زووم..
رۆژنامە عەرەبییەکان
شەرقلئەوسەت
ئیسرائیل سنوورەکان دەبڕێت لوبنانیش داوای یارمەتی لە دەرەوە دەکات
بەدرێژایی دوێنێ لوبنانییەکان لە دڵەڕاوکێی ئەو راپۆرتانەدا دەژیان کە باسیان لە ئۆپراسیۆنی زەمینی ئیسرائیل بۆسەر لوبنان دەکرد، ئەمریکاش دەڵێت، ئیسرائیل بە کردەیی دەستی بە جێبەجێکردنی ئۆپراسیۆنە زەمینییەکەی لەنێو خاکی لوبنان کردووە.
رۆژنامەی شەرقلئەوسەت لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئەمنییەوە بڵاویکردووەتەوە، سوپای لوبنان لە هەندێک ناوچەی سنووری باشووری وڵاتەکە کشاوەتەوە و دەنگی هاتنەناوەوەی تانک و ئۆتۆمبێلەکانی ئیسرائیل بیستراوە کە نزیکبوونەتەوە لە هێڵی جیاکەرەوە لەگەڵ لوبنان.
قودسی عەرەبی
خاوەنپێداویستیی تایبەت لە غەزە لە ئازارێکی مرۆیی گەورەدا دەژین
کەسانی خاوەنپێداویستی تایبەت لە غەزە لە ئازارێکی نەبڕاوەی مرۆییدا دەژین بەهۆی ئەو جەنگەی لە وڵاتەکەیان بەڕێوەدەچێت.
رۆژنامەی قودسی عەرەبی راپۆرتێکی لەسەر بارودۆخی ژیانی خاوەنپێداویستییە تایبەتەکان بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوە کرد، لە کاتێکدا لە غەزە جەنگ بەردەوامە و ئیسرائیل بەردەوامە لە کۆمەڵکوژی، هاووڵاتیان ناچارن بەردەوام ئاوارەببن، بەڵام کەسانی خاوەنپێداویستیی تایبەت بێبەشن لە کورسی گواستنەوە یان هەر کەرەستەیەکی دیکە کە یارمەتیدەریان بێت بچنە شوێنە پارێزراوەکان.
عەرەبی جەدید
پاساو ئامادەیە بۆ دووبارەبوونەوەی خۆپیشاندانەکانی تشرین لە عێراق
ساڵیادی خۆپیشاندانەکانی تشرین لە عێراق کە لە ساڵی 2019 بەڕێوەچوو و تێیدا زیاتر لە 800 کەس گیانیان لەدەستدا و نزیکەی 28 هەزار کەس برینداربوون، هاوکاتە لەگەڵ پەرەسەندنی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر لوبنان و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە.
رۆژنامەی عەرەبی جەدید لە زاری چەند چالاکێکی مەدەنی و ناڕازییەوە بڵاویکردووەتەوە، دۆخی ئێستا لەبار نییە بۆ هیچ گردبوونەوە و خۆپیشاندانێک لەناو عێراق، بەتایبەت کە لە ئێستادا خەریکە بازنەی هێرشەکانی ئیسرائیل، عێراقیش دەگرێتەوە.
سەباح
دوو خولی نوێی وەبەرهێنانی نەوت و غاز لە عێراق بەڕێوەدەچێت
لیژنەی نەوت و غاز و سامانە سروشتییەکانی پەرلەمانی عێراق ئاشکرایکرد، ئاراستەیەکی حکومی هەیە بۆ بەڕێوەچوونی دوو خولی نوێی وەبەرهێنانی نەوت و غاز.
عەلی شەداد فارس، ئەندامی لیژنەکە بە رۆژنامەی سەباحی راگەیاند، دەیانەوێت لەم دوو خولەدا بەڕێوەبەر و بەرپرسانی وەزارەتی نەوت بانگهێشت بکەن بۆ گفوتگۆکردن لەسەر ئەو ناوچانەی وەبەرهێنانیان تێدا دەکرێت.
رۆژنامە فارسییەکان
ئەبرار
مەترسییەکی گەورە بۆ ئیسرائیل و ئێران هەیە
ئێران دوای دەرکردنی سوپای سەدام حوسێن، بە شانازی بە سەرکەوتنە سەربازییەکانییەوە بڕیاری داگیرکردنی بەسرەی دا کە یەکێک لە هەڵە گەورەکان بوو. کۆتاییهێنان بە شەڕ لە هەمان کاتدا باشترین بژاردە بوو.
ئیسرائیل ئەمڕۆ لە دۆخێکی هاوشێوەدایە، لە چوار بەرەدا شەڕ دەکات و زیادەڕەویکردن لە ئۆپەراسیۆنەکان رەنگە زیانبەخش بێت.
وڵاتانی عەرەبی هەرگیز قبوڵ ناکەن ئیسرائیل و ئێران و تورکیا دەسەڵات بەدەستبهێنن، بۆیە باشترین ڕێڕەوی ئیسڕائیل ئەوەیە کە کۆتایی بە شەڕەکە بهێنێت و بچێتە ناو دانوستانەکانەوە.
دەستوەردانی ئێران بۆ ئەم ململانێیە تەنیا یارمەتیدەرە بۆ بەهێزکردنی پێگەی ئیسرائیل و بۆیەش باشترە ئێران دەستوەردان نەکات، چونکە ململانێکان بە زیانی هەردوو وڵات کۆتایی دێت.
ئەفکار
سامانی ئاژەڵ %11ـی ئابووریی نیشتیمانیی ئێران پێکدەهێنێت
سەرۆکی پەیمانگای توێژینەوەی زانستی ئاژەڵداری رایگەیاند: پشکی ئاژەڵداری لە کۆی بەرهەمی نیشتمانیی ئێراندا لەسەدا 11یە.
نادر ئەسەدزادە، ئەم پیشەسازییەی بە یەکێک لە پایە سەرەکییەکانی ئابووریی کشتوکاڵی زانی و گوتی: دەستکەوتەکانی توێژەرانی زانستی ئاژەڵان بەتایبەتی لە بەکارهێنانی پاشماوەی کشتوکاڵیدا رۆڵێکی گرنگی هەبووە لە کەمکردنەوەی تێچوون و پاراستنی ژینگە.
ئەسەدزادە جەختی لە پێویستی بەخێوکردنی ئاژەڵ لەسەر بنەمای زانستی و پەرەپێدانی ئەم کەرتە کردەوە لە دروستکردنی هەلی کار و گەشەپێدانی گوندەکان و بە هۆکارێکی گرنگی زانی بۆ گەشەی ئابووری بەردەوام و ئاسایشی خۆراک.
باختەر
دەستگیرکردنی 136 فرۆشیاری مادە هۆشبەرەکان لە کرماشان
فەرماندەی پۆلیسی شاری کرماشان رایگەیاند، لە چوارچێوەی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ فرۆشیارانی مادەی هۆشبەر لەم شارەدا 136 کەس دەستبەسەر کراون.
محەمەد رەزا یاری رایگەیاند: ئەفسەرانی پۆلیس بە ئەنجامدانی کاری هەواڵگری، توانیان ئەو خانوو و دوکانانە دەستنیشان بکەن کە مادەی هۆشبەریان تێدا دەفرۆشرا و دوای هەماهەنگی لەگەڵ دەسەڵاتی دادوەری، 136 فرۆشیاری مادە هۆشبەرەکان دەستگیرکران، هەروەها دەستبەسەر 3 کیلۆ و 577 گرام مادەی هۆشبەر گیرا.
مەردوم سالاری
هەشت کەس بە خواردنەوە کحولییەکان گیانیان لەدەستدا
بەهۆی ژەهراوی بوون بە خواردنەوە کحولیەکانەوە، لە مازەندەرانی باکووری ئێران هەشت کەس گیانیان لەدەستدا.
عەلی عەباسی، بەڕێوەبەری گشتیی پزیشکی دادوەری مازەندەران رایگەیاند، ژمارەی گیانلەدەستدان بە هۆی ژەهراویبوون بە مەی لە پارێزگاکە زیادی کردووە و بەهۆی خەواندنی نەخۆشە سەختەکان لە نەخۆشخانە، ئەگەری زیادبوونی ژمارەی گیانلەدەستدان هەیە.
بەڕێوەبەری پزیشکی زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی مازەندەران پێشتر رایگەیاندبوو، 57 کەس بەهۆی خواردنەوە کحولییەکانەوە روویان لە ناوەندە پزیشکییەکان کردووە و لێکۆڵینەوەی زیاتر لەسەر ئەم رووداوە بەردەوامە و هۆشداری دراوە لە دەرئەنجامە مەترسیدارەکانی خواردنەوەی کحول.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
دەیلی تەلەگراف
نەتانیاهۆ هۆشداری بە ئێران دەدات و دەڵێت چاومان لێتە
ئیسرائیل ئامادەکارییەکانی بۆ داگیرکردنی لوبنان دەستپێکردووە، لەمڕووەوە هۆشداری دەدات بە تاران و دەڵێت، هیچ شوێنێک نییە دەستی ئێمەی پێ نەگات.
لە پاش بانگهێشتکردنی هێزە سەربازییەکانی وڵاتەکەی بۆ ئامادەکارى بۆ ئەنجامدانی هەڵمەتی داگیرکردنی لوبنان، بنیامین نەتانیاهۆ هۆشداریی دا بە ئێران و پێیگوت هیچ شوێنێک لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بوونی نییە، کە دەستی سوپای ئیسرائیلی پێ نەگات.
نەتانیاهۆ بە زمانی ئینگلیزی گوتارێکی ئاراستەی هاووڵاتیانی ئێران کرد و پێیگوتن تاران کەوتووەتە جموجوڵ بۆئەوەی شەڕی راستەوخۆ لە دژی ئیسرائیل بەرپا بکات.
هەر لە کاتی گوتارەکەی ئەودا تانکەکانی سوپای وڵاتەکەی بەرەو باکور و بە دیوی سنوری لوبناندا دەکشان. یوئاڤ گالانتی وەزیری جەنگیش لە سەر سنوور بوو.
وۆڵ ستریت جۆرنەڵ
میلیشیاکانی لوبنان خراپ تێگەشتبوون، وایاندەزانی ئیسرائیل لاوازە و ئێران زەبەلاحە
چەند هەفتەیەک لە پاش پەلامارەکەی حەوتی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردووی حەماس بۆسەر ناوخۆی ئیسرائیل، سەرۆکی گروپەکەی حزبوڵا گوتارێکی توندی دا، تیایدا هۆکاری بەشداریکردنی چەکدارەکانی خۆیانی لەگەڵ حەماسدا و لە دژی (دوژمنی زایۆنی) روونکردەوە.
گوتی، ئیسرائیل ترسی لێنیشتوە و دەلەرزێت، هەر لەو بۆنەیەدا گوتی دەسەڵاتی ئیسرائیلی لە تەونی جاڵجاڵۆکە لاوازترە. بەڵام جیاواز لە هەموو بۆچونەکانی سەرکردەکانی گروپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران توانای دەوڵەتی ئیسرائیل لەم جەنگەدا مێژوویی و وێرانکەر بوو.
هەر لە لوبنانەوە بۆ سوریا و بۆ عێراق و بۆ هەر کوێیەک کە ئەو وڵاتە ویستبێتی وەڵامی بداتەوە. ئەمڕۆ نەسروڵا و زۆربەی سەرکردە باڵاکانی دیکەى حزبوڵا مردوون، ئاماژەش روونە دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیلی دزەی کردووەتە ناویانەوە. ئەمە هەمووی ئەنجامی دوو هەڵەی ستراتیژییە، کە لەلایەن نەسروڵاوە ئەنجامدراوە. یەکەمیان دروستکردنی ئەو روانینە هەڵەیە لەسەر ئیسرائیل هەڵەی خۆی بوو، دووەمیشیان لە پشتبەستنیشی بە ئێران دیسانەوە بەهەڵەدا چووبوو.
تایمز
هەر پەنابەرێک بگات بە بەریتانیا سێ ساڵ لە ئوتێلدا دایدەنێن، پێش ئەوەی وەڵامی بدەنەوە
رۆژنامەی تایمز هەواڵی زانیووە، کە بەهۆی زۆربوون و کەڵەکەبوونی ژمارەیانەوە، ئەو پەنابەرانەی دەگەن بەو وڵاتە بۆ ماوەی سێ ساڵ لەنێو ئوتێلەکاندا نیشتەجێ دەکرێن و دەهێلدرێنەوە، ئەمجا سەرەیان دێت بۆئەوەی سەیری داخوازیی پەنابەرییەکانیان بکرێت.
ئەم ماوەیە زۆر لەوکاتە زیاترە، کە پارتی کرێکاران بە خەمڵاندنی خۆی داینابوو بۆ یەکلاییکردنەوەی کەیسی پەنابەرەکان. لە ئێستادا نزیکەی سی هەزار پەنابەر هەن کە لەنێو ژمارەیەکی زیاتر لە 250 ئوتێلدا نیشتەجێ کراون، خەرجیی دابینکردنی پێداویستییەکانیان لە هەر رۆژێکدا چوار ملیۆن و 200 هەزار پاوەندە. ستامەر لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەکاندا بەڵێنی دابوو کێشەی پەنابەرەکانی ناو ئوتێلەکان کۆتایی پێبهێنێت، بەڵام پێناچێت ئەوە بەم زووانە سەربگرێت.
رۆژنامە تورکییەکان
سەباح
ئەردۆغان داوا لە نەتەوەیەکگرتووەکان دەکات هێز بەکاربهێنێت
رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا داوا دەکات کە هاوپەیمانێتیەک پێکبهێنرێت لە دژی ئیسرائیل.
ئەردۆغان لە کۆبوونەوەی نەتەوەیەکگرتووەکاندا داوای کردووە دەسەڵاتی بەکارهێنانی هێز بەپەلە کاری لەسەر بکرێت.
لەبەشێکی تری قسەکانیدا ئەردۆغان ئاماژەی بەوەداوە، ئەو شەڕەی لە کەرتی رۆژئاواو لوبنان سەریهەڵداوە دەبێت وڵاتانی ئیسلامی کاردانەوەیان هەبێت بەرامبەر. هاوکات هەموو ئەو وڵاتانەی کە دژی بەربەرێتی مۆدێرنەن، دەبێت یەک بگرن.
سۆزجو
شوێنکاری سورییەکان مۆریان لێدەدرێت
شوێنکاری سورییەکان لە بازاڕەکانی تورکیا مۆریان لێدەدرێت، یەکەم شوێن کە ئەم هەنگاوەی لێوە دەستپێدەکات،شارەوانی شاهینبەیە لە غازیعەنتاپ.
هاووڵاتیانیش بە دروشمی دەستەکانت خۆش بێت سەرۆک، پشتیوانیان لە هەنگاوەکەی ئومید یڵماز سەرۆکی شارەوانی شاهینبەیە کرد.
سەرۆکی شارەوانی کە لە دەستی پارتی گەلی کۆماری جەهەپەدایە، لەدوای چاودێری کردنی دوکانەکە، بەم شێوەیە باسی لەو تابلۆیە کرد کە دەیبینی:” چوومە پێنج دوکانەوە، سێیان سووری بوون، نە مۆڵەتیان هەبوو نە باجیان دەدا.لەکاتێکدا کاسبکارانی من دەگرین لەداخا، بێگومان دەچم دوکانی بیانیەک دادەخەم کە مۆڵەتی نییە. لەمەودوا رێگە نادەین شوێنکاری بێمۆڵەت بکرێتەوە.”
جمهورییەت
رۆژەڤی خەڵک لە پەرلەماندا باسیان لێوەناکرێت
رۆژنامەی جمهورییەت دەلێت، هەژاری و برسێری رۆژ بەرۆژ زیاد دەکەن، کەچی . رۆژەڤی خەڵک لە پەرلەماندا باسیان لێوەناکرێت.
خێزانێکی چوار کەسی بۆ ئەوەی بە تەندروست و هاوسەنگییەوە بژێت، خەرجی یەک مانگیان(لە سنووری برسێتیدا) بۆ 19 هەزار و 831 لیرە بەرزبووەتەوە.
جیاوازی کەمترین مووچە لەگەڵ برسێتیدا 2 هەزار و 829 لیرەیە.
لەم دۆخەدا پەرلەمانی تورکیا کە دوایین رۆژی وەرزی رابردووی بە شەڕی جان ئاتاڵای کۆتایی پێهێنا. ئەمڕۆ جارێکی تر دەستدەکاتەوە بە وەرزی نوێی یاسادانان. بەڵام ئەوەی تێبینیە، هیچ کام لە پرسەکانی باج و کێشەی خانەنشینان و هەڵاوسان لەلایەن پەرلەمانتارانی ئاکپارتی و مەهەپەوە باسیان لێوەناکرێت.
یەنیشەفەق
ئیسرائیل تەنها غەزەی ناوێت بەڵکو دەیەوێت بگات بە تورکیا
نومان کورتوڵموش سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا ئاماژەی بە مەترسیەکانی ئەگەری فراوان بوونی شەڕەکانی ئیسرائیل لە لوبنان و غەززە باس کرد و ئاماژەی بەوەدا کە مەترسی هەیە لەسەر خاکی سوریاوە ئەم جەنگە بەرەو تورکیا بێت.
کورتوڵموش ئاماژە بەوە دەکات، ئامانجی ئیسرائیل لە هێرشەکانی بۆ سەر لوبنان هاوکات هێرش بۆسەر سوریا، بە دەستهێنانی خاکی بەڵێنپێدراوە کە لە نیلەوە تا فورات دەگات. کە بێگومان لەنێو ئەم ئامانجەشیاندا تورکیا هەیە