زووم..
لە دوای ٧ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2023ـوە تا ئەمڕۆ رەوتی رووداوەکان لە چوارچێوەی ململانێی نێوان ئیسرائیل و بەرەی بەرەنگاریی تا بێت توندتر و ترسناکتر دەبێت؛ تا ئەو رادەیەی، کە لە پێشهاتێکی چاوەڕواننەکراودا لە 27ـی مانگی رابردوودا دوای تێپەڕبوونی تەنها چەند هەفتەیەک بەسەر کرانەوەی بەرەی پێکدادان لەنێوان حیزبوڵا و ئیسرائیل هێزی ئاسمانیی سوپای ئیسرائیل لە ئۆپەراسیۆنێکی چڕوپڕدا ئەمینداری گشتیی حیزبوڵای لوبنانیی (حەسەن نەصروڵا) و چەند کەێکى ترى لە باشووری لوبنان کردە ئامانج و کۆتاییان بە هەڵمەتی راوەدوونانی هێنا، کە زیاتر لە سێ دەیە بوو بەردەوام بوو.
شۆکی مردنی نەصروڵا
حیزبوڵا وەک گرووپێکی خاوەن پرەنسیبی کارگێڕیی و سیاسیی جیاواز ویستی زوو بەزوو خۆی لە لێکەوتەکانی ئەو شۆکە گەورەیە بپارێزێت، بۆیە هەرزوو هەواڵی ئامادەگیی شوێنگرەوەی ئەمینداریان بە پشتبەستن بە بنەمای (سیستمی حەوت جێگریی)ـەوە لەڕێی پلاتفۆڕمە جیاوازەکانەوە بڵاوکردەوە و ناوی (هاشم سەفێدین)، کە کوڕەمامی دایکی ئەمینداری پێشووە، هەروەها بابی (رەزا هاشم سەفێدین)ـی زاوای قاسم سلێمانى فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودس-یان وەک بەهێزترین جێگرەوە ناوبرد.
ئەوەى جێگەى سەرنجى میدیاکانى جیهان بوو، بەر لەوەی ٧٢ کاتژمێر بەسەر دەستبەکاربوونی گریمانەکراویدا تێبپەڕێت هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل لەڕێى دەزگاکانی هەواڵەوە رایگەیاند، کەوا لە ئۆپەراسیۆنێکی جۆرییدا خودی (هاشم سەفێدین)ـیان کردووەتە ئامانج و سەرەنجام کوژراوە.
سیستمی (حەوت جێگریی) چییە؟
کاتێک کۆماری ئیسلامیی ئێران بەپشتبەستن بە دیدگایەکی ئایینیی دێرینی وەک ویلایەتی فەقیه دادەمەزرێت هەر لەسەرەتاوە بنەمایەک جێکەوت دەکات، کە تێیدا کەسی یەکەمی هەر جومگەیەکی هەستیار (حەوت جێگر)ـی بۆ دیارییدەکرێت، کە مەرجە لەڕووی لێهاتوویی و توانای سەرکردایەتییەوە لێک نزیک بن، جا لێرەوە ئەم بنەمایە گواسترایەوە بۆ نێو سەرجەم ئەو گرووپانەی، کە بە (گرووپی وەلائیی) ناسراون و لە کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە نزیکن، بۆیە دەکرێت پرۆسەی دیاریکردنی ئەمیندار لەڕووە تیۆرییەکەیەوە هێندە قورس نەبێت.
کێ بەهێزترین بەربژێرە؟
ئێستا و دوابەدوای جەختکردنەوەی چەندبارەی ئیسرائیل لەسەر سەرکەوتوویی ئۆپەراسیۆنی بەئامانجگرتنی (هاشم سەفێدین)، وردەوردە باس لە بەربژێرکردنی ناوێکی نوێ دەکرێت بۆ پۆستی ئەمینداری گشتیی حیزبوڵا، کە ئەویش (ئیبراهیم ئەمین ئەلسەید)ـی سەرۆکی ئەنجومەنی سیاسیی حیزبە و یەکێکە لە سەرکردە ناسراو و دێرینەکانی ئەو گرووپە، هەروەها بە یەکێک لە دیارتریین سەرکردەکانی هێڵی یەکەمیش دادەنرێت، کە رۆڵێکی فراوانی لە فۆرمەڵەکردن و گەیاندنی دیدگای سیاسیی و فیکریی حیزبوڵا هەبووە بەدرێژایی زیاتر لە ٢٥ ساڵ.
(ئیبراهیم ئەمین ئەلسەید) یەکێکە لە دیارتریین رووخسارە دیبلۆماسییەکانی حیزبوڵایە کەوا نەخشەڕێژیی بۆ سیاسەتی ناوخۆیی و دەرەکیی حیزب دەکات.