زووم..
ئەمڕۆ لە یەکەم رۆژى کرانەوەى بۆرسەى جیهانى، زێڕ نرخێکى پێوانەیى نوێى تۆمارکرد، یەک ئۆنس بە دوو هەزار و 631 دۆلار مامەڵەى پێوەکرا.
بەگوێرەى شرۆڤەکارانى ماڵپەرى ئینڤێستینگ، بڕیارەکەى هەفتەى رابردووى یەدەگى فیدراڵى ئەمریکا بۆ دابەزاندنى رێژەى سودى بانکى کاریگەرى بەسەر نرخى زێڕەوە ماوە، هەروەها راگەیاندنى دوو داتاى گرنگى دیکەى ئەمریکا لەم هەفتەیەدا کە گەشەى بەرهەمى ناوخۆیى و فرۆشتنى خانووبەرەى نوێیە لە ئەمریکا کە کاریگەرییان لەسەر نرخى زێڕ دەبێت.
هەروەها هۆکارێکى دیکەى بەرزبوونەوەى نرخى زێڕ بۆ توندبوونەوەى گرژییەکانى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست دەگێڕنەوە بەتایبەتیش هێرشەکانى ئەمدواییەى ئیسرائیل بۆسەر لوبنان و هاککردن و تەقاندنەوەى ئامێرە بێتەلەکان کە پێشبینى دەکرێت زیاتر پەرە بسەنێت، ئەوەش واى لە بازرگانەکان کردووە رووبکەنە کڕینى زێڕ بۆ پاراستنى سەرمایەکانیان.