زووم..
سێ بەرپرسی ئێران بە رۆژنامەی نیویۆرک تایمزیان راگەیاندووە، دوایین جار هەفتەی رابردوو ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی سوپای قودسی سوپای پاسداران لە بەیروت بینراوە.
ئەو بەرپرسانە ئاماژەیان بەوەشکردووە، قائانی لە بەیروت بووە بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەک لەگەڵ بەرپرسانی حزبوڵاى لوبانى دوای هێرشەکانی ئیسرائیل.
ئەندامێکی سوپای پاسدارانی ئێران، کە ناوى ئاشکرانەکراوە بە رۆژنامەکەی راگەیاندووە، “بێدەنگی ئێران لەم پرسەدا ترس و دڵەڕاوکێ لای ئەندامانی ئەو هێزانە دروست دەکات، کە بە بەرەى مقاوەمە ناسراون.
میدیاکانی ئێران بڵاویانکردەوە، تا ئێستا کاربەدەستانی ئێران وەڵامێکی روونیان لەبارەی چارەنووسی قائانی نەداوەتەوە.
لای خۆیەوە دەزگای ئیسنای ئێرانی لە زاری سەرچاوەیەکەوە لە سوپای پاسداران بڵاویکردەوە، قائانی لە تارانە و سەفەری بۆ بەیروت نەکردووە.
شەوی پێنجشەممە سوپای ئیسرائیل کۆبوونەوەیەکی لە گەڕەکی باشووری بەیروت کردە ئامانج، کە سەرکردەکانی حزبوڵا و بەرپرسانى ئێرانیشى تێدا بووە.
لە ئێستاشدا رای گشتی ئێران و تەنانەت وڵاتانى ناوچەکەش چاوەڕێی زانیارى دەکات، لەسەر چارەنووسى ئەو بەرپرسە ئێرانییە.
ئیسماعیل قائانی کێیە؟
قائانی لە کۆتایی پەنجاکانی سەدەی رابردوو لەدایک بووە.
زۆربەی ژیانی لە پێناو بەرژەوەندییەکانی ئێران لە ئەفغانستان بەسەر بردووە.
کەمێک زمانی عەرەبی دەزانێت و لە ساڵی ١٩٨٠ پەیوەندی بە سوپای پاسدارانەوە کردووە.
ناوبراو بە یەکێک لە دیارترین فەرماندەکانی سوپای پاسداران دادەنرێت لە شەڕی هەشت ساڵەی نێوان عێراق و ئێران لە هەشتاکانی سەدەی رابردوودا.