زووم..
کوشتنی حەسەن نەسروڵا ئەمینداری گشتی حزبوڵا پرسیاری زۆری لەسەر ئەو کەسە دروست کردووە، کە شوێنی پڕدەکاتەوە، بەتایبەتی دوای ئەوەی ئیسرائیل زۆرینەی سەرکردەکانی هێڵی یەکەمی ئەو حزبەی لەناوبردووە.
لەناو ئەو ناڕوونییەی لە دەوری میکانیزمی هەڵبژاردنی سەرکردەکانی ناو حزبوڵا هەیە، ناوی هاشم سەفێدین، ئامۆزای نەسروڵا و باوکی زاواکەی قاسم سێمانی دێت و لە ئێستادا لە پێشەنگی لیستی کاندیدەکانی جێنشینی نەسروڵادایە.
سەفێدین لە زۆر رووەوە لە نەسروڵا دەچێت، لەوانەش رواڵەتی و شێوازی قسەکردنی، لە ساڵی ١٩٩٤ەوە ئامادەکراوە بۆ ئەوەی سەرکردایەتی حزبەکە بگرێتە ئەستۆ، کاتێک لە قومی ئێرانەوە گەڕاوەتەوە بۆ ئەوەی پۆستی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی جێبەجێکردن وەربگرێت.
لە ماوەی ساڵانی رابردوودا، سەفێدین سەرپەرشتی بەڕێوەبردنی ئۆپەراسیۆنی رۆژانەی حزبوڵای دەکرد، لەوانەش بەڕێوەبردنی دامودەزگاکانی حزبەکە، جگە لەوەش بەرپرسی جێبەجێکردنی سیاسەتە ناوخۆییەکان و پەرەپێدانی هەیکەلی ئیداریی حیزبەکە بووە.
پێگەی سەفێدین لەناو ئەو حیزبەدا بە هۆی پەیوەندییە نزیکەکانی لەگەڵ سەرکردایەتی ئێران بەهێزە، بەو پێیەی لە قوم خوێندوویەتی و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای تاران پەیوەندیی هەبووە.
هەروەها هاوسەرگیری کوڕەکەی لەگەڵ کچی قاسم سلێمانی، فەرماندەی پێشووی سوپای قودس، کە لەلایەن ئەمریکاوە لە لێدانێکی ورددا کوژرا، پێگەی ئەوی بەهێزتر کردووە، ئەمەش وایکرد، کە ببێتە هەڵبژاردەیەکی بەهێز بۆ جێگرتنەوەی نەسروڵا.
بەپێی ماڵپەڕی فەرمی رێکخراوی بەرەنگاربوونەوە، ئێستا هاشم سەفێدین بەرپرسیارە لە سەرپەرشتیکردنی “چالاکییە سیاسی، کۆمەڵایەتی، کولتووری و پەروەردەییەکان”ی حزبوڵا، کە وەک سەرۆکی ئەنجومەنی جێبەجێکردن یەکێکە لە ٧ ئەندامی هەڵبژێردراوی ئەنجومەنی شورای دەسەڵاتداری حزبوڵڵا.
سەفیەدین لە مانگی ئایاری ٢٠١٧ لەلایەن ئەمریکاوە وەک تیرۆریست دەستنیشانکرا.
ئەگەرەکانی جێگرتنەوەی حەسەن نەسروڵا لەلایەن سەفێدینەوە، شتێکی هەر لە خۆوە نییە، بەڵکو ئەگەرێکە زیاتر لە ١٥ ساڵ لەمەوبەر کاری لەسەر کراوە.
سەفێدین لە ساڵی 1964 لە شارۆچکەی دێر قانون ئەلنەهر لە باشووری لوبنان لە بنەماڵەیەکی ناسراوی ناوچەکە لەدایک بووەو لە هەشتاکانی سەدەی رابردوودا لەگەڵ حەسەن نەسروڵا بەرەو شاری قوم لە ئێران بەڕێکەوتن بۆ خوێندنی ئایینی.
لە ساڵی 1983 هاوسەرگیری لەگەڵ کچی محەمەد عەلی ئەلئەمین ئەندامی ئەنجومەنی یاسادانانی ئەنجومەنی ئیسلامی شیعەی لوبنان کردووە و لە ساڵی 1994 نەسروڵا وەک بەرپرسی ناوچەی بەیرووتی حزبوڵا دەستنیشانی کردووە.
لە ساڵی 1995ـوە پۆستی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی جیهادی گرتووەتە ئەستۆ، کە بەرپرسە لە چالاکییە سەربازییەکانی حزبوڵا و وەک ئەندامی ئەنجومەنی شورا دەست بەکاربووە.