زووم…
ئەنجومەنی پاڵپشتی لە لیستی بەرەی گەل لە دەرەوەی وڵات بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و پشتگیری خۆی بۆ لیستی بەرەی گەل راگەیاند و دەڵێت، هەڵبژاردنی ئەمجارە دەرفەتێکی گەورەیە و “پێمانوایە بەرەی گەل بە رابەرایەتی لاهور شێخ جەنگی، ئەو هێزەیە کە دەتوانێت سنوورێک بۆ ئەو دوو حزبە نابەرپرسەی هەرێمی کوردستان دابنێت.”
ئەنجومەنەکە، کە پێکهاتوون لە لێپرسراو و ئەندامانی ڕێكخستنەكان و ڕێكخراوە دیمكراتییەكان و ڕایەڵەكانی یەكێتی و گۆڕان و كەسوكاری شەهیدان، پێشمەرگە دێرینەكان، ڕێكخستنە دێرینەكان، كەمئەندامانی سەنگەر، زیندانیانی سیاسی، ژنانی شاخ و توێژی گەنجانی هەرێمی كوردستان لە تاراوگە، دەڵێت 32 ساڵە یەکێتی و پارتی دۆخێکی نالەرباریان بەسەر خەڵکی هەرێمی کوردستاندا هێناوە و بە ئامانجی گۆڕانکاریی ریشەیی لە حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستان، ” بە ئەركی سەرشانی خۆمانی دەزانین كە دەنگمان بخەینە پاڵ دەنگی بەرەی گەل و سەرۆكی لیستی بەرەی گەل لاهور شێخ جەنگی.”
دەقی بەیاننامەکەی ئەنجومەنی پاڵپشتی لیستی بەرەی گەل لە دەرەوەی وڵات
ئێمە وەك بەشێک لە (لێپرسراوو ئەندامانی ڕێكخستنەكان و ڕێكخراوەدیمكراتیەكان و ڕایەڵەكانی یەكێتی و گۆڕان و كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان، پێشمەرگە دێرینەكان، ڕێكخستنە دێرینەكان، كەمئەندامانی سەنگەر، زیندانیانی سیاسی، ژنانی شاخ و توێژی گەنجانی هەرێمی كوردستان لە تاراوگە) خۆمان بە بەرپرسیار دەزانین بەرابەر بەم دۆخە نالەبارەی كە سی و دوو ساڵە دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان بەسەر خەڵكی هەریمیاندا هێناوە لە كاتیكدا ئێمە وەك خەباتگێڕانی ڕۆژگارە سەخت و تاریكەكانی گەلەكەمان خۆمان بە خاوەنی ئەو مافە دەزانین کە چیتر رێگە نەدەین خەبات و خوێنی ئێمە و هەموو خەباتگێرانی گەلەکەمان زیاتر بە لاڕیدا ببرێ و مەبەستمانە سنورێک بۆ ئەو بەدکاریانەی حزبەکانی دەسەڵات ، پارتی و هاوپەیمانەکەی کە یەکێتییە، دابنرێ.
ئێمە لەم وێستگە گرنگەی گەلەكەماندا كە لە باشوری كوردستان هاتوەتە ئاراوە و لە ڕۆژی ٢٠ی ئۆكتۆبەری ٢٠٢٤ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان ئەنجامدەدرێت، دەرفەتی گەورە لەبەردەم خۆمان و گەلەکەماندا دەبینین .
هەر بۆیە وەك بەشێكی گرنگ و بەرچاوی كوردانی تاراوگە بە ئەركی سەرشانی خۆمانی دەزانین كە دەنگمان بخەینە پاڵ دەنگی بەرەی گەل و سەرۆكی لیستی بەرەی گەل كاك لاهور شێخ جەنگی، وە داوا لە سەرجەم خوشك و برایانمان دەكەین كە دانیشتوی تاراوگەن خۆیان و كەسوكاریان لە باشوری كوردستان ئاگادار بكەنەوە كە بەجۆش و خرۆشەوە بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بكەن و دەنگ بەلیستی ١٦٩ی بەرەگ و كاندیدەكانی بدەن بە ئامانجی گۆڕانكاری ڕیشەیی لە حوكمڕانی داهاتووی هەرێمی كوردستاندا.
ئێمە پێمان وایە بەرەی گەل بە رابەرایەتی لاهور شێخ جەنگی، ئەو هێزەیە کە دەتوانێ سنورێک بۆ ئەو دوو حزبە نا بەرپرسەی هەرێمی کوردستان دابنێ و ئەرکێکی لەوجۆرە کە سەختە ئاسان نییە، تەنهاو تەنها بە بەرەی گەل دەکرێ.
ئەنجومەنی پاڵپشتی لیستی بەرەی گەل لە دەرەوەی وڵات (تاراوگە)
١١ ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤