زووم..
رۆژنامە تورکییەکان
یەنی شەفەق
فڕۆکەخانەى ئیستەنبوڵ لە یەک ساڵدا 24.2 ملیار دۆلار داهاتی پەیداکردووە
فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتی ئیستەنبوڵ لەماوەى ساڵێکدا 24.2 ملیار دۆلار داهاتی بۆ نێوخۆی وڵات پەیدا کردووە. ئەم فڕۆکەخانەیە هەلی کاری بۆ 330 هەزار کەس رەخساندووە. بەگوێرەى پێشبینییەکان چاوەڕێ دەکرێت لە ساڵى 2030 دا ساڵانە داهاتى فڕۆکەخاکە بگاتە 44 ملیار دۆلار.
سۆزجو
لە تورکیا لە پێنج منداڵ یەکێکیان بە برسێتی دەچێت بۆ قوتابخانە
بەهۆی گرانیی و قەیرانی ئابووری وڵاتەوە، لە تورکیا لە پێنج منداڵ یەکێکیان بە برسێتی دەچێت بۆ قوتابخانە. ئەمە لە کاتێکدایە وەزارەتی پەروەردەى تورکیا رایگەیاندووە هۆشداری بە دایک و باوکان داوە بەیانیان ماست و شیر و مۆز دەرخواردی منداڵەکانیان بدەن! وەزارەتی پەروەردە بێ ئاگایە لەوەی ملیۆنان منداڵ لە تورکیا هەژارن و بە سکی برسییەوە دەچن بۆ قوتابخانە.
میللییەت
سەرۆکی جەهەپە لە ئەمریکایە
ئۆزگور ئۆزال سەرۆکی گشتیی جەهەپە بە سەردانێکی فەرمی لە ئەمریکایە. ئۆزال بە مەبەستی بەشداریکردنی لە کۆبونەوەى ساڵانەى رێکخراوی سۆسیال ئینتەرناشناڵ لە نیۆرک. جەهەپە وەک ئەندام لەو رێکخراوە بەشدارە. سەردانەکەى ئۆزال هاوکات بوو لەگەڵ سەردانەکەى سەرۆککۆماری تورکیا بۆ ئەمریکا بۆ بەشداریکردن لە کۆبونەوەى نەتەوەیەکگرتووەکان.
ئاکیت
هەماهەنگی نێوان عێراق و تورکیا لە بواری سەربازییدا زیاتر بووە
یەشار گولەر وەزیری بەرگری تورکیا رایگەیاند، لەم دواییەدا هەماهەنگی نێوان عێراق و تورکیا لە بواری سەربازییدا زیاتر بووە و بە گرنگییەوە لەو پەیوەندییە و هەماهەنگییەمان لەگەڵ عێراق دەڕوانین.
گولەر گوتیشی: ئۆپراسیۆنەکان لەنێو خاکی هەرێمی کوردستاندا درێژەى هەیە.
رۆژنامە عەرەبییەکان
شەرقلئەوسەت
بەرهەم ساڵح: عێراق بەرگەى ئەوە ناگرێت بەرەو جەنگ بخزێت
سەرۆکى پێشووتری کۆماری عێراق دەڵێت، وڵاتەکەى بەرگەى ئەوە ناگرێت بەرەو جەنگ بخزێت، لەکاتێکدا ناوچەکانى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست بە خێرایی بەرەو ئاگرەکە راپێچدەکات.
بەرهەم ساڵح دەڵێت، لە ماوەى هەفتەکانى رابردوودا چەند دیدارێکى لەگەڵ خاوەن بڕیارە سیاسییەکان لە بەغداد و واشنتن ئەنجامداوە و سەرنجی خستووەتە سەر قەیرانەکانى فەلەستین و لوبنان، دەشڵێت سەرەڕای مەترسیی ئەو قەیرانانە، بەڵام گەشبینە لەو هەوڵانەى بۆ ئارامکردنەوەی دۆخەکە دەدرێت.
قودسی عەرەبی
ئیسرائیل زیانەکانى لە جەنگی لوبناندا دەشارێتەوە
لەو رووبەڕووبوونەوەیەی تێیکەوتووە لەگەڵ حزبوڵای لوبنان، توێژەران و رۆژنامەنووسان سەرنجیان خستووەتە سەر ئەوەى ئیسرائیل زیانە گیانی و مادییەکانى خۆی لە جەنگی نێوان سوپای ئیسرائیل و حزبوڵا دەشارێتەوە، ئەوەش وەک بەشێک لەو چوارچێوە ستراتیژیی و سەربازییەى پیادەى دەکات.
ئەو کارەشی لەگەڵ هەر جەنگێکدا دووبارە کردووەتەوە.
تویژەران دەڵێن، ئیسرائیل چاودێرییەکى سەربازیی توندی خستووەتە سەر دامودەزگا راگەیاندنەکانى ئیسرائیل، پەیوەست بەو زیانە مادیی و گیانییانەی لە هێرشەکانى حزبوڵا بەریکەوتووە.
عەرەبی جەدید
رێگای هەڵاتن بەرەو سوریا دەکرێتە ئامانج
لەشکرکێشی بەرفراوانى ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان پێی خستە رۆژی چوارەمەوە، ژمارەى ئاوارە و هەڵاتووە لوبنانییەکان بەرەو سوریای گەیاندە 22 هەزار کەس.
دوو سەرچاوەى ئەمنی بە ئاژانسی فرانس پرێسیان گوتوە، ژمارەى ئەو ئاوارە و هەڵاتووە لوبنانییانەى گەیشتوونە نێو خاکی سوریا، گەیشتووەتە زیاتر لە 22 هەزار کەس، لەو ژمارەیەش شەش هەزاریان ئەو ئاوارە سورییانەى نێو خاکى لوبنان بوون گەڕاونەتەوە.
دەستەى پەخشی ئیسرائیلیش دەڵێت، سوپا لە دوێنێوە هەشت جار ناوچە سنورییەکانى نێوان لوبنان-سوریای بۆردومان کردووە، کە رێگەى هەڵاتن و ئاوارەبوونى لوبنانییەکانە بەرەو سوریا.
عەرەب
ئایا هەرێمی کوردستانی عێراق رووبەڕووی مەترسیی دابەشبوون بۆ دوو ئیدارەی جیاواز دەبێتەوە؟
ناکۆکییەکانی نێوان سەرکردایەتی ئەو دوو حزبە دەسەڵاتدارەی هەرێمی کوردستان، رێگەی نەگەڕانەوەی گرتووەتەبەر.
هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانی عێراق، کە بڕیارە لە 20ـی مانگی تشرینی یەکەمی داهاتوو بەڕێوەبچێت، ناکۆکییەکانى نێوان ئەو دوو لایەنەی ئاشکرا کرد کە هاوبەشن لە سەرکردایەتیی هەرێمی کوردستان لەناو چوارچێوەى عێراقی فیدراڵدا.
ئەوەش پرسیاری لەبارەی ئایندەی پێکەوەژیان لەنێوان یەکێتیی نیشتمانى کوردستان و پارتى دیموکراتى کوردستان ووروژاندووە، کە نفوزی هاوبەشیان لە ناوچەکە هەیە، بەمەش باس و خواس و ئەگەری دامەزراندنی دوو ئیدارەى سەربەخۆ، لە ژێر رۆشنایی گرژییە قوڵەکانى نێوانیانی هێناوەتە ئارا.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
ئیندیپێندەنت
ستامەر سێ ستوونی سەرەکیی داناوە بۆئەوەی پەیوەندییەکانی بەریتانیا و یەکێتیی ئەوروپای پێ چاک بکاتەوە
بڕیارە کییە ستامەر و ئۆرشولا ڤۆندەرلاین لە برۆکسل دیدارێک ئەنجام بدەن، تیایدا قسە لەسەر سێ بابەتی سەرەکی بکەن بۆ باشکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوانی بەریتانیا و یەکێتیی ئەوروپا. ئەو خاڵانەش بریتین لە بەرگری، پەنابەران و بازرگانی. سەرەکوەزیرانی بەریتانیا دەیەوێت ئاسانکارییەک بکات گەنجان بتوانن بە ئاسانی هاتوچۆ بکەن. مەبەست لە گەنجانی هەردوولایە.
ستامەر ئامادەیە بۆ ئەنجامدانی رێکەوتنێکی لەوشێوەیە لەگەڵ یەکێتییەکەدا، بەڵام هەتا نەچێتە برۆکسل و قسە لەگەڵ ڤۆندەرلایندا نەکات ئەم نیازانەی خۆی بە ئاشکرا باس ناکات. رۆژنامەی ئیندیپێندەنت زانیویەتی کە بەریتانیا نیازی وایە لەگەڵ یەکێتیی ئەوروپادا پەیوەندییەکانی باش بکاتەوە و ئەو سێ خاڵەش دەبنە بنەمای پەیوەندییە نوێیەکە.
تایمز
مەسک بەریتانیا رەخنەباران دەکات و دەڵێت پێویست ناکات کەس بچێت بۆ بەریتانیا
ئیلۆن مەسکی ملیاردێری جیهانی و خاوەنی کۆمپانیای تێسلا شەڕە قسەیەکی لە دژی بەریتانیا راگەیاند، پاش ئەوەی کە بەریتانیا ئامادەنەبوو بانگهێشتنامەی ئاراستەبکات بۆ بەشداریکردن لە دیدارێکدا کە بۆ ئەنجامدانی وەبەرهێنانێکی گەورە لەنێو بەریتانیادا ساز دەکرێت. مەسک دەڵێت من پێموایە پێویست ناکات کەس بچێت بۆ بەریتانیا. ئەو وڵاتە تاوانبارانی زەوتکردنی منداڵان ئازاددەکات و دەڵێت دەمانەوێت زیندانەکانمان چۆڵ بکەین، دوواییش لەناو سۆشیال میدیادا شانازی بەم کارەی خۆیەوە دەکات.
هۆکاری بانگهێشت نەکردنی مەسک بۆ بەریتانیا و بۆ دیداری وەبەرهێنەران پاش ئەوە دێت، کە لە کاتی خۆپیشاندانەکانی راستڕەوەکانی ناو بەریتانیا گرژی لەنێوان ئەو و ستامەری سەرۆکوەزیراندا دروست بووبوو، لەبەرئەوەی ماڵپەڕە کۆمەڵایەتییەکەی مەسک رۆڵی خراپی بینی لە گرژکردنی رەوشی ناو بەریتانیادا.
دەیلی تەلەگراف
بۆریس جۆنسن دەڵێت من داوام لە هاری کردبوو، کە وڵاتەکە بەجێنەهێڵێت
سەرۆکوەزیرانی پێشوو داوای لێکرابوو گفتوگۆیەکی پیاوانە لەگەڵ شازادە هاریدا بکات، بەڵکو بتوانێت قایلی بکات وڵاتەکە بەجێنەهێڵێت.
بۆریس جۆنسنی سەرۆکوەزیرانی پێشوو لە نوسینێکی نوێیدا دەڵێت، کاتی خۆی گفتوگۆ و قسەی زۆری لەگەڵ شازادە هاری و مێگانی ژنیشیدا کردووە، هەوڵیداوە قایلیان بکات وڵاتەکە بەجێنەهێڵن، لەمڕۆوە دەڵێت گفتوگۆیەکی پیاوانەم لەگەڵدا کردوون بۆئەوەی بیانبەمە سەر ئەو بۆچوونەی واز لە بەجێهێشتنی وڵاتەکە بهێنن و لەناو وڵاتەکە و لە سنوری ساسێکسدا رۆڵە پاشاییەکانی خۆیان ببینن. ئەم راگەیاندنەی سەرۆکوەزیرانی پێشوو لە کتێبی بیرەوەرییەکانی خۆیدا باسکراوە، کە بڕیارە بەمزووانە بڵاوببێتەوە تێیدا وەڵامی لێدوانی هەندێک لە بەرپرسانی داونینگ ستریت دەداتەوە، کە گوتبوویان ئەگەر لەمانگی کانوونی دووەمی ساڵی 2020ـدا و لە دوایین خولەکەکانی بڕیاردانی بەجێهێشتنی وڵاتەکەدا قسە لەگەڵ هاریدا بکرایە، رەنگە وازی لە بیرۆکەی پەنابردن بۆ ئەمریکا بهێنایە.
گاردیەن
لەبریی قایلبوون بە ئاگربەست، نەتانیاهۆ دەڵێت هێرشەکانی سەر لوبنان بەردەوام دەبن
دوێنێ بنیامین نەتانیاهۆ گوتی سەرباری ئەوەش کە بانگەواز و داخوازیی زۆر هەن داوای راگرتنی شەڕ دەکەن، بەڵام ئیسرائیل لە لێدانی حزبوڵا ناوەستێت. بە مەبەستی رێگریکردن لە فراوانبوونی مەودای شەڕ بۆ ناوچەی زیاتر، وڵاتە دۆستەکانی نزیک لە ئیسرائیل داوایان لێکرد، کە بۆ ماوەی سێ هەفتە شەڕی سەر لوبنان رابگرێت. کەچی بۆردومانەکانی ئیسرائیل هەر بەردەوام بوون. دەزگای تەندروستیی لوبنان دەڵێت دوێنێ 28 هاووڵاتیی ئەو وڵاتە کوژراون. هەروەها نزیکەی 150 موشەکیش لەناو خاکی لوبنانەوە ئاراستەی باکوری ئیسرائیل کراون. دوێنێ کە نەتانیاهۆ گەیشت بە نیویۆرک لەوێ بە رۆژنامەنوسانی گوت لە گوتارەکەیدا لەبەردەم رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکاندا ئەوە دووپاتدەکاتەوە، کە هێرشەکان بۆ سەر حزبووڵا بەردەوام دەبن.