زووم..
راوێژکارێکی بەشار ئەسەد سەرۆکی سوریا دەڵێت، پرۆسەیەکی مەترسیداری بەتورککردنی ناوچە داگیرکراوەکانی سوریا دەستیپێکردووە.
بوسەینە شەعبان، راوێژکاری بەشار ئەسەد لە دیدارێک لە عەممانی پایتەختی ئوردن گوتی، تورکیا بەشێکی زۆر لە خاکی دەوڵەمەندیی باکووری رۆژئاوای سوریای داگیرکردووە، دەستی کردوە بەپرۆسەیەکی مەترسیداری بەتورککردن، کەچی داوای ئاشتەوایی و ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکان دەکات.
هەروەها دەڵێت، کاتێک رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا، خواستی بۆ لێک نزیکبوونەوە لەگەڵ سوریا دەربڕی، ئەوە بۆ مەبەستی هەڵبژاردن بوو، چونکە هیچ شتێکی خراپ نەماوە لەسەر زەوی سوریا نەیکەن.
دەشڵێت، مەرجی بەشار ئەسەد ئەوە بووە تورکیا بڕیاری کشانەوە بدات، نەیگوتووە دەستبەجێ بکشێتەوە، بەڵام کاتێک تورکیا نایەوێت بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی بدات، وەک لایەنی سوری ئامادەنین لەسەر مێزی گفتوگۆ لەگەڵیان دانوستان بکەن و مافی خۆیانە وەڵامی چەواشەکارییەکانی تورکیا بدەنەوە.