ریاڵ مەدرید جۆرى پێکانەکەى ئێمباپێى ئاشکراکرد و بەگوێرەى ڕاگەیاندنەکانیش سێ بۆ چوار هەفتە دووردەکەوێتەوە.
لە یارییەکەى بەرامبەر ئەلاڤێس لە خولى ئیسپانیا، کیلیان ئێمباپێ، کە توانى گۆڵێک تۆماربکات، دواتر توشى پێکان هات و بە ١٠ خولەک پێش کۆتایى هاتنى کاتى یاسایى یارییەکە یاریگاى بەجێهێشت.
ڕیاڵ مەدرید لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرایکرد، دواى ئەنجامدانى پشکنینى پزیشکى، دەرکەوتووە ئێمباپێ توشى پێکان بووە لە ماسولکەى دووى سەرى ڕانى چەپیدا، بێ ئەوەى ماوەى دوورکەوتنەوەى دیاری بکات.
ڕۆژنامەى مارکا بڵاویکردەوە، ئێمباپێ بە دڵنیاییەوە بەشدارى یارى دێربى مەدرید لە یەکشەممەى داهاتوو ناکات و تا کۆتایى هەفتەى فیفا لە تشرینى یەکەمى داهاتوو لە یاریگاکان دووردەکەوێتەوە.
باسى لەوەشکردووە، دوورکەوتنەوەى هێرشبەرە فەڕەنسیەکە لە یاریگاکان کەمتر نابێت لە سێ هەفتە، بەمەش بەشدارى یارییەکەکانى بەرامبەر ئەتلەتیکۆ مەدرید و ڤیاڕیاڵ لە لالیگا و یانەى لیلى فەڕەنسى لە چامپیۆنز لیگ ناکات.