زووم..
فەرماندەی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکان رایگەیاند، لە هێرشێکدا بۆ سەر چەکدارانی داعش تۆڵەی ئەو سەربازانەیان کردەوە، کە لە پارێزگای کەرکوک لەلایەن چەکدارانی داعشەوە کوژران و بریندار بوون.
ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکان لە راگەیەندراوێکیدا دەشڵێت، لەسەر بنەمای زانیاری وردی هەواڵگری و سەرپەرشتی هێزەکانیان، بە پشتیوانی هێزی ئاسمانی لەڕێی فڕۆکەی ئیف-١٦وە، هێرشی ئاسمانیان کردوەتە سەر مۆڵگەیەکی چەکدارانی داعش لە ناوچەی عەیس لە سنوری ئۆپراسیۆنەکانی سەڵاحەدین.
دەشڵێت، ئەو مۆڵگە بە ئامانج گیراوە، شەش چەکداری داعشی تێدا بووە و بەتەواوی لە ناوبراوە و چەکدارەکانیان کوشتووە.
ئەوەش لەکاتێکدایە کە رۆژی ٢ی ئەم مانگە شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراق رایگەیاندبوو، لە پارێزگای کەرکوک بەهۆی هێرشێکی داعشەوە چوار سەربازیان کوژراوە و سیانی دیکەشیان بریندار بوون.