زووم..
بە گوێرەی خشتەی وەزارەتی دارایی دەبوو ئەمڕۆ خانەنشینانی هێزەکانی حەفتا مووچە وەربگرن، بەڵام بەهۆی بەردەوامیی کێشەکانیان، مووچەیان پێنەدرا.
لەگەڵ رووناکی بەرەبەیان ژمارەیەکی زۆر لە خانەنشینانی هێزەکانی حەفتا لە سلێمانی چوونە بەردەم بانکەکەیان، بۆ وەرگرتنی مووچەی مانگی هەشت، بەڵام پێیان گوترا پارەی مووچەیان بۆ نەهاتووە.
جێگری بەڕێوەبەری خانەنشینی پێشمەرگە بە زوومی گوت، هەفتەی داهاتوو، خانەنشینانی هێزەکانی 70 مووچە وەردەگرن.
گوتیشی، ئەو مووچەیەی بۆ خانەنشینانی هێزەکانی 70 تەمویل دەکرێت لە لایەن بەغدادەوە، بڕەکەی سێ ملیار دینارە.
هاوکات، گەنجینەی دووی سلێمانی بە زوومی راگەیاندووە پارەکە تەمویل نەکراوە و تائێستا کێشەکە چارەسەرنەکراوە.
هەرچەندە بە خانەنشینەکان گوترا، ئەمڕۆ مووچە وەرناگرن، بەشێکیان بۆ ماوەیەک لە چاوەڕوانیدا مانەوە، بەڵام دوای بێهیوابوون، گەڕانەوە ماڵەوە.
خانەنشینانی یەکەی 70 ژمارەیان زیاتر لە نۆ هەزارە، تاوەکو ئێستا نەخراونەتە سەر بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی خانەنشین لە وەزارەتی دارایی و ئابووری.