زووم..
نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ هاوکاریی عێراق ناسراو بە یونامی پێشوازی لە دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردن دەکات و دەڵێت، چاوەڕێی بانگەشەیەکی هێمنانە و رێزدارانەیە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانی عێراق.
یونامی لە راگەیەندراوێکدا جەخت دەکاتەوە لە دەستەبەرکردنی ژینگەیەکی ئارامی هەڵبژاردن کە دوور بێت لە توندوتیژی و تۆقاندن، هەروەها بەشداربووان سەرنجیان لەسەر کێبڕکێی ئاشتییانەی دیدگا و بەرنامەکان بێت تا دەنگدەران بتوانن بڕیاری هۆشیارانە لەسەر سندوقی دەنگدان بدەن.
یونامی داوا لە هەموو کاندید و لایەنە سیاسییەکان و میدیاکان دەکات بەشداربن لە فەراهەمکردنی ژینگەیەکی رێزدارانە بە درێژایی ماوەی بانگەشە.
جەختیش دەکاتەوە، هەر ناکۆکییەکان کە پەیوەندی بە هەڵبژاردنەکانەوە هەبێت پێویستە لەڕێی میکانیزمە بەردەستەکانەوە چارەسەربکرێت.
یونامی دەڵێت، بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتیکردنی پڕۆسەی هەڵبژاردنێکی دادپەروەرانە و شەفاف کە رەنگدانەوەی خواستی هەموو خەڵکی هەرێمی کوردستان بێت.