زووم…
بریکاری بەرێوەبەری گشتیی پرۆگرامی لەناوبردنی توتن لە عێراق رایگەیاند دەیانەوێت باجی زیاتر بەسەر پێکهاتەکانی توتن بسەپێنن، دەشڵێت، “فرۆشتنی جگەرە بە کەسانی خوار تەمەن 18 ساڵ سزای لەسەرە.”
وەسیم گەیلان، بریکاری بەڕێوەبەرى گشتىی پرۆگرامی لەناوبردنى توتن بە رۆژنامەی سەباحی راگەیاند، وەزارەتى تەندروستیی عێراق لەنێو سیستمێکی جیهانیدایە لەگەڵ رێکخراوى تەندروستى جیهانی بۆ لەناوبردنى توتن، لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان کاردەکەن بۆ سەپاندنى باجی زیاتر بەسەر پێکهاتەکانى توتن، جەختش دەکەنەوە لە کۆنترۆڵکردنى زیاترى سنوورەکان بەمەبەستى کەمکردنەوەى زیانەکان.
ئەو بەرپرسە دەڵێت، بەگوێرەى یاساى قەڵاچۆکردنى توتن ژمارە 19ـى ساڵی 2021، فرۆشتنى جگەرە بەو کەسانەى تەمەنیان لە خوار 18 ساڵەوەیە قەدەغەیە و سزاى تایبەتى بۆ دیاریکراوە، بۆیە هەر دوکان، کۆشک و مارکێتێک جگەرەیان پێبفرۆشێت سزا دەدرێت. لەگەڵ ئەوەشدا هەرکەسێک لە شوێنە داخراو و گشتییەکاندا جگەرە بکێشێت سزاى دارایی دەدرێت.
لە زۆربەی وڵاتانی جیهان کێشان و کڕینی جگەرە لەلایەن کەسانی هەرزەکاری خوار تەمەنی 18 ساڵ قەدەغەیە و سزای لەسەرە، تەنانەت لە وڵاتە پێشکەوتووەکان کێشانی جگەرە لە شوێنە گشتییەکاندا رێگەپێدراو نییە.
بەگوێرەی ئامارێکی رێکخراوی تەندروستی جیهانی، ساڵانە بەهۆی جگەرەکێشانەوە هەشت ملیۆن کەس گیانلەدەست دەدەن، لەنێویاندا 1.3 ملیۆن ئەو کەسانەن خۆیان جگەرەکێش نین و بەهۆی هەڵمژینی دووکەڵی جگەرەوە لەنزیک کەسانی جگەرەکێش گیان لەدەستدەدەن.