رۆژنامە عەرەبییەکان
قودسى عەرەبی
زیندانەکانى ئیسرائیل بوونەتە دۆزەخ بۆ دەستگیرکراوەکانى کەرتى غەزە
رێکخراوى بیتسلیمى ئیسرائیلى، کە لەبوارى یاساییدا کاردەکات، لە زنجیرە راپۆرتێکدا بڵاویکردەوە ژمارەیەک لە دەستگیرکراوە فەلەستینییەکان ئازادکراون.
ئەو دەڵێت، ئەو دەستگیرکراوانە بەتوندیی ئەشکەنجەدراون، پێداویستى تەندروستییان بۆ نەخۆش و بریندارەکان دابین نەکردووە، ژمارەیەکى زۆریان رووبەڕووى خراپترین جۆری ئەشکەنجەدان بوونەتەوە، کارى بەزۆر و دەستدرێژیی سێکسی، سوکایەتى، برسیکردن و رێگریکردن لە خەو و چارەسەرنەکردنى نەخۆش و بریندارەکان، رۆژانە دژى دەستگیرکراوەکانى غەزە پەیڕەوکراوە.
بەگوێرەى راپۆرتێکى رۆژنامەى هائارتسی ئیسرائیلى، کە لە 29ـى تەمموزدا بڵاویکردوەتەوە، لەماوەی یەک مانگدا لەنێو زیندانەکانى ئیسرائیلدا 48 دەستگیرکراوى فەلەستینى گیانیان لەدەستداوە، لە مانگی حوزەیرانى پێشوشدا کاتێک ئیتمار بن غەفیر، وەزیری ئاسایشى نیشتمانى باسی لەوەدەکرد زیندانەکانى ئیسرائیل پڕبوون و جێگەیان دەستگیرکراوى دیکە نابێتەوە.
رایگەیاند، لەبرى ئەوەى خزمەتى دەستگیرکراوەکان بکرێت دەبێت فیشەک بەسەریانەوە بنرێت.
عەرەب
خامنەیی پەنا دەباتەوە بۆ زمانی عەرەبی
عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای شۆرشی ئیسلامیی ئێران، پێشنوێژیی هەینی لە تاران ئەنجامدا و لە هەنگاوێکی دەگمەندا بە زمانی عەرەبی گوتاری هەینى خوێندەوە و دوای نزیکەی پێنج ساڵ گەڕایەوە سەر میمبەر بۆ خویندنەوەى گوتاری هەینی.
شارەزایانى کاروباری ئێران پێیان وایە، پەنابردنە بەر بەکارهێنانی زمانی عەرەبی لە گوتاری هەینیدا، رەنگە ئامانجەکەى بریتی بێت لە نیشاندانی گرنگیدان بە جیهانی عەرەبی و وڵاتانى عەرەبی، چونکە ئێران لەو هەلومەرجە سەختەی ئێستادا دوچاری هاتووە و لەگەڵ ئیسرائیل لە رووبەڕووبوونەوەدایە، پێویستى بە هاوکاریی و پشتیوانى وڵاتانى عەرەبییە.
عەرەبی جەدید
درۆنەکان لە عێراقەوە دوو سەربازی ئیسرائیلی دەکوژن
لە میانەى هەڵکشانى گرژییەکان لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست، بەرەى مقاوەمەى ئیسلامی لە عێراق پێگە ئیسرائیلییەکانی کردە ئامانج و دوو سەربازی ئیسرائیلی بەهۆیەوە کوژران.
سوپای ئیسرائیل ئاشکرای کرد، لە بەرزاییەکانى جۆلان بەهۆی بۆردومانەوە دوو سەربازی ئیسرائیلی کوژراون و 24 سەربازی دیکە برینداربوون و دوو لە بریندارەکان تەندروستییان ناجێگیرە.
بەگوێرەى راگەیاندنەکانی سوپای ئیسرائیل، درۆنەکان لە عێراقەوە ئاڕاستەکراون و بەرەى مقاوەمەى ئیسلامی لە عێراق ئاڕاستەى کردوون و سێ پێگەى ئیسرائیلیی لە تەبەڕیا و بەرزاییەکانى جۆلان کردووەتە ئامانج.
شەرقلئەوسەت
روسیا تاڵیبان لە لیستى تیرۆر دەسڕێتەوە
زامیر کابۆلۆڤ، نوێنەرى سەرۆکایەتیى کۆماری روسیا بۆ کاروبارى ئەفغانستان رایگەیاند، مۆسکۆ خوازیارە لە ماوەیەکى نزیکدا بزووتنەوەى تاڵیبان لە لیستى تیرۆر بهێننە دەرەوە.
دەڵێت، مۆسکۆ لەسەر هەموو ئاستەکان ئامادەکاری بۆ ئەو هەنگاوە گرنگە کردووە.
سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەى روسیا لە پەراوێزی کۆبووەنەوەیەکدا لە گەڵ ئەمیر موتەکی، وەزیری دەرەوەى ئەفغانستان باسی لەوە کردووە، پێکەوە کار بۆ بونیادنانەوەى ئەفغانستان دەکەن، بەتایبەتى لە دروستکردنەوەى ژێرخانى وەزە و کشتوکاڵدا.
لە راگەیەندراوێکى هاوبەشى نێوان هەردوو وەزارەتى دەرەوەى روسیا و ئەفغانستانیشدا جەختیانکردووەتەوە پەیوەندییەکانى نێوان هەردوو وڵات بەهێزدەکەن، بوارى بازرگانى و ئابووری نێوانیان پەرەیێدەدەدەن.
لاڤرۆڤ جەختیکردووەتەوە، وڵاتەکەى هاوکاریی کابول دەکات بۆ ئەوەى پێکەوە لەدژى تیرۆر بووەستنەوە، کاریش دەکات بۆ ئەوەى ئەفغانستانیش بهێنێتە نێو کۆبوونەوەى ساڵانەى وڵاتەکەیان لەگەڵ وڵاتانى هندستان، ئێران، کازاخستان، قیرقیزستان، چین، پاکستان، چین، تورکمانستان و ئۆزبەکستان، کە لە ساڵی 2017ـەوە دەستیان پێکردووە، بەمەش ناوى تاڵیبان بە تەواوى لە لیستى تیرۆری روسەکاندا دەسڕێتەوە.
رۆژنامە تورکییەکان
ئەڤرەنسەل
لە تورکیا یەک ملیۆن مامۆستا لەژێر هێڵی هەژارییەوەن
ئەمڕۆ پێنجی تشرینی یەکەم رۆژی جیهانیی مامۆستایانە. مامۆستایان لە تورکیا هەژارن و لە بارودۆخێکی نائارامی داراییدا دەژین.
بەهۆی گرانییەوە لە تورکیا و باکووری کوردستان نزیکەی یەک ملیۆن مامۆستا لەژێر هێڵی هەژارییەوە دەژین.
سەدان هەزار مامۆستای دیکە چاوەڕێن بڕیاری دامەزراندنیان بدرێت. ئەمە لە کاتێکدایە ماوەى 515 رۆژە حکومەت هیچ مامۆستایەکی دانەمەزراندووە.
هاوکات لە تورکیا مامۆستا خانەنشینەکان بەهۆی گرانی و قورسی ژیانەوە ناچارن کار بکەن.
سۆزجو
لە تورکیا لەسەر رەخنە سزا دەدرێن بەڵام تاوانبارەکان سزا نادرێن
دوو تاوانبار لە شەقامی بەیئۆغڵو لە ئیستەنبوڵ لەسەر شەقام پەلاماری کچێک دەدەن و هەر لەوێدا دەستدرێژی سێکسی دەکەنەسەر. لەپاش دەستگیرکردنی ئەو دوو تۆمەتبارە، تەنها بۆ ماوەى دوو کاتژمێر لە بنکەى پۆلیس مانەوە و ئازاد کران بەبێ ئەوەی روبەڕووی یاسایان بکەنەوە.
ئەمە لەکاتێکدایە دیلروبا قەیسەرلیئۆغڵو کچێکی خەڵکی ئیزمیر، تەنها لەسەر بۆچونەکانی رەخنەى لە حکومەتی ئاک پارتی گرتبوو بۆ ماوەى 17 رۆژ لە زینداندا مایەوە و دۆسیەى یاسایی لەسەر کرایەوە. لەسەر ئەم رووداوانە دەبینین هاووڵاتیان لەسەر رەخنە سزا دەدرێن بەڵام تاوانبارەکان سزا نادرێن.
جمهوریییەت
لە رۆژێکدا رێگریی لە بڵاوکردنەوەى 648 هەواڵ لە تورکیا کرا
تادێت ئازادی رادەربڕین لە تورکیا بەرتەسک دەبێتەوە، بەگوێرەى ئامارەکان لە مانگی ئەیلولدا زۆرترین رێگریی لە بڵاوکردنەوەى هەواڵ لە پێگە ئەلکترۆنییەکاندا کراوە.
ئوتکو چەکرئۆزار پەڕلەمانتاری جەهەپە راپۆرتێکی ئامادەکردووە لەسەر ئازادی رادەڕبڕین، رایگەیاندووە، لە مانگی ئەیلولدا رۆژنامەنووسان دەستگیرکراون و هەڕەشەیان لێکراوە.
ئەوەشی ئاشکراکردووە، لە مانگی ئەیلولدا تەنها لە یەک رۆژدا رێگری کراوە لە بڵاوکردنەوەی 648 هەواڵ.
ئایدنڵک
لە تورکیا بەرهەمهێنانى زەیتی زەیتونی ساختە زیادبووە
لە پارێزگای ئایدنی تورکیا لەماوەی سێ مانگدا دەست بەسەر 34 هەزار لیتر زەیتی زەیتونی ساختەدا گیراوە.
مستەفا تەنیەری، سەرۆکی ژووری کشتوکاڵ رایگەیاندووە، پێویستە دەوڵەت چاودێری وردی بازاڕ و بەروبومە ساختەکان بکات تاوەکو بەها بۆ براندە خۆماڵییەکانمان بگەڕێنینەوە و رێگریش بکەین لە بەروبومی ساختە کە زیانی بۆ تەندروستی مرۆڤ هەیە.
ئەوەشی راگەیاندووە، بوونی ئاسایشی خۆراک وەبەرهێنەرەکان و هاووڵاتیان دەپارێزێت.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
دەیلی تەلەگراف
ستامەر لەبارەی کێشەکانی جەبەلتاریق و فۆکلاندەوە بێدەنگیی هەڵبژاردووە
کێیە ستامەر، سەرۆکوەزیرانى بەریتانیا ئامادەنییە یاسایەک دەربکات بۆئەوەی کۆتایی بە دەستەڵاتی هێزەکانی بەریتانیا بەسەر دوورگەکانی جەبەلتاریق و فۆکلانددا بهێنێت.
باسکردن لەم بارەیەوە لە میانەی گفتوگۆیەکی تونددا هات، کە لەسەر رەوایی دەستەڵاتی بەریتانیا بەسەر دورگەی چاگۆسدا دروست بووە.
دوێنێ لە سەرەکوەزیرانی بەریتانیایان پرسی، داخۆ ئەو ئامادەیە پارتی کرێکاران بڕیاربدات کۆتایی بە دەستەڵاتی بەریتانیا بەسەر ناوچەکانی ئەودیوی دەریادا بهێنێت و پاشەکشە بە هێزەکانیان بکات؟ سەرەکوەزیران خۆیی لە وەڵامدانەوەی پرسیارەکە لادا، بەڵکو بە رۆژنامەنووسانی گوت، کشانەوی هێزی سەربازیی بەریتانیا لەنێو بنکەی دیاگۆ گارسیادا، کە بەشێکە لە بەندەری چاگۆس، بە بڕیاری خۆی بووە.
دەیلی مەیل
چۆن دەست لە فۆکلاندی خۆمان هەڵبگرین!!
پاش ئەوەی بەریتانیا دەستی لە دوورگەکانی چاگۆس هەڵگرت، ئەرجەنتینیش کەوتووەتە جموجۆڵ، داوادەکات واز لە دوورگەی فۆکلاندیش بهێنین.
ئەرجەنتین پێشوازیی لەو بڕیارەی کێیە ستامەر کرد، کە دەریکردووە بۆئەوەی دەست لە نیمچە دوورگەی چاگۆس لە زەریای هیندی هەڵبگرێت و بدرێتەوە بە ماوریشیۆس.
لەم رووەوە ئەرجەنتینیش داوادەکات لە پاش 42 ساڵی کۆنترۆڵکردنیەوە بەریتانیا دەست لە دورگەی لاس ماڵڤیناسی سەر بە دوورگەکانی فۆکلاند هەڵبگرێت.
گەڵف نیوز
ئیمارات دامەزراندنى دوو دەوڵەت بە چارەسەرێکی بنچینەیی بۆ بونیادنانی ئاشتییەکی هەرێمایەتی دەزانێت
لە کاتێکدا جیهان چاوەڕوانە ئیسرائیل وەڵامی ئێران بداتەوە، کەچی لوبنانی بۆردوومان کرد.
د.ئەنوەر گەرگەش، راوێژکاری کاروباری دیپلۆماسیی سەرۆکی وڵاتی ئیمارات گوتی جیهان لە ئێستادا بە رەوشێکی شپرزەدا گوزەردەکات. هۆکارەکەشی هەڵکشانی رەوشی سەختی شەڕی باشووری لوبنانە، لەم رووەوە گوتی، بونیادنانی دوو دەوڵەت بۆ ئیسرائیل و فەولەستین تاکە چارەسەری نمونەییە بۆ کۆتاییهێنان بە هەردوو گرفتی لوبنان و کەرتی غەزە. ئەم بارودۆخەی ئێستای جیهان سەختە و خەریکە شەڕ و توندوتیژییەکان لەدەستدەردەچن، ئاژاوەکان قورستر دەبن و زیانی گیانیی خەڵکیش زۆرتر دەبن.
فاینەنشیەڵ تایمز ویکئێند
هەلی کار لە ئەمریکا گەشەی زۆری کردووە و لەسەرووی چاوەڕوانییەکانەوەیە
لە مانگی ئەیلوولی رابردوودا زیاتر لە 254 هەزار هەلی کاری زیادە لەنێو ئابووریی ئەمریکادا راگەیەندراوە. ئەمە لەسەروی ئەو تێکڕایەوەیە، کە چاوەڕێ دەکرا. ئەمەش مانای وایە گەنجینەی فیدراڵی رێژەی سوود لەئاستە بەرزە تۆمارکراوەکەی مانگی رابردووی کەمتر دەکاتەوە. ئەو ژمارە هەلی کارەی راگەیەندراوە بڕی 140 هەزار هەلی لە ژمارەی چاوەڕوانکراو زیاتر بووە. چاودێران دەڵێن، ئەمە بەشێکە لە بەرنامەیەکی نەرم، کە راگەیندراوە کاری پێبکرێت بۆئەوەی هەلی کار لە ئایندەدا زیاتر بڕەخسێندرێت.
رۆژنامە فارسییەکان
روزگار
وڵاتانى جى7 پشتیوانی لە ئیسرائیل دەکەن
وڵاتانی جى7 لە راگەیەندراوێکدا جارێکی دیکە جەختیان لە پابەندبوونی خۆیان بە ئاسایشی ئیسرائیل کردەوە.
ئەم راگەیەندراوە وەڵامدانەوەی سەربازیی ئێرانی بۆ کردەوەکانی ئیسرائیل ئیدانە کرد و بە هەڕەشەیەکی جیددی بۆ سەر ناوچەکەی زانی.
ئەم هەڵوێستە لە کاتێکدایە ئێران رایگەیاندووە، کە پاش دوو مانگ لە خۆگرتن ناچار بووە بە ئۆپراسیۆنی “وەعدەی سادقی2” وەڵامێکی یەکلاکەرەوە و زیرەکانە بە ئیسرائیل بداتەوە.
سەرۆکی وڵاتانی جى7 نیگەرانی قووڵی خۆیان سەبارەت بە ئەگەری قەیرانی ناوچەیی دەربڕی و داوایان لە هەموو ئەکتەرەکان کرد رەفتاری بەرپرسیارانە نیشان بدەن.

کەیهان
ئێران بەردەوامە لە هاوسۆزی لەگەڵ لوبنان
ئیسماعیل بەقائی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، ئێران 10 تۆن خۆراک و دەرمانی بۆ هاوکاری مرۆیی ناردووە وەک نیشانەی هاودەنگی لەگەڵ خەڵکی لوبنان.
دەڵێت، شاندی ئێران بە سەرۆکایەتی وەزیری دەرەوە و بەیاوەری دوو ئەندامی پەرلەمان و سەرۆکی مانگی سوور، گەیشتوونەتە بەیروت و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای لوبنان کۆدەبنەوە.
بەقائی جەختی کردەوە، ئێران بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتی لوبنان و پێویستە هەموو ناوچەکە ئاگاداری کاریگەرییەکانی قەیرانی لوبنان لەسەر ئایندەی خۆیان بن.
ئەبراری ئیقتسادی
پچڕانی کارەبا لە ئێران ساڵی داهاتوو زیاتر دەبێت
یوسف نەجەفی، راوێژکاری باڵای ژووری ئێران لە کۆبوونەوەی کۆمیسیۆنی وزەدا ناهاوسەنگی 20 هەزار مێگاواتی کارەبای راگەیاند و پێشبینی کرد ئەم ناهاوسەنگییە لە ساڵی داهاتوودا بگاتە 24 هەزار مێگاوات.
ئەو جەختی لەسەر پێویستی 25 ملیار دۆلار بۆ وەبەرهێنانی کارەبا له ماوەی پێنج ساڵدا کردەوە و گوتی، حکومەتی نوێ پێویستە گرنگی بە چارەسەرکردنی ناهاوسەنگی کارەبا بدات وەک یەکێک لە ئەولەویەتە سەرەکییەکانی.
نەجەفی هەروەها ئاماژەی بە کێشەی بەڕێوەبردن لە پیشەسازی کارەبادا کرد و داوای داڕشتنی خێرای پلانی باشترکردنی بەرهەمهێنان و دابینکردنی کارەبای کرد بەهۆی زیانەکانی پچرانی کارەبا لەسەر پیشەسازییەکان.
ئەفکار
شەش بەڵگەنامەی هاوکاری نێوان ئێران و قەتەر واژۆ کرا
بەرپرسانی باڵای ئێران و قەتەر لە دیدارێکی فەرمیدا شەش بەڵگەنامەی هاوکارییان لە بوارەکانی ئابووری، فەرهەنگی، پەروەردەیی و وەرزشییان واژۆ کرد.
وەزیری وزەی ئێران چوار بەڵگەنامەی لە بوارەکانی کشتوکاڵ، پەروەردە، بەندەر و دەریایی لەگەڵ قەتەر واژۆ کرد.
لە گرنگترین بەڵگەنامەکان پلانی پەرەپێدانی بەنداوی دێر و پلانەکانی جێبەجێکردنی هاوکاریی رۆشنبیری و وەرزشی تاوەکو ساڵی 2026 بوو.
لایەنەکان رێککەوتن لەسەر ئەنجامدانی دەیەمین کۆبوونەوەی کۆمیسیۆن بۆ ساڵی داهاتوو و هەروەها جەختیان لەسەر گرنگی وەبەرهێنان لە گەشتیاری و تەندروستیدا کردەوە.