زووم..
بە سەرپەرشتی و نێوەند گیری نوێنەری کۆماری ئیسلامی ئێران لیژنەیەکی هاوبەش بۆ کۆنترۆڵکردنی پەیوەندییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی پێکهێنراوە و پێیان راگەیەندراوە پێویستە لە دوای هەڵبژاردن بە زوویی پێکەوە دابنیشن.
سەرچاوەیەکی ئاگادار بە زوومی راگەیاند، کۆماری ئیسلامی ئێران لەڕێی نوێنەرێکی تایبەتەوە، سەردانی بەرپرسانی باڵای پارتی و یەکێتی کردووە و پێی راگەیاندون کۆماری ئیسلامی رێگەیان نادات بەهۆی هەڵمەتی توندی نێوانیان بۆ هەڵبژاردنەکان پەیوەندی نێوانیان بگاتە بنبەست و پێویستە لە دوای هەڵبژاردن، بە زوویی پێکەوە دابنیشن و بۆ ئەو مەبەستەش داوایکردووە لیژنەیەکی هاوبەش لەنێوانیان دروست بکرێت.
سەرچاوەکە ئەوەشی بە زووم راگەیاند، ئەو نوێنەرەی ئێران، کە ئاغای ئەسەدییە، لە پارتی نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی و فازڵ میرانی بینیوە و لە یەکێتیش بافڵ تاڵەبانی و عیماد ئەحمەد و خەسرۆ گوڵ محەمەدی بینیوە.
بە گوێرەی زانیارییەکانی زووم، هەردوولا پابەندی خۆیان بە رێنماییەکانی نوێنەرەکەی کۆماری ئیسلامی دەربریوە و وابڕیارە بەمنزیکانە دوور لە چاوی میدیاکان شاندێکی نێوان هەردوو حزب لە بارەگای کونسوڵخانەی ئێران لە هەولێر کۆبوونەوەیەک ساز بکەن.
ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی بە زووم راگەیاند، نێوندگیرییەکەی ئێران لەسەر ویست و خواستی یەکێتی بووە و بە ئێرانییەکانیان راگەیاندووە، پێویستە هاوکاریان بن بۆ دەستبەکاربوونەوەی قوباد تاڵەبانی لە ئیشوکارەکانی دوای کۆتایی هاتنی هەڵبژاردنەکانی ٢٠ـی ئەم مانگە.