سزاکەى پۆگبا کەمکرایە و یاریزانەکەش پەیامێکى بڵاوکردەوە، بەڵام ئەگەر هەیە جارێکى دیکە درێسى یۆڤانتۆس نەپۆشێتەوە.
دادگاى دادوەرى وەرزشى تانەکەى پۆڵ پۆگباى فەڕەنسى یاریزانى یانەى یۆڤانتۆسى قبوڵکرد و سزاى ڕاگیرانەکەى بەهۆى بەکارهێنانى ماددەى وزەبەخش لە چوار ساڵەوە بۆ ١٨ مانگ کەمکردەوە، بەمەش یاریزانەکە دەتوانێت لە ئازارى داهاتووەوە دەست بەیارى بکاتەوە.
لەم بارەیەوە پۆگبا دڵخۆشى خۆى بە بڕیارەکەى دادگاى کاس دەربڕى و لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕى سکاى سپۆرتى ئیتاڵى گوتى “دواجار کابوسەکە کۆتایى هات، بەپەرۆشم بۆ ئەو رۆژەى کە جارێکى تر لە خەونەکەم بەردەوام دەبمەوە”.
لەلایەکى ترەوە، ڕۆژنامەى کاڵچیۆ مێرکاتۆى ئیتاڵى بڵاویکردەوە، بەلایەنى زۆرەوە پۆگبا جارێکى تر درێسى خانمە پیرەکەى ئیتاڵیا ناپۆشێتەوە و ئەگەر زۆرە لە مێرکاتۆى زستانەدا یانەکە بەجێبهێڵێت.
پۆگبا، کە تا هاوینى ٢٠٢٦ گرێبەستى لەگەڵ یۆڤانتۆس هەیە، پێشبینیدەکرێت ڕووى داهاتووى لە خولى سعودیە یان قەتەڕى یان ئەمریکا بێت.