زووم..
هاوسەرۆکەکانی دەم پارتی کوشتنی حەسەن نەسروڵا سەرکۆنە دەکەن و دەڵێن، ئەم رووداوە دەبێتە هۆی قوڵ بوونەوەی قەیرانەکان لە ناوچەکەدا.
بەگوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی میزۆپۆتامیا لە راگەیەنراوێکی هەریەک لە تولای هاتیم ئۆغوڵاری و تونجای بەکرهان، هاوسەرۆکەکانی دەم پارتی سەبارەت بە هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر بەیروت و کوشتنی حەسەن نەسروڵا ئاماژەیان بەوە کردووە، هێرشەکان هیچ ئەنجامێک بەدەست ناهێنن.
هاوسەرۆکەکانی دەم پارتی داوای کۆتایی هاتنی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان دەکەن کە خەڵکی مەدەنی کراوەتە ئامانج.
داواشیان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان و رێکخراوە نێودەوڵەتییە پەیوەندیدارەکانی دیکە کردووە، رێوشوێنی خێرا بگرنەبەر بۆ راگرتنی دەستدرێژییەکانی ئیسرائیل لە ناوچەکەدا.