زووم..
رۆژنامە فارسییەکان
روزگار
ئاستی ئاوی دەریای خەزەر لە ماوەی دوو ساڵدا 70 سانتیم دابەزیوە
سەرۆکی دامەزراوەی توێژینەوەی ئاوی ئێران رایگەیاند کە لە ساڵی 1996ـەوە تا ئێستا ئاستی ئاوی دەریای خەزەر دوو مەتر دابەزیوە.
محەممەد ڕەزا کاڤیان پوور گوتیشی: تەنها لە دوو ساڵی رابردوود ئاستی ئاوی دەریای خەزەر نزیکەی 70 سانتیم کەمیکردووە و رەوتی دابەزینی ئاستی ئاو لەمساڵدا بەردەوام دەبێت و ئەمەش کاریگەری بەرفراوانی دەبێت لەسەر ماسی، کشتوکاڵ، بەندەر و کەشتیوانی لە ئێران و وڵاتانی دراوسێی دەریای خەزەر.
ناوبراو داوای هاوکاریی نێوان وڵاتانی دەوروبەری خەزەر دەکات بۆ بەڕێوەبەرایەتیی گونجاوی ئاو لەپێناو رێگری لە قەیرانی ژینگەیی.
کار و کارگەر
کرێکارانی کرێچی لە دەوروبەری تاران شوێنیان دەستناکەوێت
هادی سەرخۆش، شرۆڤەکاری بازاڕی خانووبەرە دەڵێت: هەرچەندە زۆرێک لە کرێنشینان کۆچیان کردووە بۆ شارەکانی دەوروبەری تاران، بەڵام تاران هێشتا پڕە لە کرێچی و ئەم بابەتە پێویستبوونی دروستکردنی پلاتفۆرمێکی دۆزینەوەی ماڵ بۆ ئەو کەسانە نیشان دەدات.
ناوبراو جەختی لەوە کردەوە کە زۆربەی کرێکاران و مووچەخۆران لە ناوچە ئاساییەکانی تاران دەژین و زیادبوونی هەڵاوسانیش بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی کرێی خانووبەرە که زۆرێک له کرێکاران توانای به کرێگرتنی خانوویان له تاران نەماوه و کۆچیان کردووه بۆ شارەکانی دەوروبەر، بەڵام بەهۆی زیادبوونی خواستەوه کرێی خانوو لەو شارانەش گران بووه و به ناچاری بەشێک له کرێکاران گەڕاونەتەوە بۆ گوندەکان.
ئاسیا
نرخی شیر 20% بەرز کرایەوە
وەزارەتى کشتوکاڵی ئێران رەزامەندى لەسەر زیادکردنى 20٪ی نرخى شیر راگەیاند.
بەرزبوونەوەی نرخی شیر بووەتە هۆی ئەوەی رەخنە لە کەمبوونەوەی بەکارهێنانی شیر لە لایەن بنەماڵەکان و لابردنی ئەم بەرهەمە لە سەبەتەی خۆراکی خەڵکدا بگیرێت لە هەمان کاتدا ئاژەڵدارانیش پێشتر گلەیییان لە زیانە داراییەکان دەکرد بەهۆی زۆربوونی تێچوەکانیان و جەختیان لەوە کردەوە کە دەبێ زووتر ئەم بەرزبوونەوەی نرخە جێبەجێ بکرێت.
سەرەڕای راگەیاندنی نرخی نوێ، شیر لە هەندێک شوێن هێشتا بە نرخی پێشوو دەفرۆشرێت بەڵام بە فەرمی و بەگوێرەی ئاگادارییەکەی جێگری یەکەمی سەرۆککۆمار، نرخی شیری خاو بە رێژەی 20٪ بەراورد بە ساڵی رابردوو بەرزکراوەتەوە.
باختەر
زیادبوونی جیاوازی چینایەتی و پێویستی پلاندانان بۆ شێوازی نوێی گەشتکردنی گەشتیاران
وەحید ئەمیری، جێگری بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری پارێزگای کرماشان رایگەیاند: لە رۆژانی پشووی نەورۆزی ئەمساڵدا 88٪ی مانەوەی گەشتیاران لە ناوەندە نافەرمیەکان بووە و تەنیا 6٪ی خەڵک کاتی سەفەر لە هۆتێلەکان ماونەتەوە.
هۆتێلە چوار و پێنج ئەستێرەکان پڕ بوون، بەڵام هۆتێلە دوو و سێ ئەستێرەکان بە بەتاڵی ماونەتەوە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ کەمبوونەوەی توانای کڕین و بەکرێگرتنی چینی ناوەڕاست و هەژار کە ئەگەر ئەم دۆخە چارەسەر نەکرێت جیاوازی چینایەتی زیاتر دەبێت و گەشتکردن تەنها بۆ دەوڵەمەندەکان سنوردار دەبێت.
رۆژنامە تورکییەکان
جمهورییەت
لە ساڵێکدا زیاتر لە دوو هەزار کەس لە تورکیا بە چەک کوژراون
لەماوەى ساڵێکدا لە تورکیا و باکووری کوردستان دوو هەزار و 318 کەس بەهۆی چەک و تەقەکردنەوە گیانیان لەدەستداوە.
وەقفی ئومێد وەک ناڕەزایەتییەک لە دیاردەى چەک و چەک هەڵگرتن لەلایەن تاکەکانی کۆمەڵگەوە لە ناوچەی لیڤەنت لە ئیستەنبوڵ گردبونەوەیان ساز کرد، لە گردبونەوەکەدا کەسوکاری کوژراوان بەشدارییان کرد.
بەگوێرەى ئامارەکان هەر لە ماوەی ساڵێکدا لە سەرتاسەری تورکیا بەهۆی تەقەکردنەوە سێ هەزار و 820 کەس بریندار بوون.
قەرار
لە ئیستەنبوڵ 784 هەزار کەس قەرزاری بانقەکانن و لەژێر چاودێری دەوڵەتدان
بەگوێرەى ئامارەکانى ئاژانسی پلاندانانی ئیستەنبوڵ، بەهۆی گرانییەوە لە ئیستەنبوڵ لە سێ کەس یەکێکیان قەرزاری بانقە و ناتوانێت قەرزەکەی بداتەوە. بە تەنها لە ئیستەنبوڵ 784 هەزار کەس ناتوانن قەرزی بانق بدەنەوە و بەو هۆیەشەوە چاودێرییان لەسەرە. بەم ئامارە لە 16 ملیۆن سەرژمێری ئیستەنبوڵ سەدا 36 یان قەرزاری بانقەکانن و ناتوانن قەرزەکانیان بدەنەوە.
یەنیچاخ
لە تورکیا رێگری لە گرانبوونی خواردن ناکرێت
ماوەى 52 مانگە بە شێوەیەکی بەردەوام نرخی خواردن بەرز دەبێتەوە. تەنها لە ماوەى یەک مانگدا نرخی خواردن سەدا 1،1 زیادیکردووە و لەماوەى یەک ساڵیشدا نرخەکان سەدا 59 بەرزبووەتەوە.
بەگوێرەى ئامارەکان لە ماوەى 52 مانگدا، نرخی خواردن 13 هێندە بەرزبووەتەوە.
دەزگای ئاماری تورکیا رایگەیاندووە رێژەى هەڵاوسان لەسەر خۆراک لەماوەى ساڵێکدا سەدا 59 بووە.
میلاد
لەمساڵدا 93 هەزار پەنابەری نایاسایی سنوورداش کراونەتەوە
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کۆچبەرانی تورکیا رایگەیاند، لە ساڵى نوێوە تا 20ـی ئەیلول 93 هەزار کۆچبەری نایاساییان لەنێو خاکی تورکیا دەستگیرکردووە و پاشان سنوورداشی وڵاتانی خۆیان کراونەتەوە.
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کۆچبەرانی تورکیا راشیگەیاندووە، بەهۆی توندکردنەوە و چاودێرى وردی سنوورەکانی تورکیا بەشێوەیەکی بەرچاو رێگریی لە هاتنى کۆچبەری نایاسایی کراوە.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
وۆڵ ستریت جۆرنەڵ
ئەو هێرشە ئاسمانییەی حەسەن نەسروڵای کوشت زۆر بەهێز بووە
ئیسرائیل بۆ کوشتنی حەسەن نەسروڵا هێرشێکی زۆر گەورە و توندی ئەنجامداوە. هیرشەکە لە ناوچەیەکی باشوری شاری بەیرووت بووە، خەڵکی ئەو دوروبەرە دەڵێن هێرشەکە زۆر گەورە بووە و یەک گەڕەکی بە تەواوی وێران کردووە. بەڵام ئامانجەکەی خۆی پێکاوە، کەسایەتییەکی ئاینی و سیاسیی کوشتووە، کە ماوەی 30 ساڵە سەرۆکایەتیی ئەو گروپە سیاسییە دەکات و کردوویەتی بە هێزێکی رێکخراوی فراوان. سەرەتا ئەوە روون نەبوو کە نەسروڵا کوژرابێت، بەڵام تەقینەوەکان بە شێوەیەک بوون ریزێک بینایان پێکەوە خاپورکردووە، کە حەسەن نەسروڵا لەژێر زەمینی یەکێکیاندا کۆبوونەوەی هەبووە، بارەگا سەرەکییەکانی حزبەکەشیان هەر لەژێر ئەو بینایانەدا بووە.
عەرەب نیوز
جگە لە ئیسرائیل، لوبنان پێویستی بەوە هەیە لە دوژمنێکی دیکەش بپارێزرێت، کە خۆیەتی
بێگومان کوشتنی حەسەن نەسروڵای سەرکردەی حەماس یارییەکان دەگۆڕێت، نەک تەنها بۆ لوبنانییەکان، بەڵکو بۆ هەموو هەرێمەکە. ئایا دەتوانین بڵێین ئەمەی روودەدات کۆتاییهاتنی حزبوڵایە کە دەیان ساڵە لەناو لوبناندا شەڕ دەکات؟ دەبێت زەمەن وەڵامی ئەم پرسیارە بداتەوە. لەیادمان نەچێت لەو هێرشەی دوێنێدا چەندان سەرکردەی سەربازیی دیکەی ئەو حزبەش کوژراون، ئەمە مانای وایە ئەگەر حزبەکە بتوانێت بەردەوامیش بێت لە کارکردن، هەرگیز ناتوانێت بچێتەوە سەر فۆڕمەکەی پێشووی خۆی. رووداوی تەقاندنەوەی ئامێرەکانی پەیوەندیکردنی وەک پەیجەر و وۆکی تۆکییەکان. کوژرانی سەرکردەکانی وەک فوئاد شوکر و ئەوانی دیکەش مانای وایە ئیسرائیل لە ناوەوەی حزبوڵادا و لەناو خودی لوبناندا ئامادەیی هەیە.
ئۆرشەلیم پۆست
نەتانیاهۆ لەناو نەتەوەیەکگرتووەکاندا بە ئێرانی گوتووە، ئەگەر لێمان بدەن، لێتان دەدەینەوە
لەناو دیدار و کۆبونەوەکەی نەتەوەیەکگرتووەکاندا لە نیویۆرک نەتانیاهۆ راستەوخۆ بە ئێرانی گوتووە هەرگیز بیر لەوە نەکەنەوە راستەوخۆ لە دەوڵەتی جووەکان بدەن. ئەم بانگەوازەی نەتانیاهۆ لە دیدارێکی ئاست بەرزی 79 هەمین کۆبونەوەی باڵای نەتەوەیەکگرتووەکاندا بوو، کە لە نیویۆرک رێکخرا. ناوبراو گوتویەتی، ئەگەر لێمانبدەن، ئێمەش راستەوخۆ لێتان دەدەینەوە. ئەم هەڕەشەیەی نەتانیاهۆ بەیانیی رۆژی هەینی بوو، بە ماوەیەکی کەم و کورت پێش ئەوەی ئەو هێرشە سەختە بکرێتە سەر لوبنان، کە تیایدا حەسەن نەسروڵای سەرکردەی حزبوڵا کوژرا. هەڕەشەکە توند بوو، گوتبووی هیچ شوێنێکی ناو ئێران نییە، کە باسکی بەهێز و درێژی ئیسرائیلی پێ نەگات.
دەیلی تەلەگراف
بایدن دەڵێت کوشتنی نەسروڵا تۆڵەسەندنەوەیەکی خوێنی هەزاران قوربانی بوو
جۆ بایدنی سەرۆکی ئەمریکا بە خۆشحاڵییەوە پێشوازیی لە کوشتنی حەسەن نەسروڵا کرد، کە لەلایەن ئیسرائیلەوە کوژراوە. گوتی ئەوە تۆڵەسەندنەوەیەکی رەوای خوێنی هەزاران قوربانییە. ناوبراو گوتی واشنتن بە تەواوی لەگەڵ ئەوەدایە، کە ئیسرائیل مافی ئەوەی هەیە بەرگری لە خۆی بکات، لەمڕوەوە گوتی ئەو هێرشەی کە نەسروڵای تیادا کوژرا تۆڵەسەندنەوەیەکی باشی خوێنی هەزاران کەسی ئەمریکی و ئیسرائیلی و لوبنانی بووە، کە بە دەستی نەسروڵا و حزبەکەی کوژراون. بایدن داوای کرد، کە بە پەلە هێزێکی ئەمریکی بنێردرێتە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ پاراستنی ئیسرائیل نەوەک ئێران بیر لە تۆڵەسەندنەوە بکاتەوە.
رۆژنامە عەرەبییەکان
شەرقلئەوسەت
کوژرانى نەسروڵا.. شۆکى حزب و بەرە
کوژرانى نەسروڵا، ئەمینداری گشتى حزبوڵای لوبنان، بووەتە شۆکێکی گەورە لە لوبنان و پشتیوانانى، لەبەرەى مقاوەمەش بە هەمان شێوە کە حزبوڵا یەکێکە لە پایە هەرە سەرەکییەکانی.
گریمانە دەکرێت کە جێگری ئەمینداری گشتیی حزبوڵا، شێخ نەعیم قاسم ببێتە جێگرەوەى حەسەن نەسروڵا و ببێتە ئەمینداری گشتیی نوێی حزبوڵای لوبنان.
قودسی عەرەبی
عێراق بە ناردنى 75 تۆن هاوکاریی و بەهانەوەچوون بۆ لوبنانییەکان پیشکەش دەکات
هەڵمەتى عێراقییەکان بۆ لوبنانییەکان بەردەوامە، کە زیاتر لە یەک هەفتەیە لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە بۆردومان دەکرێن و زیاتر لە هەزار کەس شەهید و برینداریان هەیە.
قەبارەى ئەو هاوکارییە مرۆیی و پیداویستییە پزیشکییانەى بەغداد ناردویەتییە سەر سنورەکانى لوبنان، بۆ فریاگوزاریی ئەو هەزاران ئاوارە و لێقەماوانە گەیشتووەتە 75 تۆن، کە زۆرینەیان خۆبەخشانە لەلایەن دامەزراوە حکومى و ئاینیی و خەڵکە خۆبەخشەکانەوە لە بەغداد کۆکراوەتەوە، ئەمە جگە لە پیشوازیی و چارەسەری بریندارەکان لە نەخۆشخانەکانى عێراق .
عەرەبی جەدید
پاڵنەرەکانى تورکیا بۆ ئاساییکردنەوەى پەیوەندییەکانە لەگەڵ ئەسەد
بەم دواییانە، لێدوانەکانى بەرپرسانى باڵای تورکیا بۆ ئاساییرکردنەوەی پەبوەندییەکانى لەگەڵ سوریا و بەشار ئەسەد چووەتە دۆخێکى نوێوە، کە دەخوازن سەرلەنوی پەیوەندییەکانیان بە شێوەیەکى گشتى دەستپێبکەنەوە.
بەشار ئەسەد، سەرۆکى سوریا بۆ دیداری رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە کاتژمێری یەکەمى داخوازییەکى تورکیا بۆ نزیکبوونەوە و دیدار وەڵامی ئەرێنى هەبووە.
عەرەب
قورسیی وەڵامدانەوە پاڵ بە ئێرانەوە دەنێت قەیرانێکی دیکە لە جێگەیەکى دیکە دروستبکات؟
رابەرى باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران، عەلی خامنەیی، داوا لە سەرجەم مسوڵمانان دەکات هاوشانى لوبنانییەکان و حزبوڵا بووەستن، لە لێدوانێکدا کە ئەوەى لێدەخوێندرایەوە بۆ ئێران قورس بێت وەڵامی هێرشەکانى سەر فەرماندەکانى لە سوریا و لوبنان بداتەوە، ئەمەش پاڵ بە ووڵاتەکەوە دەنێت بۆ خاڵیکردنەوەى ئەو قەیرانە، پەنا بباتە بەر دروستکردنى قەیرانى دیکە لە شوێن و جێگەى دیکە.