زووم…
عەباس عەراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، ئەمریکا هاوبەشە لە کوشتنی حەسەن نەسروڵا، ئەمینداری گشتیی حزبوڵای لوبنان و ناتوانێت خۆی لەو راستییە لابدات، لەکاتێکدا بەرپرسانی ئەمریکا رایانگەیاندووە ئاگاداری ئۆپراسیۆنەکەی ئیسرائیل نەبوون.
عەباس عەراقچی لە پەیامێکدا بۆ کوژرانی حەسەن نەسروڵا گوتی: کوژرانی نەسروڵا بە بێ وەڵامدانەوە تێناپەڕێت، هێزی حزبوڵا زیاتر دەکات و نابێتەهۆی تێکدانی بەرەی مقاوەمە.
دوێنێ شەممە سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، لە هێرشەکەی هەیینی بۆ سەر چەند باڵەخانەیەکی باشووری بەیروت، حەسەن نەسروڵا و چەند بەرپرسێکی دیکەی باڵای حزبوڵا کوژراون.
سەرۆک ئەرکانی سوپای ئیسرائیلیش گوتی: پەیامەکەیان سادەیە، هەر کەسێک ببێتە مایەی هەڕەشە بۆ هاووڵاتیانی وڵاتەکەیان، دەستیان پێی دەگات.
هاوکات دوای ئۆپراسیۆنەکەی ئیسرائیل، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ئەوان هیچ زانیارییەکیان لەبارەی هێرشەکەوە نەبووە و بەشداریشییان تێیدا نەکردووە، بەڵام لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا ئاشکرایکرد، هەرچەندە پێشتر هیچ زانیارییەکیان پێنەدراوە، بەڵام لەسەروبەندی ئەنجامدانی هێرشەکە لەلایەن بەرپرسانی ئیسرائیلەوە ئاگادارکراونەتەوە.