ریاڵ مەدرید جۆرى پێکانەکانى کارڤاخال و ڤینیسیۆسى ئاشکراکرد و بەم نزیکانە نەشتەرگەرى بۆ کارڤاخال ئەنجام دەدرێت.
لە یارییەکەى بەرامبەر ڤیاڕیاڵ لە لالیگا، دانى کارڤاخالى بەرگریکارى ریاڵ مەدرید لە خولەکەکانى کۆتاییدا توشى پێکانێکى قورس هات و بە گریانەوە برایە دەرەوەى یاریگا.
یانە مەدریدیەکە لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرایکرد، کارڤاخال توشى پچڕانى بەستەرى خاچى پێشەوە و بەستەرى تەنیشتى دەرەوە و ڕیشاڵى ئەژنۆى ڕاستى بووە.
ریاڵ مەدرید باسى لەوەشکردووە، لە چەند رۆژى داهاتوودا نەشتەرگەرى بۆ پێکانەکەى کارڤاخال ئەنجامدەدرێت، بێ ئەوەى ئاماژەبدات بە ماوەى دوورکەوتنەوەى لە یاریگاکان، بەڵام بەگوێرەى راگەیاندنەکان، ئەم وەرزە بۆ بەرگریکارە ئیسپانیەکە کۆتایى هاتووە.
هاوکات لە راگەیەندراوێکى دیکەدا ریاڵ مەدرید ئاشکرایکردووە، بەپێى پشکنینە پزیشکییەکان ڤینیسیۆس جۆنیۆرى هێرشبەرى یانەکەى توشى پێکان بووە لە شانیدا، کە بەهۆیەوە لە خولەکى ٧٩ى هەمان یاریدا دانیشێندرا، بێ ئەوەى ریاڵ ئاماژە بە ماوەى دوورکەوتنەوەى لە یاریگاکان بدات.