زووم..
“ریفراندۆم پلانی ئەمریکا و ئیسرائیلە بۆ دابەشکردنی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست”، ئەمە گوتەی حەسەن نەسروڵای ئەمینداریی گشتیی حزبوڵای لوبنانە، کە سوپای ئیسرائیل کوژرانی راگەیاندووە، لەسەر ریفراندۆمەکەی ساڵی ٢٠١٧ـی هەرێمی کوردستان.
نەسروڵا، یەکێک بوو لەو کەسانەی بەتوندی دژی ریفراندۆم وەستایەوە، چەند رۆژێک دوای ئەنجامدانی، نەسروڵا لە لێدوانێکدا گوتی، ریفراندۆمی هەرێمی کوردستان ناوچەکە بەرەو جەنگێکی ناوخۆیی درێژخایەن دەبات.
حەسەن نەسروڵا ئەوکات جەختی لەوەکردەوە، ریفراندۆم تەنها مەترسی نییە بۆسەر عێراق بەڵکو مەترسییە بۆ هەموو ئەو دەوڵەتانەی دیکەش کە کوردیان تێدایە.
ساڵی ٢٠٢٠ ، حەسەن نەسروڵا لە گوتەیەکی دیکەیدا سەبارەت بە هەرێمی کوردستان، قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران و چەکدارانی حزبوڵای بە پارێزەری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان لەدەست داعش ناوبرد، ئەوکات گوتی، ئەگەر قاسم سولەیمانی نەبووایە هەولێر دەکەوتە ژێر دەستی داعش.
گوتیشی، داوای لە مەسعود بارزانی، سەرۆکی ئەوکاتی هەرێمی کوردستان کردووە، بەتایبەت سوپاسی قاسم سولەیمانی بکات بەهۆی پاراستنی هەولێر لە دەستی داعش.
گوتەکەی ئەوکاتی حەسەن نەسروڵا نیگەرانی و تووڕەیی بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی لێکەوتەوە، چونکە نەسروڵا گوتبووی، لە کاتی هاتنی داعش بەرەو هەولێر لە ساڵی ٢٠١٤، مەسعود بارزانی لە ترسان لەرزیوە و لەو کاتەدا تەنها قاسم سولەیمانی و چەکدارانی حزبوڵا بەهانایەوە چوون و رێگرییان لە هەڕەشەی داعش بۆسەر هەولێر کردووە.
حەسەن نەسروڵا لە گوتەکانی ئەوکاتیدا ئاماژەی بەوەکرد، دەبێت هەرێمی کوردستان وەڵامی ئەو چاکەیەی بەرەی موقاوەمە بداتەوە و ببێت بە بەشێک لە هەوڵەکان بۆ دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق.