یاریزانانی تۆپی پێ وەک هەموو وەرزشەکانی دیکە و بگرە زیاتریش، بەردەوام مەترسی توشبونیان بە پێکان لەسەرە.
نەفرەتی پێکان واز لە یاریزانانی مۆندیالی 2022ی قەتەر ناهێنێت، ئەوەتا هەموو بەرازیل دەستیان لەسەر دڵیانە بۆئەوەی چارەنوسی نەیمار یەکلاییبکرێتەوە، لیستەکەش هەر ئەوی تێدا نییە، بەڵکو یەک لەدوای یەک ناوی یاریزانانی تێدا تۆماردەکرێت.
لەوەتەی لە 20ی ئەم مانگەوە یارییەکانی مۆندیالی قەتەر دەستیانپێکردوە و تا دوا یاری گەڕی یەکەم، کە بە بردنەوەی بەرازیل بە 2 گۆڵی بێوەڵام لە سڕبیا بە ئەنجام گەیشت، ژمارەیەک یاریزانی هەڵبژاردەی جیاوازەکانی پاڵەوانێتییەکە توشی پێکان بون.
لە نەیمارەوە دەستپێدەکەین
لە کۆتاییەکانی یارییەکەی بەرازیل و سڕبیا، نەیمار بە چاوی پڕ فرمێسک و پێیەکی بەستراوەوە لەسەر کورسی یاریزانانی یەدەک هەموو چاوەکانی لە رێی زوومی کامێراکانەوە بۆ خۆی راکێشا.
دیار نییە نەیمار لە یاری داهاتوی سامبا ئامادە دەبێت یاخود نا، بەڵام لە خراپترین حاڵەتدا لە قۆناغی ١٦ بونی دەبێت.
نەیمار پەیامێکی بڵاوکردوەتەوە و دەڵێت “متمانە و بڕوام بەوە هەیە کە دەگەڕێمەوە”.
هەروەها تیتی راهێنەر دوپاتیکردوەتەوە، کە نەیمار بەر لە یارییەکە ئازاری پێی هەبوە، بەڵام لێی شاردۆتەوە.
ئینیر ڤالنسیا
لە یەکەم یاری مۆندیال لەنێوان قەتەر و ئیکوادۆر، ئینیر ڤالنسیا ئەستێرەی ئیکوادۆر توشی پێکانێکی توند بو، بەهۆیەوە یاریگای بەجێهێشت.
تۆماس دیلانی
ئەم یاریزانە دانیمارکییە، لە روبەڕوبونەوەیان لەگەڵ هەڵبژاردەی تونس، توشی پێکانێکی قورس بو لە ئەژنۆیدا، بۆیە بە ناچاری یاریگای بەجێهێشت.
شەیخۆ کویاتێ
ئەم ئەستێرە ئەسمەرەی سینیگال لە بەرانبەر هۆڵەندا پێکانێکی توندی توش بو، ئێستا هەوڵدەدرێت بۆ یارییەکانیان بەرانبەر قەتەر و ئیکوادۆر ئامادە بکرێتەوە.
یاسر شەهرانی
ئەم یاریزانە سعودیە نەیتوانی ئامادەی ئاهەنگی بردنەوە مێژووییەکەی هاوڕێکانی بێت بەرانبەر بە ئەرجەنتین، چونکە پێکانەکەی لە دەموچاویدا ئەوەندە قورس بو، بەپەلە رەوانەی ئەڵمانیا کرا و لەوێ نەشتەرگەری بۆ کرا.
سەلمان فەرەج
هەر شەهرانی نەبو لەو یارییە مێژووییەدا توشی پێکان بو، بەڵکو سەلمان فەرەج کاپتنی سعودیەش هەمان چارەنوسی هەبو، لە پاش یارییەکە بە دارشەقەوە ئاهەنگی گێڕا و گومان هەیە لەوەی نەتوانێت بگەڕێتەوە نێو یاریگاکانی مۆندیالی قەتەر.