رۆژنامە عەرەبییەکان
شەرقلئەوسەت
خامنەیی نەسروڵای لە پلانی ئیسرائیل بۆ کوشتنی ئاگادارکردووەتەوە
رۆژنامەی شەرقلئەوسەت لە ژمارەی ئەمڕۆیدا بڵاویکردەوە، چەند سەرچاوەیەکی ئێرانی گوتویانە، چەند رۆژێک پێش پلانەکەی ئیسرائیل عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران حەسەن نەسروڵا، ئەمینداری گشتی حزبوڵای ئاگادارکردووەتەوە تا لوبنان بەجێبهێڵێت.
دەشڵێن هێشتا خامنەیی ترسی هەیە پلانەکانی ئیسرائیل بگاتە ئاستێک بەرپرسانی حکومەتی ئێرانی تێدا بکرێتەئامانج.

قودسی عەرەبی
دوای ئۆپراسیۆنە نوێیەکی ئیسرائیل هاوکارییە مرۆییەکانی غەزە کەمیان کردووە
رۆژنامەی قودسی عەرەبی لە ژمارەی ئەمڕۆیدا دەڵێت، لە چەند هەفتەی رابردوودا پێداویستییە خۆراکییەکانی کەرتی غەزە بەشێوەیەکی بەرچاو پاشەکشەیان کردووە.
چەند سەرچاوەیەک گوتویانە، دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل بەربەست دروست دەکەن لەبەردەم گەیشتنی بارهەڵگری پێداویستییەکان بە غەزە.
بەگوێرەی ئامارەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان، لە مانگی ئەیلولی رابردوو گەیشتنی بارهەڵگری پێداویستییە خۆراکییەکان و هاوکارییە مرۆییەکان بە غەزە بۆ نزمترین ئاست دابەزیوە.

رۆژنامەی عەرەب
ئاڵۆزییە ناوچەییەکان هەڕەشەن لەبەردەم ئەنجامدانی هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان
دوای تێپەڕینی زیاتر لە هەفتەیەک بەسەر دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، ترسی ئەوە دروستبووە هەڵبژاردنەکە ئەنجام نەدرێت بەتایبەت کە گرژی و ئاڵۆزییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەگەڵ هێرشەکانی ئیسرائیل و ئێران تابێت بەرفراوانتر دەبێت.
رۆژنامەی عەرەب دەڵێت، دوورنییە لەگەڵ بەرفراوانتربوونی گرژی و ئاڵۆزییەکان عێراقیش ببێتە گۆڕەپانی شەڕ بەتایبەت ئەگەر گروپە چەکدارەکانی عێراق نزیک لە ئێران شانبەشانی حزبوڵا بەشداری لەم شەڕەدا بکەن، ئەوا رەنگە دیسان هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دوابخرێتەوە.
عەرەبی جەدید
کێڵگە نەوتییەکانی ئێران لەبەردەم هەڕەشەی بەئامانجگرتندان
لەدوای هێرشە مووشەکییەکانی ئێران بۆسەر ئیسرائیل، تەلئەبیب بەڵێنی داوە ئەمجارە وێستگە و کێڵگەکانی بەرهەمهێنانی نەوت لە ئێران بکاتە ئامانج، ئەمەش وەک وەڵامێک بۆ هێرشەکانی ئێران.
رۆژنامەی عەرەبی جەدید لە ژمارەی ئەمڕۆیدا دەڵێت، پێشبینی دەکرێت گەر ئیسرائیل کاری وا بکات گۆڕانکاری بەرچاو لە نرخەکانی نەوتدا دروستببێت، دەشڵێت تاوەکو ئێستا کاریگەرییە ئابوورییەکانی شەڕی نێوان ئیسرائیل و مقاوەمەی فەلەستین و حزبوڵا سنووردار بووە، بەڵام ئەگەر بێت و بگۆڕێت بۆ جەنگی گشتگیری نێوان ئیسرائیل و ئێران ئەوا نرخی بەرمیلێک نەوت بۆ 150 دۆلار بەرزدەبێتەوە.
رۆژنامە فارسییەکان
تەجارەت
سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکانى ئێران رادەگیرێن
گوتەبێژی رێکخراوی فڕۆکەوانی مەدەنیی ئێران رایگەیاند، بەهۆی پاراستنی سەلامەتیی گەشتەکان و مەرجە تایبەتەکانی ناوچەکانی، سەرجەم گەشتە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکانی ئێران تاوەکو کاتژمێر 5:00ـى بەیانی رۆژی 12ـی ئەم مانگە رادەگیرێن.
جەعفەر یەزەرلۆ جەختی لەوە کردەوە کە نابێت سەرنشینەکان خەمی تێچووی بلیتەکان بخۆن؛ چونکە ئەگەر پێویست بوو هەموو بڕە پارەکان بۆیان دەگەڕێتەوە. هەروەها ئاماژەی بەوەشکردووە، هێڵە ئاسمانییەکان کاردەکەن بۆ ئاگادارکردنەوەی سەرنشینەکان و دانانی گەشتەکانی داهاتوو. بەمووانە زانیاری زیاتر لەسەر مەرجەکانی دەستپێکردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکان لە رێگەی رێکخراوی هێڵی ئاسمانییەوە رادەگەیەنرێت.

شەرق
داوی ئیسرائیل لە ناوخۆی ئێران هێرش دەکرێت
لە چەند رۆژی رابردوودا پارێزگای بەلووچستان چەندین رووداوی “تیرۆریست”ـی بەخۆیەوە بینی، کە بووەتە هۆی کوژرانی هەشت کەس و برینداربوونی چەند کەسێکی دیکە.
ئەم هێرشانە لە درێژەی هەوڵەکان بۆ دروستکردنی کێشەی ئەمنی لە ئێران ئەنجام دراون.
بە لەبەرچاوگرتنی وەڵامدانەوەی ئێران بۆ ئیسرائیل، ئەم کردەوانە زیاتر بوون و پێدەچێت بە پاڵپشتی دارایی و چەکی ئیسرائیل ئەنجام بدرێن.
گرووپی جەیش ئەلعەدل، بەرپرسیارێتی بەشێک لەو هێرشانەیان لە ئەستۆ گرتووە و رۆڵی ئیسرائیل لە وروژاندنی ئەم قەیرانانەدا نکۆڵی لێناکرێت و پێدەچێت ئامانجی کۆتایی ئەم کردەوانە تێکدانی سەقامگیریی ئێران بێت.

ئارمانی ئیمروز
نرخی نەوت بە هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل بەرزبوویەوە
لەگەڵ هێرشە مووشەکییەکەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، بازاڕە داراییەکان کاردانەوەی خێرایان هەبوو.
بەهۆی ئەم گرژییانە نرخی نەوت لەبازاڕەکانی جیهاندا لەناکاو زیاتر لە سێ دۆلار بەرزبووەوە، بەجۆرێک تێچووی پڕکردنەوەی یەدەگی نەوتی ئەمریکا یەک ملیار دۆلار زیادیکرد.
ئەم بەرزبوونەوەی نرخە دوای ئەوە بەدیکرا کە بەشداربووانی بازاڕ نیگەران بوون لە ئەگەری پەرەسەندنی گرژییەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
نرخی نەوت، کە پێشتر گەیشتبووە 66 دۆلار، ئێستا لە 75 دۆلار نزیک بووەتەوە.

ئەبرار
سەرۆکی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێران هۆشداری بە ئیسرائیڵ دەدات
سەرۆکی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێران لە راگەیاندراوێکدا لە بەرامبەر هەر جۆرە بەرپەرچدانەوەیەکی ئیسرائیل هۆشداریی دا.
لەم راگەیاندراوەدا هاتووە، ئەگەر ئیسرائیل وەڵام بداتەوە، دەبێ چاوەڕێی لەناوچوونی ژێرخانی خۆی بکات و جەخت لەوە دەکاتەوە، حکومەتی ئێران هەرگیز لە بەرگریکردن لە مافەکانی خۆی شکست ناهێنێت.
هەروەها سەرۆکی گشتیی کردەوەکانی هێزی ئاسمانی سوپای پاسداران و سوپای ئێرانی بەرز نرخاند و رایگەیاند، ئەگەر وڵاتانی پشتیوانی ئیسرائیل دەستوەردان بکەن، ئەوا ئەم وڵاتانەش رووبەڕووی وەڵامێکی یەکلاکەرەوە دەبن.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
سیدنی مۆرنینگ هیراڵد
پلانی “بازنەی ئاگر”ـەکەی ئێران شکستیهێنا
کۆڵۆنێڵ مایک کیڵی، ئەفسەرێکی خانەنشینە، دەڵێت ستراتیژێکی ئایەتووڵاکانی ئێران بریتی بوو لە دروستکردنی تەوقێکی ئاگرین بە دەوری ئیسرائیلدا، بۆئەوەی ئاگری تێبەربدەن و بۆ هەتاهەتایە بیسوتێنن. رۆژی حەوتی ئۆکتۆبەر حەماس پەلاماری ئیسرائیلی دا، هەر رۆژی پاش ئەوەش ئێران پلانی تەوقی ئاگری خستەبواری کارپێکردنەوە.
ئەم کۆڵۆنێڵە ئوسترالییە دەڵێت پلانەکە چەند کایەیەکی هەیە و هەموویان خراونەتە بواری کارپێکردنەوە. ئێرانیش لە پشتی هەمویانەوەیە. دابینکردنی چەک و لایەنی دارایی و ئاراستەکردنیشی هەر لەلایەن خۆیەوەیەتی. بە قووڵی و بە سەلیقەوە دایڕشتووە. دیارە ئێستا ئیسرائیل هەستی بە بوونی پلانەکە کردووە، بۆیە دەیەوێت رووبەڕووی پلانداڕێژەرە سەرەکییەکە ببێتەوە. ئەوەی دەیبینین ئەوەیە ئێران بەڵگەی داوە بە دەستی ئیسرائیلەوە، بۆئەوەی هەستێت و تۆڵەی خۆیی لێبکاتەوە.
زە ئەیج
هەرێمێک کەوتووەتە سەر کوانووی ئاگر
ئەنتۆنی ئالبەنی، سەرەکوەزیرانی ئوسترالیا داوای لە هاووڵاتیەکانی خۆیان کرد، لە هەر کوێیەکی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بن، بەجێیبهێڵن و بگەڕێنەوە نێو وڵاتی خۆیان. لەو بۆنەیەدا ناوبراو سەرکۆنەی هێرشە مووشەکییەکەی ئێرانی بۆ سەر ئیسرائیل کرد و گوتی، ئەوە توندترین هێرشی ئێران بووە بۆ سەر ئیسرائیل، بووە بە هەڕەشەیەک کە ئەگەری ئەوەی تێدایە رەوشی ململانەکانی ئەو ناوچەیە بۆ ماوەی دوورمەودا تووشی شەڕ و ڕووبەڕووبونەوەی قورس بکات، ئاژاوەیەکی هەرێمایەتی بنێتەوە. چونکە هەریەکە لە ئیسرائیل و ئێران و ئەمریکاش هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوە دەکەن.
ئالبەنی گوتویەتی ئیسرائیلیش وڵاتێکە مافی ئەوەی هەیە بەرگری لە خۆی بکات، بەڵام داوای لێکرد رەوشەکە بەرەو ئاڵۆزیی زیاتر نەبات.
دەیلی تەلەگراف
هێزەکانی بەریتانیا ناتوانن بەرگری لە ئیسرائیل بکەن
هێزی ئاسمانیی پاشایی چەکی پێویستی وای نییە بتوانێت بەرەنگاریی مووشەکە ئێرانییەکان بکات. دەڵێن فڕۆکەکانیان ئامادەیی ئەوەیان تێدانییە.
شارەزایەکی بواری بەرگریی سەربازی دەڵێت، هێزی چەکداری بەریتانیا ئەو توانایەی نییە ئیسرائیل لە کاریگەریی موشەکە ئێرانییەکان بپارێزێت. ئەوان دەڵێن، فڕۆکە جەنگییەکانی جۆری تایفوونی بەریتانی چەکی وای نییە، کە بتوانێت رووبەڕووی ئەو مووشەکانە ببێتەوە، کە ئێران رۆژی سێشەممە بۆ هێرش کردنە سەر ئیسرائیل بەکاریهێنان. بۆیە بەریتانیا مەگەر هەر بتوانێت لە تەنیشتی ئەمریکاوە هاوکاریی ئیسرائیل بکات، بۆئەوەی ئەمریکا بتوانێت هاوپەیمانەکەی خۆی بپارێزێت.
سێر بن واڵاس، وەزیری پێشووی بەرگریی بەریتانیا دەڵێت، وڵاتەکەی چەکی دژە مووشەکی جۆری 45 ـی هەیە و ئەمانەش ناتوانن بەرەنگاریی مووشەکە ئێرانییەکان بکەن.

فاینەنشیەڵ تایمز
کۆمپانیای تۆیۆتا و کۆمپانیای جۆبیی ئەمریکی تاکسیی فڕیو دروست دەکەن
تۆیۆتا دەیەوێت بڕی 500 ملیۆن دۆلار وەبەرهێنان لەگەڵ کۆمانیای جۆبیی ئەمریکیدا بخاتە کار، بۆئەوەی بتوانن تاکسیی فڕیو بۆ نێو ئەمریکا دروستبکەن. بڕیارە ئەم دوو کۆمپانیایە پێکەوە لە ساڵی داهاتوودا تەکسیی فڕیو لەو وڵاتە بخەنە بواری کارپێکردنەوە.
کۆمپانیای جۆبی، کە تازە سەریهەڵداوە ئەم پرۆژەیە وەک گەورەترین پرۆژەی وەبەرهێنانی دەرەکیی خۆی دەبینێت و دەیەوێت تاکسیی فڕیو بۆ ناوەندە ئابوری و بازرگانییەکانی ناو ئەمریکا دروستبکات.
رۆژنامە عەرەبییەکان
میللەت
تورکیا هەنگاوەکانی گواستنەوەی هاووڵاتییانی لە لوبنان دەستپێکرد
تورکیا لە ئێستادا پلانی گواستنەوەی هاووڵاتییانی تورکی لە لوبنان کۆتایی پێهێنانەوە، بەنیازە لە رێگەی ئاسمانی و دەریاییەوە بەشێوەی ئۆپەراسیۆن سەرجەم هاووڵاتییانی خۆی لەو وڵاتە بگوازێتەوە.
گواستنەوەی هاووڵاتیانی تورکی نیشتەجێی لوبنان، لەرێگەی فڕۆکەکانی جۆری ئەی ٤٠٠ ئێمەوە دەبێت کە بە کۆجا یوسف بەناوبانگن، لەگەڵ سی 130 هەرقڵ. لەرێگەی دەریایشەوە دوو کەشتی لە جۆری 2 لە سە تە چاوەڕی فەرمانی دەستپێکردنی گواستنەوەکان دەکەن و لەمەرسینەوە بەڕێ دەکەون.
لەرێگەی یەکەم گەشتەوە دەتوانرێت 2 هەزار و 500 کەس بگوێزرێتەوە، هەریەک لە بەندەرەکانی بەیرو، ترابلوسشام بەکاردەهێنرێن.
سەرچاوە دیپلۆماسییەکان ئاماژە بەوە دەکەن نزیکەی 13 هەزار هاووڵاتی تورکیا لە لوبنان نیشتەجێن و ناویان تۆمارکراوە، بەڵام ئەوانەی ناویان تۆمار نەکراوە نزیکەی 27 هەزار دەبن.

ئاکیت
جەهەپە ئیستانبوڵی تا گەرووەکەی پیس کردووە
ئەکرەم ئیمامئۆغڵو کە سەرۆکی شارەوانی ئیستانبوڵ، کراوەتە ئامانجی رۆژنامەی ئەکیتی نزیک لە دەسەڵات، ئەو بە مانشێتێکی گەورە نوسیوێتی جەهەپە ئیستانبوڵی هەتا گەرووەکەی پیس کردووە.
رۆژنامەمە نوسیویەتی، جەهەپە کە چیتر توانای ئیدارەدانی شارەوانی ئیستانبوڵی نەماوە، ئەوەتا لە ١٠ شوێنەوە ئاوی پیس، لەرووی بایۆلۆجی، پاشەڕۆی کارگە و دامەزراوەکان دەرژێنە گەرووی ئیستانبوڵ کە بە بوکی جیهان ناسراوە.
وێنەی پیسبوونی گەرووی ئیستانبوڵ بە ئاشکرا هەست پێدەکرێت کاتێک لە ئاسمانەوە وێنەی دەگریت، ئەمەش بووەتە مایەی نارەزایی هاووڵاتییان و هاوکات ئەمە بە خراپی کار دەکاتە سەر پیسبوونی ژینگەی دەریای مارمارە.
یەنیچاغ
دادوەری دۆسیەی ئەرگەنەکۆن دەستگیر کرا
میت و بەرێوەبەرایەتی ئاسایشی ئەنقەرە، دادوەری دۆسیەی ئەرگەنەکۆن، مستەفا کاراتای-ان دەستگیر کرد کە ماوەی ٨ ساڵە لە لیستی داواکراوەکانی دۆسیەی تایبەت بە گروپی فەتحوڵاچییەکانە.
لە ئۆپەراسیۆنەکەدا لە نێو ماڵەکەی خۆی لە ئەنقەرە لەنێو دۆڵابی جلوبەرگەکاندا خۆی شاردبوویەوە.
کاراتای لە دۆسیەی ئەرگەنەکۆندا وەک دادوەر ئەرکی پێدرابوو، ١٤ بەرپرسی باڵای سوپا و جەنەراڵی خانەنشینی تێدابوون.
سۆزجو
جوتیارانی پەموو ئاوات بە سەردەمی ئەتاتورک دەخوازن
جوتیارانی تورکیا دەڵێن ئەتاتورک هات جووتیاری کرد ئەفەندی میللەت، حکومەتی ئێستا کردوونی بە کۆیلە.
لە ئێستادا پەموو لە خراپترین دۆخی خۆیدایە، لە دیاربەکر نزیکەی ٤٠٠ هەزار تۆن پەموو لە بەرئەوەی پارەی بەرهەمهێنانی دەرنەکردووەتەوە هێشتا لە خەرمانەکەیدا ماوەتەوە. تێچووی پەموو ٣٢ لیرەیە، بازرگا بە ٢٢ لیرە دەیکڕێتەوە. سەرۆکی ژووری جووتیاران ئیسکەندەرئۆغڵو گلەی زۆر دەکات و دەڵێت، دەڵێن ئەتاتورک جووتیاری کرد ئەفەندی میللەت، حکومەتی ئێستا کردوونی بە کۆیلە.