رۆژنامە عەرەبییەکان
شەرقلئەوسەت
کەتیبە چەکدارەکانى عێراق هەڕەشەى جەنگى وزە لە جیهان دەکەن
ئەبوعەلى عەسکەری، گوتەبێژى کەتیبەکانى حزبوڵاى عێراقى لە تۆڕی کۆمەڵایەتى ئێکس دەڵێت، هەر هێرشێکى ئیسرائیل بۆ سەر عێراق یان بەکارهێنانى ئاسمانەکەى بۆ هێرشکردنە سەر ئێران وەڵاممان دەبێت و نەک هەر هێرشدەکەینە سەر ئیسرائیل، بەڵکو هێرشدەکەینە سەر بەرژەوەندییەکانى ئەمریکا لە عێراق و وڵاتانى ناوچەکە.
ئەبوعەلى نووسیویەتى، ئێمە دەستپێشخەرى جەنگى وزە ناکەین، بەڵام ئەگەر ئیسرائیل ئەو کارەبکات ئەوا جیهان رۆژانە 12 ملیۆن بەرمیل نەوتى لەدەست دەچێت، یەمەنییەکان کۆنترۆڵی بابولمەندەبیان لەژێردەستدایە و ئێرانیش تەنگەبەرى هورمز.
هەروەها جەختیشى کردووەتەوە لەو میانەیەدا هێرشدەکرێتە سەر چەند وڵاتێکى عەرەبیش کە پێشتر حکومەتى عێراقى بە فەرمی ناوى لێنابوون براخیانەتکارەکان.
عەرەب
ململانێ لەسەر میراتەکەى نەوشیروان مستەفا گۆڕانى گەیاندوەتە کەنارەکانى لەناوچوون
دواى ئەوەى بزووتنەوەى گۆڕان لە بڕیارێکى درەنگوەختدا کشانەوەى خۆی لە حکومەتى هەرێم و خۆجێیەکانى کوردستان راگەیاند، هەندێک بە رزگارکردنى بزووتنەوەکەیان لە چەقبەستوویی ناوهێنا و هەندێکى دیکەش بە تێکدانى پەیوەندییەکانى لەگەڵ هەردوو پێکهێنەرى سەرەکی حکومەت (پارتى و یەکێتى) ناو هێنا.
رۆژنامەکە نووسیویەتى ناکۆکییە ناوخۆییەکانى ئەو بزووتنەوەیە لەوەدا کورت نابێتەوە، بەڵکو درێژدەبێتەوە بۆ کاتى مردنى نەوشیراون مستەفا و بەجێهێشتنى موڵک و ماڵێکی زۆر کە پێش لە مردنى بەفەرمی کردبووى بەناوى کوڕەکانییەوە کە بە ملیارێک دۆلار زیاتر دەخەمڵێنرا و بووە هۆی کێشەیەکى گەورە و دروستکردنى گومان لەسەر مێژوو خەباتى نیوسەدەى خۆی و لەدەستدانى متمانەى خەڵک بەو بزووتنەوەیە.
عەرەبی جەدید
حزبەکەى تاڵەبانى بانگەشەى هەڵبژاردنەکانى پەرلەمانى کوردستانی گەرم ترکردووە
بڕیارە 15ـى ئەم مانگە هەڵمەتى بانگەشەى هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانى کوردستان کۆتایی بێت و لە 20ـى مانگیش دا هەڵبژاردن بەڕێوەبچێت، بە پێچەوانەى خولەکانى پێشووى پەرلەمانى کوردستانەوە ئەمجارە گەرموگوڕیی زۆر بە بانگەشەکانەوە دیارە و یەکێتیى نیشتمانیی کوردستان لە سلێمانی و دەوروبەریەوە دەستىپێکردووە.
رۆژنامەکە نووسیویەتى سەرۆکى یەکێتى کە کوڕی جەلال تاڵەبانییە پشت بە جوڵاندنى هەستى جەماوەری حزبەکەى دەبەستێت و ناسڵەمێتەوە لەناوهێنانى نەیارەکانى بەتایبەتى پارتى کە لەناوچەکانى هەولێر و دهۆک دەسەڵاتدارە.
رۆژنامەکە نووسیویەتى، پارتى وەڵامی بافڵ تاڵەبانى دەداتەوە، بەڵام بەشێوازەکەى خۆی نا، بەڵکو پەنا دەباتە بەر دروستکردنى ڤیدیۆی کورت لە سۆشیاڵ میدیا و بەرنامەى دورودرێژ و راپۆرتى لە تەلەفزیۆنى و بەشێوازی گاڵتە ئامێز هێرشدەکەنە سەرى.
قودسى عەرەبی
نەتەوەیەکگرتوەکان لەبارەى ژنانى دوگیانى غەزەوە هۆشداریی دەدات
نیستور ئوموهانگی، نوێنەرى بەڕێوەبەری سندوقى نیشتەجێبوونى نەتەوەیەکگرتووەکان لە فەلەستین لەبارەى رەوشى ژنانى دووگیانى فەلەستینەوە هۆشداریی دەدات و رایگەیاندووە، لە کۆی 17 هەزار ژنى دووگیان 11 هەزاریان لە لێوارى برسێتیدان، بەگوێرەى راپۆرتى نەتەوەیەکگرتووەکان دۆخى ژنانى غەزە زۆر خراپە لەرووى خۆراک و پەیداکردنى شیر بۆ منداڵەکانیان و پێداویستییە تەندروستییەوە.
راپۆرتەکەى نەتەوەیەکگرتووەکان ئاماژەى بەوەکردووە لە کۆی 17 هەزار ژنى دووگیان لە غەزە لە ماوەى کەمتر لە هەفتەیەکدا نزیکەى چوار هەزاریان منداڵیان دەبێت، ئەوە لە کاتێکدا کە ژێرخانى تەندروستى ئەو شارە زۆر خراپە، بەهۆی بەردەوامی جەنگەکەوە خۆراک ناگاتە خەڵک و بەو هۆیەشەوە رۆژانە دەیان کەس گیان لەدەستدەدەن، کە زۆرینەیان ژن و منداڵن.
راپۆرتەکە ئاماژەى بەوەشکردووە 96% ـى دانیشتووانى غەزە برسییانە و خۆراکی رۆژانەیان دەستناکەوێت.
رۆژنامە فارسییەکان
روزگار
ئێران لە پلەی یەکەمی سەرچاوەی نەوت و غازی جیهاندایە
ئێران بە 160 ملیار بەرمیل نەوت، چوارەم خاوەنی گەورەی نەوتی جیهانە لە دوای ڤەنزوێلا، سعودیە و کەنەدا.
هەروەها ئێران خاوەنی 32 ترلیۆن مەتر سێجا یەدەگی غازە کە دەکاتە 17%ـى یەدەگی غازی جیهان.
لە کۆی هەردوو یەدەگی نەوت و غازدا ئێران پلەی یەکەمی جیهانی هەیە و خاوەنی 73 کێڵگەی نەوت و غازە، کە زیاتر لە نیوەیان تائێستا دەستیان لێنەدراوە.
ئەبراری ئیقتسادی
بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی جلوبەرگی زستانە نیگەرانییەکانی خەڵک زیادی کردووە
بە هاتنی وەرزی پاییز و نزیکبوونەوەی زستان، کڕینی جلوبەرگی زستانە بووەتە نیگەرانییەکی جددی بۆ خێزانەکان و بەرزبوونەوەی بێ وێنەی نرخ، لە پاڵتۆ و چاکەتەوە تا پێڵاو و کڵاو، فشارێکی زۆری خستووەتە سەر گیرفان و بژێوی خەڵک. بەجۆرێک کە نرخی قەمسەڵە نزیکەی 250 دۆلاره، کە بەراورد بە داهاتی خەڵک زیاتر لە نیوەی داهاتی مانگێک دەکات.
هۆکارەکانی ئەم بەرزبوونەوەی نرخە بریتین لە هەڵاوسان و بەرزبوونەوەی نرخی ئاڵوگۆڕی دراو، کە دەبێتە هۆی دابەزینی کوالیتی ژیان و زیادبوونی جیاوازی چینایەتیو خەڵک ناچارن جلوبەرگی دەستی دوو بکڕن.
سایه
پێویستە بەشداریی ژنان لە بەڕێوەبردنی سەرچاوە ئاوییەکاندا زیاد بکرێت
بەشداری ژنان لە پارێزگاریی سەرچاوە ئاوییەکان یارمەتیدەرە بۆ زیادکردنی هۆشیاری لە بەڕێوەبردنی ئاو و باشترکردنی بڕیاردان لە دامەزراوەکانی ئاودا.
ئاوی ژێر زەوی 97%ـى ئاوی شیرینی جیهان پێکدەهێنێت و دابینکەری سەرەکی ئاوی خواردنەوە و کشتوکاڵییە، بەڵام قەیرانی کەمبوونەوەی ئاوی ژێر زەوی کێشەی وەک پیسبوون و مەترسی لەسەر ئاسایشی خۆراک دروستکردووە. فاکتەرە مرۆییەکان رۆڵێکی گرنگ دەگێڕن لە کەمکردنەوەی ئەم سەرچاوانە، بەڵام ئەو توێژینەوانەی که باس لە لایەنە کۆمەڵایەتی و جێندەرییەکانی بەڕێوەبردنی ئاویان کردبێت زۆر دەگمەنن.
ژنان بەهۆی زۆر بەکارهێنانی ئاو پێویستە لە سیاسەتی ئاویدا بەشداربن و توانای هەموو کۆمەڵگا بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی ئاو بەکاربهێنرێت.
مەردوم سالاری
144 هەزار ئالوودەی مادەی هۆشبەر لە ئێران کۆکرانەوە
لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا زیاتر لە 144 هەزار ئالوودەبووی مادە هۆشبەرەکان لە شارەکانی ئێران کۆکراونەتەوە.
لەم ماوەیەدا 196 تۆن جۆری جیاوازی مادەی هۆشبەر دۆزراونەتەوە و هەروەها 84 هەزار فرۆشیاری مادەی هۆشبەریش دەستگیرکراون، کە 910 باندیان پێکهێنابوو.
زیاتر لە 80%ـى ئەو دەرمانانەی دۆزراونەتەوە پەیوەندییان لە پارێزگاکانی سنووری ئەفغانستان و وڵاتانی کەنداو بوون.
رۆژنامە تورکییەکان
ئەکشام
ئەڵمانیا 40 فڕۆکەى پێشکەوتوو بە تورکیا دەدات
ئۆلاف شۆڵتز، راوێژکارى ئەڵمانیا رەزامەندی دەربڕی بە فرۆشتنى 40 فڕۆکەى پێشکەوتووی جەنگی بە تورکیا.
پێشتر ئۆلاف لەدژى فرۆشتنى فڕۆکە بوو بە تورکیا، بەڵام لەئێستادا رەزامەندی دەربڕێیوە 40 فڕۆکەى پێشکەوتووى دروستکراوی وڵاتەکەى کە بە ئیرۆفایت ناسراوە بە تورکیا بفرۆشێت.
بەگوێرەى زانیارییەکان رێکارە تەکنیکییەکانی رادەستکردنی فڕۆکەکان سێ هەفتە دەخایەنێت.
ئاکیت
کۆچبەری نایاسایی پرسێکی جیهانییە
عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا رایگەیاند، روبەڕووبونەوەى کۆچبەرانی نایاسایی و پرسی کۆچبەران پرسێکی جیهانییە. یەک لەو پرسە جدییانەیە کە لەپێچ زۆربەی پرسەکانی دیکەوە کاری لەسەر دەکرێت.
یەرلیکایا راشیگەیاند، تاوەکو چواری تشرینی ئەمساڵ تورکیا سێ ملیۆن و 89 هەزار و 904 پەنابەری سووری تائێستا لەو وڵاتە ماونەتەوە.
سۆزجو
سەرۆکی جەهەپە دەڵێت، نزیکبووینەتەوە لەوەى دەسەڵات بگرینە دەست
ئۆزگور ئۆزال، سەرۆکی گشتیی جەهەپە رایگەیاند، گەورەترین کێشە کە رووبەڕووی شارەوانییەکانی جەهەپە بووەتەوە پرسی بێکارییە بێکارییە.
ئۆزال راشیگەیاندووە نزیکبووینەتەوە لەوەى دەسەڵات بگرینەدەست و لەئێستاوە ئامادەکاری بۆ ئەوە دەکەین لەنێو چین و توێژەکانی کۆمەڵگەى تورکیا بگەینە کۆ دەنگییەک بۆ ویستی ئەنجامدانی هەڵبژاردنى پێشوەختە کە لە ئاست چاوەڕوانییەکانی گەل و چارەسەر کردنی کێشەى خەڵک بێت بەتایبەتی کێشەى بێکاریی.
یەنیچاخ
نرخی گۆشت لە تورکیا گرانە
نرخی گۆشت لە قەسابخانەی گشتیی بە 136 لیرە دەفرۆشرێت لە مارکێتەکانیش بە 550 لیرە بە هاووڵاتیان دەفرۆشرێت.
حەسەن ئۆزتورک پەرلەمانتاری جەهەپە لە بازنەى دیلۆک، بەهۆی گرانی نرخی گۆشتەوە هاووڵاتیان ناتوانن بە گوێرەى پێویست گۆشت بخۆن، گوتیشی هەناردەی گۆشت لە دەرەوە نەیتوانیوە نرخی گۆشت دابەزێنێت.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
دەیلی تەلەگراف
یەکێتیی ئەوروپا لە پشکنینی پەنجەمۆری سەرسنوورەکان پاشگەز دەبێتەوە
یەکێتیی ئەوروپا، ئەو یاسا نوێیەی هاووڵاتییانی بەریتانیای ناچار دەکرد پەنجەمۆر بکەن و بایۆمەتری دەموچاو پێشکەش بکەن، بۆئەوەی بتوانن بچنە نێو سنووری وڵاتانی ئەوروپاوە، بۆ کاتێکی نادیار دوایخست.
یاساکە بڕیاربوو لە 10ـى مانگى داهاتوو بخرێتە کار، بەڵام بۆ جاری سێیەم دواخرا و هیچ وادەیەکیش بۆ جێبەجێکردنی دیاریی نەکراوە.
ئەمەش لەکاتێکدایە کیە ستامەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا ماوەیەکە کار بۆ ئەوە دەکات بەریتانیا لەو یاسایە دەربکرێت.
گاردیەن
چەکی ئەمریکا لە بۆردومانەکەی ئیسرائیل بۆسەر بەیروت بەکارهاتووە
بەهۆی دۆزینەوەی ساچمەیەک لەو شوێنەی هێرشێکی ئیسرائیل ناوچەیەکی بەیروتی پایتەختی لوبنانی لە رۆژی پێنجشەممەدا بەئامانجگرت و بووە هۆی کوشتنی 22 کەس و بریندارکردنی 117 کەسی دیکە، دەرکەوتووە ئەو چەکەی ناوەڕاستی شارەکەی کردووەتە ئامانج دروستکراوی ئەمریکایە.
هێرشەکە بۆسەر باڵەخانەیەک لە ناوچەیەکی چڕی شارەکە ئەنجامدراوە و بە کوشندەترین هێرش دادەنرێت لەسەرەتای دەستپێکردنی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حزبوڵا ساڵێک لەمەوبەر.
ئەو چەکەی بەکاریش هاتووە بۆمبێکی ئەمریکی بووە کە کێشەکەی 900 کیلۆگرام بووە ئیسرائیل خۆی سیستمی جی پی ئێسی بۆداناوە بۆ ئەوەی ئامانجەکەی بپێکێت.
عەرەب نیوز
بەغداد دووبارە خۆی وەک ناوچەیەکی گەشتیاریی مێژووی زیندوودەکاتەوە
دوای چەندین دەیەک لە شەڕ، هێرشی ئاسمانیی، هێرشی خۆکوژی و تەقینەوەی ئۆتۆمبێل، بەغداد لە هەوڵدایە دووبارە سەرنجی گەشتیاران بۆ ناوچە مێژووییەکانی خۆی رابکێشێتەوە. لە ساڵی 2017ـەوە لەدوای تێکشکاندنی داعش، دۆخێکی سەقامگیری ناسک لە عێراقدا دروستبووە و ئەمەش رێگەخۆشکەر بووە بۆ پایتەختی وڵاتەکە بۆئەوەی ناوچە مێژووییەکانی خۆی بونیاد بنێتەوە.
پرۆژەکە لەلایەن پرۆفیسۆر و خوێندکارێکی زانکۆوە ئەنجام دەدرێت، تێیدا گەشتیاران بەپیادەیی سەردانی ناوچە گەشتییارییە مێژووییەکان دەکەن.
ساوس چاینە مۆرنینگ پۆست
دیاردەی دزییکردن لە گەشتە ئاسمانییەکان بۆ هۆنگ کۆنگی چین بەڕێژەی 164% زیادی کردووە
دیاردەی دزیکردن لەنێو ئەو فرۆکانەی بەرەو هەرێمی هۆنگ کۆنگی چین دەڕۆن بەرێژەی 164% زیادی کردووە و لە دیارترین رووداویشدا هاوڵاتییەکی سویسری کاتژمێرێکی دەستیی لێدزراوە، کە نرخەکەی زیاتر لە 535 هەزار دۆلار بووە.
دیاردەکە بەشێوەیەک زیادی کردووە، تەنها لە هەشت مانگی یەکەمی ئەمساڵدا 132 حاڵەت تۆمارکراوە و ئەو ژمارەیەش زۆر زیاترە لەو حاڵەتانەی لە تەواوی ساڵی رابردوودا تۆمارکراون.