زووم..
یوئاڤ گالانت وەزیری بەرگریی ئیسرائیل جەختیکردەوە، هێرشێکی “کتوپڕ و کوشندە”، بۆ سەر ئێران ئەنجام دەدەن، ئەوەش لە کاردانەوەى هێرشە مووشەکییەکانى سەرەتاى ئەم مانگەى ئێران بۆ سەر ئیسرائیل.
ماوەیەکە قسە و باسەکان سەبارەت بە سروشت و چۆنییەتى ئەو هێرشەى ئیسرائیل بۆ سەر ئێران زیادیکردووە، شیکردنەوەى زۆرى بۆ دەکرێت، پرسیارى ئەوەش دەکرێت ئایا هێرشەکانى ئیسرائیل بۆ قووڵایی ناوخۆی ئێران دەبێت، یان نا؟
گالانت پێشتر رایگەیاندبوو، ئێوە ئەو هێرشانەتان بینی، کە ئێرانییەکان کردیانە سەر ئێمە، بەڵام هێرشەکان “شکستیان هێنا”، چونکە هێرشی “ورد نەبوون”.
راشیگەیاندبوو، بەڵام هێرشەکەى “ئێمە کوشندە و ورد و لە سەرووی هەموو چاوەڕوانییەکەوە دەبێت”، هەروەها جەختیشیکردەوە، هێرشەکە بە شێوەیەک دەبێت، ئەوان تێناگەن “چی روویداوە و چۆن بووە”.
بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی، کە ئیسرائیلییەکان بە دەگمەن زانیاری لەبارەی مەبەستە سەربازییەکانیانەوە ئاشکرا دەکەن، ئەگەری زۆرە پەیامەکەی گالانت ئاراستەی ئێران بووبێت، بەڵام مەبەست لێی ئەمریکایە، کە داوا لە ئیسرائیل دەکات زیادەڕەوی لە کاردانەوە و هێرشەکان نەکات.
بە گوێرەى راپۆرتە میدیاییەکان، بۆ ئەوەی ئیسرائیل ئەرکی خۆی بە ئەنجام بگەیەنێت، لیستێکی بەرفراوانی ئامانجەکانی لەنێوخۆی ئێراندا ئامادەکردووە، کە لە سەرووى هەموویانەوە بە ئامانجگرتنى ئەتۆمییەکانى ئەو وڵاتەیە.
یەکێکى تر لە ئامانجەکانى ئیسرائیل لەنێو خاکى ئێراندا، بە ئامانجگرتنی پیشەسازی نەوتی ئێرانە، بە بۆردومانکردنی دامەزراوە نەوتییەکان لە کەناراوەکانی کەنداوى عەرەبى.
هەروەها سیناریۆیەکى تر بە ئامانجکردنی بنکە سەربازییەکانی ئێرانە، یان تەنانەت تیرۆرکردنی کەسایەتییەک، کە پلەى بەرزى هەیە لەنێو سوپاى پاسداران و دامەزراوەکانى دیکەى تاران.
جگە لەوانەش ئەگەرى دەستپێکردنی هێرشێکی ئەلیکترۆنی گەورە، کە بەرنامە ئەتۆمییەکەى ئێران بە ئامانج بگرێت، یەکێکى دیکەیە لە بژاردەکانى تەلئەبیب دژى تاران.
لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا، هێشتا دەرگای قسە و باسەکان سەبارەت بە وەڵامدانەوەی ئیسرائیل و دەرئەنجامەکانی بە کراوەیی دەمێنێتەوە تا بنیامین ناتانیاهۆ فەرمانی ئەنجامدانی هێرشەکە دەدات.