زووم..
رۆژنامە فارسییەکان
کەیهان
سێ هەزار زانای سوننەمەزهەب پشتیوانییان لە هێرشی دژی ئیسرائیل کردووە
لە نامەیەکدا بۆ عەلی خامنەیی رێبەری ئێران، سێ هەزار زانای سوننە، سوپاس و ستایشیان ئاراستەکردووە، لەبەرامبەر هێرشی موشەکیی سوپای پاسداران دژی ئیسرائیل.
لەم نامەیەدا زانایانی سوننە ئەو هێرشەیان بە وەڵامێک بۆ تووڕەیی ئومەتی ئیسلامی و سوپاسگوزاری ئیلاهی ناوبردووە، کە ئاسوودەیی بۆ دڵە خەمگینەکانی موسڵمانان و گەلی فەلەستین هێناوە.
زانایانی سوننە هەروەها سوپاس و پشتیوانی خۆیان بۆ هێزە چەکدارەکانی ئێران و سوپای پاسداران دەربڕی.
مەردوم سالاری
چیتر ئێران پێویستی بە گەنمی هاوردە نییە
جێبەجێکاری پلانی خۆژێنیی گەنمی ئێران رایگەیاند، رێژەی هاوردەکردنی گەنم گەیشتووەتە ئاستی سفر.
سۆهراب سۆهرابی هیوای بۆ بەردەوامیی بەرهەمهێنانی ئەم بەرهەمە ستراتیجییە دەربڕی و ئاماژەی بە گەرەنتی کڕینی گەنمی زیادەی جووتیاران کرد.
سۆهرابی گوتی: لە سێ ساڵی رابردوودا ئێران گەیشتە خۆژێنی لە گەنمدا، ئەمەش بەهۆی بەکارهێنانی شێوازی سەردەمییانە و پەرەپێدانی سیستەمی نوێی ئاودێری و بەکارهێنانی تۆوی باشتر بووە.
لە سێ ساڵدا بەرهەمی گەنمی ئەو وڵاتە لە ٩ ملیۆن تۆن بۆ ١٥ ملیۆن تۆن زیادی کردووە.
ئەفکار
لە کرماشان 130 قوتابخانە لە قۆناغی دروستکردندان
بەڕێوەبەری گشتیی نۆژەنکردنەوە و پەرەپێدانی قوتابخانەکانی پارێزگای کرماشان، دروستکردنی 130 قوتابخانەی لەو پارێزگایە راگەیاند کە بەشێکیان لە دوورترین ناوچە گوندنشینەکان هەڵکەوتوون.
مەرزبان نەزەری، ئامانجی ئەم کارەی بە دادپەروەری پەروەردەیی و زیادکردنی پانتایی پەروەردەیی بۆ سەرتاسەری ئێران زانی و گوتی: لە دوو ساڵی رابردوودا 107 قوتابخانەی کانتینێر کۆکراونەتەوە و قوتابخانەی نوێ جێگەیانی گرتووەتەوە.
ناوبراو لەگەڵ ئاماژە بە کەمبوونی قوتابخانه لە هەندێک شاری وەک قەسری شیرین و جوانڕۆ دەڵێت: لەگەڵ زیادبوونی رێژەی دانیشتوان و زیادبوونی قوتابیان، قوتابخانەی زیاتر پێویستە .
ئەبرار
26%ـی گەنجانی ئێران نە دەخوێنن نە بە دوای کاردا دەگەڕێن
بەگوێرەی داتاکانی ناوەندی ئاماری ئێران، 26٪ی گەنجانی تەمەن 15 بۆ 4 ساڵان، بەدوای خوێندن یان راهێنانی کارامەیی و کاردا نین.
لە کۆی 11 ملیۆن دانیشتووانی لەم تەمەنەدا، نزیکەی دوو ملیۆن و 823 هەزار کەس بێکار بوون.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
تایمز
رەنگە قەیرانەکان کابینەکەی ستامەر پەک بخات
رەنگە ئەو بڕیارەی ستامەری سەرۆکوەزیران کە بۆ لە کارخستنی بەڕێوەبەری دەستەی کارگێڕیی ئەنجومەنی وەزیران دەریکردوە، گرفتی رەگاژۆی ئەنجومەنەکەی چارەسەر نەکات، کە لە شێوازی ئیدارەدانی ئەنجومەنەکەیدا هەیە، لەم رووەوە هۆشداریی راستەوخۆشی پێدراوە.
بۆیە سەرۆکوەزیران هەوڵدەدات بە دوورخستنەوەی سوو گرێی گرفتەکان چارەسەر بکات، ئەگەرچی سێ مانگی رابردووی دەستەڵاتەکەی ئەم ژنە بە شەڕ و ئاژاوە گوزەری کردووە. ئێستا هەوڵدەدرێت ئەو لاببرێت و مۆرگەن مەکسوینی لە شوێنەکەیدا بکرێت بە کارگێڕ، چونکە مۆرگەن لە کاتی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکاندا زۆر هاوکاریی پارتی کرێکارانی کردووە.
گاردیەن
ئازاری هێرشی حەوتی ئۆکتۆبەر هەرگیز لەیادناچێت
ساڵێک پێش ئێستا لە پەلامارەکەی 7ـی ئۆکتۆبەردا، نزیکەی 400 گەنجی ئیسرائیلی لەنێو گۆڕەپانی فێستیڤاڵی مۆسیقیی نۆڤادا کوژران. دوێنێ بۆ جارێکی تر ماتەمگێڕانی ئەو کارەساتە لە شوێنی ئەنجامدانی فێستیڤاڵەکەدا کۆبوونەوە بۆئەوەی یادی قوربانییەکان بکەنەوە. هاوکات لەگەڵ بۆنەی یادەکەدا دەنگی ئەو تۆپ و موشەکانەش دەبیستران، کە سەربازەکان لە غەزە دەیتەقێننەوە.
عەرەب نیوز
حوسییەکان 48 کەسیان دەستگیرکرد یادی شۆڕشی کۆمارییان کردووەتەوە
بەرپرسێکی باڵای حکومی لە نێو ئەو 13 کەسەدایە، کە لەپارێزگای ئیب لەلایەن حوسییەکانەوە دەستگیرکران، ئەم کەسانە لە نێو ئەو پارێزگایەدا بە بۆنەی ساڵرۆژی شۆڕشی ساڵی 1962 ئاهەنگیان گێڕاوە، بەڵام حوسییەکان دەستگیریان کردوون، پێیانوایە نابێت ئەو شۆڕشە یادی بکرێتەوە.
خالید ئەلقەریزی جێگری وەزیری رۆشنبیریی یەمەن، لە ماڵەکەی خۆیەوە براوەتە دەرەوە، جگە لەو، 8 کاربەدەستی تریش هەن کە لەسەر یادکردنەوەی 62ـهەمین ساڵڕۆژی شۆڕشی کۆماری دەستگیرکراون. بە بەندکردنی ئەم کەسانە ژمارەی ئەو کەسانەی لەماوەی یەک هەفتەدا لەلایەن حووسییەکانەوە دەستگیرکراون دەگات بە 48 کەس.
فاینەنشیەڵ تایمز
ترەمپ دەیەوێت لە ئێستاوە تیمی وەرگرتنی دەسەڵات ئامادە بکات
فاینەنشیەڵ تایمز: سەرۆکی تیمی ئاڵوگۆڕی دەسەڵات تایبەت بە دۆناڵد ترەمپ دەڵێت، پێویستە ستافی کۆشکی سپی لە ئێستاوە وەفاداریی خۆیان بەرامبەر بە ترامپ پیشان بدەن.
سەرۆکی تیمەکەی ترەمپ بۆ ئاڵوگۆڕپێکردنی دەسەڵات، لە ئێستاوە هۆشداری دەدات بەو کەسانەی کە راسپێردراون لە ئیدارەی داهاتووی سەرۆکی ئەمریکادا کاربکەن، دەبێت وەفاداربوونی خۆیان بەرامبەر بە ئیدارەکەی ترەمپ بسەلمێنن.
هاوارد لاتنیک سەرۆکی تیمەکەیە، بە رۆژنامەی فاینەنشیەڵ تایمزی گوتووە، کە بەرنامەکەی ترەمپ وایە بە خێراییەک بکەوێتە کارکردن کە لە پێش ئەوەوە کەسی تر نەیتوانیبێت بەو خێراییە کاربکات. ئەگەر هەڵبژێردرا، ئەم بەڵێنەی جێبەجێ دەکات، بۆیە دەبێت لە ئێستاوە تیمی کۆشکی سپییش ئامادەبن.
رۆژنامە عەرەبییەکان
سەباح
هێزەکانی عێراق ئامادەن بۆ بەرگری لە وڵات
لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، تەواوی هێزەکانیان ئامادەن بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر هێرشێکی دەرەکی و هەوڵی پێشێلکاری دژی سەروەریی عێراق.
محەمەد رەسول رەمیسی، ئەندامی لیژنەکە بە رۆژنامەی سەباحی راگەیاند، لەگەڵ بەرپرسە سەربازییەکان لە تەواوی هێزە ئاسمانی و زەمینییەکان کۆبوونەتەوە، دڵنیابوونەتەوە لە ئامادەیی عێراق بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر هێرشێکی دەرەکی و ئەو مەترسییانەی ئێستا بێت یان داهاتوو روو لە وڵات دەکەن.
مەدا
بۆیەکەمجار سوید ئەوانە دادگایی دەکات تاوانیان دژی ئێزدییەکان ئەنجامداوە
بۆ یەکەمجار لە سوید ئەندامێکی داعش بە تۆمەتی ئەنجامدانی تاوان دژی ئێزدییەکان لە ماوەی نێوان مانگی ئابی 2014 تا کانوونی یەکەمی 2016 لە ستۆکهۆڵمی پایتەخت دادگایی کرا.
ئەندامەکەی داعش ناوی لینا لاینا ئیسحاق بوو، لە سەردەمی دەسەڵاتی داعش نۆ ژن و منداڵی ئێزدی لە پارێزگای رەقەی سوریا دەستبەسەر کردووە، بۆ ئەو تاوانانەش کە ئەنجامیداون دوێنێ لە یەکێک لە دادگاکانی ستۆکهۆڵم دادگایی کرا.
شەرقلئەوسەت
ئایا حەماس پەنا دەباتە بەر بژاردەی سەرکردایەتیی بەکۆمەڵ؟
کوژرانی حەسەن نەسروڵا، ئەمینداری گشتیی حزبوڵا، بزوتنەوەی حەماسی هانداوە پەنا بباتە بەر بژاردەی سەرکردایەتیی بەکۆمەڵ، بەئامانجی خۆڕاگریی بەرامبەر هەرهەوڵێکی کوشتنی سەرکردەکانی.
رۆژنامەی شەرقلئەوسەت لە ژمارەی ئەمڕۆیدا ئاماژەی بەوە کردووە، یەکێک لەو بابەتانەی بووەتەهۆی ئەوەی وا دەربکەوێت حەماس بژاردەی سەرکردایەتیی بەکۆمەڵ پەیڕەوبکات ئەوەیە، ساڵێکە یەحیا سینوار، سەرکردەی بزووتنەوەکە دەرنەکەوتووە، چەند هەفتەیەکە بە تەواوەتی هەواڵی نییە و دەنگی نەبیستراوە.
عەرەب
سودانی خۆی وەک هاوپەیمانی ئەمریکا پیشانداوە بۆ ئەوەی عێراق لە جەنگ دووربخاتەوە
رۆژنامەی عەرەب لە ژمارەی ئەمڕۆیدا شیکارییەکی لەسەر پەیامەکەی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاوکردەوە کە ئاڕاستەی سەرۆکی ئەمریکا و وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپای کرد.
رۆژنامەکە دەڵێت، لەو پەیامەدا سودانی خۆی وەک هاوپەیمانی ئەمریکا دژی هەژموونی ئێران نمایشکردووە، بەڵام ئەمە رێگری لە ئیسرائیل ناکات بۆ بەئامانجگرتنی عێراق.
رۆژنامە تورکییەکان
سۆزجو
سەرۆکی جەهەپە پێیوایە باسکردن لە هێرشی ئیسرائیل بۆ ترساندنی ناوخۆیە
سەرۆکی جەهەپە ئۆزگور ئۆزەل لە وەڵامی ئەو دەنگۆیانەی کە باس لەوە دەکەن تورکیا دەکرێتە ئامانجی ئیسرائیل، دەرگای بەڕووی ئەو بابەتەدا داخست.
ئۆزەل دەڵێت،” کەس لەم جیهانەدا بە نەتانیاهۆشەوە ناتوانێت جەسارەتی ئەوە بۆ خۆی پەیدا بکات هێرش بکاتە سەر تورکیا، کەچی لەم بارەیەوە ترسێک بڵاو دەکەنەوە و دەڵێن پشتگیریمان بکەن چونکە مەترسیەکە زۆر گەورەیە، بەڵام ئەمانە دەرخواردی ئێمە نادرێت، لە تەلەڤیزیۆنەکانەوە باس لە جەنگ دەکەن و دەیانەوێت بە برسێتی، هەژاری و بێکاری، کەمیی مووچەی خانەنشینانمان بیربچێتەوە، بیرمان ناچێت، حسابی ئەو جوتیار و کرێکارانە دەپرسینەوە کە ئازاریان چەشتووە.
جومهوریەت
لە دیاربەکر داوای جیهاد دەکرێت
یەکێتیی قوتابخانە ئاینییەکان و زانایان لە شاری دیاربەکر کۆنفرانسێکیان رێکخست، زۆرێک لە قسەکەران باسیان لە رەوشی ئێستای جیهانی ئیسلامی کرد بەتایبەت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
لە پانێڵەکەدا زۆرێک لە بەشداربووان تەئیکیدیان لەوە کردەوە، دینی ئیسلام تەنیا لە رێگەی شمشێرەوە بڵاو دەبێتەوە.
لەو تێگەیشتنەشەوە، لە راگەیەنراوی کۆتاییدا کە بەهەردوو زمانی تورکی عەرەبی و کوردی بڵاوکرایەوە، داوای جیهاد دەکەن هاوشێوەی تۆفانی ئەقسا.
ئەوان دەڵێن بە موسڵمانانی تورکیا دەلێن ” پێش ئەوەی نۆرەی بێتە سەر ئێوە هەڵسن و دژی سەهیۆنیزم، گیان بەخت بکەن و دەست بکەن بە جیهاد.”
یەنیچاغ
زەویی جوتیاران بە پاساوی قەرزەکان زەوت دەکرێت
جووتیاران کە لە خراپترین دۆخدان، ئێستا زۆرێکیان زەوییەکانیان لێ زەوت کراوە.
ئەوان بۆ چاندنی زەوییەکان، ناچاربوون قەرز لە بانکەکان وەرگرن، بەڵام کاتێک نەیانتوانی پارەی قەرزەکە بدەنەوە، بەگوێرەی سیستەمی دەستبەسەرداگرتن زەوییەکان لە جوتیارە قەرزدارەکان وەرگیراوەتەوە.
بانکەکان هەزار و 717 موڵکی نەگوازراوەو 331 زەوی خراونەتە زیادکردنی ئاشکراوە.
حورییەت
سیستەمی ئاگادارکردنەوە لەکاتی دەستدرێژی لە ئەستەنبوڵ کارا کرا
لەگەڵ زیادبوونی حاڵەتەکانی دەستدرێژی بۆسەر ئافرەتان لە ئەستەنبوڵ، جارێکی دیکە بیر لە دانانی سیستەمی ئاگادارکردنەوە دەکرێتەوە.
لەرێیەوە هەرکاتێک ژنێک ئەگەر رووبەرووی دەستدرێژی بووەوە، پەنجە بە دوگمەیەکدا دەنێت، پۆلیس و جەندرمە لە ماوەی پێنج خولەکدا دەگەنە شوێنی رووداوەکە.