زووم..
وەزیری ناوخۆی ئێران رایگەیاند، گرنگیی زیاتر بە کورد و سونە دەدەن و کەڵکیان لێوەردەگرن.
ئەسکەندەر موئمینی، وەزیری ناوخۆی ئێران بە سەردانێک لە شاری سنەیە و لە رێوڕەسمی دەستبەکاربوونی پارێزگای نوێی سنە ئامادەبوو، قسەی بۆ میدیاکانی وڵاتەکەی کردووە و گوتوویەتی، بۆ بەڕێوەبردنی وەزارەتەکەیان، کەڵک لە کورد و خەڵکانی سونەمەزهەب وەردەگرن.
گوتووشیەتی، پارێزگاری نوێی سنە بە رەزامەندیی سەرجەم نوێنەرانی پارێزگاکە هەڵبژێردرا، بۆ ئەوەی رێگە بۆ گەشەپێدان خۆش بکات.
دەشڵێت، هەڵبژاردنی کەسەکان لەسەر بنەمای شایستەیی و تواناکانە و بۆ حکومەتیش هیچ جیاوازییەک لە نێوان شیعە و سوننەدا نیە و حکومەتی نوێ هەوڵدەدات هاوئاهەنگی و هاوسۆزی دروست بکات و ئیرادەیەکی جدی پیشان دەدات بۆ بەکارهێنانی هەموو تواناکان و رێگریکردن لە بۆچوونە نەتەوەیی و ئاینییەکان لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا.
قسەکانی وەزیری ناوخۆی ئێران لەکاتێکدایە، یەکەم جارە وەزیرێکی کوردی سونەمەزهەب دەبێتە پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان.