زووم…
سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، لە هێرشەکانیان بۆ سەر باشووری لوبنان، چەند سەرکردەیەکی سەربازیی حزبوڵای لوبنانیان کوشتووە، ئاژانسی رۆیتەرزیش دەڵێت، هێشآتا کوژرانی حەسەن نەسروڵا، سەرۆکی حزبوڵا، پشتڕاستنەکراوەتەوە.
بەگوێرەى ئاژانسی فرانس پرێس، سوپاکە کوژرانی هەریەک لە محەمەد عەلی ئیسماعیل، فەرماندەى یەکە مووشەکییەکانى حزبوڵا و جێگرەکەى بە ناوى حسێن ئەحمەد ئیسماعیل لە باشووری لوبنانیان پشتڕاست کردووەتەوە.
لە راگەیەنراوەکەى سوپای ئیسرائیلدا هاتووە، محەمەد ئیسماعیل بەرپرسی سەرەکیی دەیان ئۆپراسیۆن و هیرشی مووشەکی بووە بۆسەر ئیسرائیل و چوارشەممەی رابردوو بە فەرمانى ئەو هێرشە مووشەکییەکانى سەر تەلئەبیب ئەنجامدراوە.
ئاژانسەکە ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات، حزبوڵای لوبنان کوژرانى ئەو سەرکردانەى پشتڕاست یاخود رەتنەکردووەتەوە.
هاوکات شەوی رابردوو، بەشێک لە میدیا سەربازییەکانى ئیسرائیل رایانگەیاند، لە باشووری لوبنان ئەو باڵەخانەیە کراوەتە ئامانج کە حەسەن نەسروڵای تێدابووە و هەواڵگریی سەربازی دەیەوێت لە کوژرانى نەسروڵا دڵنیا ببێتەوە، کەناڵی ١٢ و ١٣ـی ئیسرائیلی، هەواڵی کوژرانى حەسەن نەسروڵایان بڵاوکردەوە.
دواتر ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویکردەوە نزیکەى 14 کاتژمێرە پەیوەندیی لەگەڵ نەسروڵادا پچڕاوە و هێشتا حزبوڵا هیچ راگەیەنراوێکی لە سەرمان و نەمانى رابەرەکەى بڵاونەکردووەتەوە.
هێرشە چڕوپڕەکانى سوپای ئیسرائیل بۆسەر باشووری لوبنان پێی ناوەتە رۆژی پێنجەم و بەرەبەیانى ئەمڕۆش سوپای ئیسرائیل هێرشێکى چڕی بۆسەر دەوروبەری بەیروت ئەنجامدا.