆک، کە لەلایەن کۆمپانیای بایت دانسی چینییەوە خاوەنداری دەکرێت، هیچ روونکردنەوەیەکی نەداوە لەبارەی وردەکاریی پلانەکە و جێگرتنەوەی ژیریی دەستکرد.
گوتەبێژی کۆمپانیاکە دەڵێت، ئامانج لەم بڕیارە پشتیوانیی هەوڵەکانی تیکتۆکە بۆ باشتر سەرپەرشتیکردنی بڵاوکراوەکانی تۆڕەکە لەسەر ئینتەرنێت، ئەویش لەڕێی پشتبەستن بە رێگاچارەی خۆکاری.
گوتیشی، هەوڵ دەدەن بۆ وەبەرهێنانی دوو ملیار دۆلار و کار دەکەن بۆ سڕینەوەی لە سەدا ٨٠ـی ئەو بڵاوکراوانەی دژی یاساکانن، بۆ ئەوەش تەکنیکە خۆکارەکان بەکاردەهێنن.
ئەم راگەیەندراوەی تیکتۆک لە کاتێکدایە، کۆمپانیا گەورە تەکنەلۆجییەکان لە مالیزیا یاسای توندیان بەسەردا سەپێنراوە و داوای مۆڵەتیان لێدەکرێت، بە ئامانجی کەمکردنەوەی تاوانە ئەلیکترۆنییەکان.