زووم..
بەرهەم حسێن ڕەمەزان
سەرچاوەیەک لە وەزارەتى دارایی عێراق بە زوومى راگەیاند، پێشبینى دەکەین، ئەمڕۆ بڕێکى دیکە پارە بۆ مووچەى مانگى هەشتى مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان بنێرن.
مووچەخۆران لەماوەى سێ مانگدا تەنها مووچەى مانگى حەوتیان وەرگرتووە و مووچەى مانگەکانى هەشت و نۆ هێشتا دابەشنەکراوە، حکومەتى هەرێمى کوردستان بیانووى دابەشنەکردنى بۆ ئەو 243 ملیار دینارە دەگەڕێنێتەوە، کە بەغداد هێشتا نەیناردووە.
زووم، قسەى لەگەڵ سەرچاوەیەکى باڵا لە ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان و وەزارەتى دارایی عێراق کرد، سەرچاوەکەى ئەنجومەنى وەزیران گوتى، نایشارینەوە پارەمان لەبەردەستە بۆ دابەشکردنى مووچە، بەڵام تاوەکو بەغداد ئەو پارەى گلیداوەتەوە نەینێرێت، مووچە دابەشناکەین و ئەو دەڵێت، ئەمەى بەغداد دەیکات، بیناوگرتنە و لە رۆژى شەممەوە هەموو ئەو داواکارییانەى هەیانبووە بۆمان ناردوون.
سەرچاوەکەى وەزارەتى دارایی لەبارەى کێشەکە دەڵێت، بەڕێوەبەرى بەشی ژمێریارى واژۆى ناردنى پارەکەى کردووە، بەڵام تەیف سامى، وەزیرى دارایی لە دەرەوەى وڵات بووە، بۆیە دەبێت واژۆى کۆتایی ئەو بیکات.
ئەو دەڵێت، دوێنێ چاوەڕێ بووین تەیف سامى واژۆى بکات، بەڵام ئەگەرى زۆرە ئەمڕۆ پارەکە بنێرین، ئەگەر پێشهاتێکى دیکە نەیەتەپێش.
ئێستا حکومەتی هەرێم بڕی 755 ملیار دیناری لەبەردەستە بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی هەشت کە پێویستی بە 998 ملیار دینارە. حکومەتی هەرێم لەگەڵ داهاتی ناوخۆ دەتوانێت مووچە دابەشبکات، بەڵام بەگوێرەی بەدواداچوونێکی زووم، داهاتی ناوخۆ لە حکومەتی عێراق دەشارێتەوە.