زووم..
رۆژنامە تورکییەکان
سۆزجو
جەهەپە 6.5 خاڵ لەپێش دەنگەکانی ئاک پارتییەوەیە
بەگوێرەى نوێترین راپرسیی ناوەندی ئاریا، دەنگەکانى جەهەپە بەشێوەیەکی بەرچاو زیادى کردووە و بە جیاوازی 6.5 خاڵ پێش دەنگەکانی ئاک پارتییەوەیە.
راپرسییەکە لە 26 پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستان ئەنجامدراوە.
دەنگدەران 34.5%ـى دەنگیان بە جەهەپە داوە و 28%ـیش دەنگیان بە ئاک پارتی داوە.
بەگوێرەى راپرسییەکە بۆچوونی خەڵک لەسەر دوو کاندیدی جەهەپە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری بەمشێوەیە بووە.
30.6% دەنگیان بە مەنسور یەڤاش داوە و 18.7%ـیش دەنگیان بە ئەکرەم ئیمامئۆغڵو داوە.
تورکیا
15%ـى دانیشتووانى تورکیا نەخۆشی شەکرەیان هەیە
بەگوێرەى ئامارە فەرمییەکانى وەزارەتی تەندروستیی تورکیا 15%ـى خەڵکى ئەو وڵاتە نەخۆشی قەڵەوییان هەیە و 15%ـى دیکەشیان نەخۆشی شەکرەیان هەیە.
پسپۆڕان رایانگەیادووە، بەشێوەیەکی گشتی خەڵک ئالوودەی خواردنى شەکر و خوێن. هۆشداری ئەوەشدەدەن پێویستە هاووڵاتیان خۆیان لە بەکارهێنانی شەکر و خوێ بەدوور بگرن.
میلاد
تورکیا ئاوی بەنداوەکانى دەگرێتەوە
ئیبراهیم یوماک، وەزیری کشتوکاڵ و دارستانەکان رایگەیاند، لەماوەى 21 ساڵى رابردوودا هەزار و 367 بەنداو لە تورکیا و باکووری کوردستان دروستکراون. نوێترین بەنداویش لە پارێزگای بورسە دروستکراوە.
ئەو دەڵێت، ئاو سامانێکی میللییە و بەگوێرەى پێویست ئاوی بەنداوەکان بەردەدرێتەوە.
یەنیچاخ
سەربازێک کوژرا و دوو ئەندامی پەکەکەش لەچالاکی خران
لەچوارچێوەی ئۆپراسیۆنەکانی سوپای تورکیا لەنێو خاکی هەرێمى کوردستان سەربازێکی پلەداری تورکیا بەناوی ماشەڵا ئەبەکای کوژرا. دوو ئەندامی پەکەکەش لە “چالاکی خران”.
سەربازە کوژراوەکە خەڵکی موشی باکووری کوردستانە.
کەسوکاری سەربازە کوژراوەکە لەکاتی چوونیان بۆ تەرمەکەى لەنێو ئۆتۆمبێلێکدا تووشی رووداوى هاتوچۆ بوون و کەسێکی دیکەیان گیانی لەدەستدا و پێنجی دیکەش بریندارن.
رۆژنامە عەرەبییەکان
سەباح
سودانی نەخشەی کاری داهاتوو دەخاتەڕوو
محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، نەخشەی کارکردنی داهاتووی بۆ بەدیهێنانی گەشەپێدانی بەردەوام لەڕێی پەسەندکردنی چاکسازیی ستراتیژی و هەمەلایەنە و بەرزکردنەوەی هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان خستەڕوو.
سودانی بەشداری لە لوتکەیەکدا کرد، کە لە پەراوێزی 79هەمین دانیشتنی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان لە نیویۆرک بەڕێوەچوو.
سەرۆکوەزیران گوتاری عێراقی لە لوتکەکەدا پێشکەشکرد، جەختی لە کارکردن بۆ بەرەوپێشبردنی چاکسازیی ئابووری و باشترکردنی بارودۆخی سێکتەرە لاوازەکان کردەوە.
جەختیشی کردەوە، عێراق پێویستە لە بواری دارایی کەشوهەوادا گرنگی پێبدرێت، بەو پێیەی یەکێکە لەو وڵاتانەی زۆرترین زیانیان لەو رووانەوە بەرکەوتووە، ئەوەش وەک ئاماژەیەک حکومەتەکەى پشتیوانیی وەبەرهێنان و هەمەچەشنکردنی ئابوورییە نانەوتییەکان دەکات.
شەرقلئەوسەت
لوبنان بووە بە شانۆی جەنگێکی کراوە
لوبنان بووەتە گۆڕەپانی جەنگێکى کراوە و لەسەرپشتی نێوان ئیسرائیل و حزبوڵا، هاوکات دوێنێ چڕترین هێرشی مووشەکیی بۆسەر ئیسرائیل ئەنجامدا، کە بەشێکیان گەیشتە شاری حەیفا، ئیسرائیلیش دەیان هێرشی ئاسمانی بۆ سەر گوندەوارەکانى باشووری لوبنان ئەنجامدا.
شێخ نەعیم قاسم، جێگری سکرتێری گشتیی حزبوڵای لوبنان دەڵێت، چووینەتە نێو قۆناغێکی نوێی جەنگەکەوە، ئەویش جەنگی لەسەر پشت و کراوەیە.
دەڵێت، هەڕەشەکان رێگریمان لێناکەن و ئامادەی هەر رووبەڕووبوونەوەیەکی ئیسرائیلین.
مەدا
ئاسایش و پاشەکشەى نەرم ژمارەی دانیشتووانی کورد لە دیالە کەمدەکاتەوە
ژمارەی دانیشتووانی خانەقین و ناوچە ئیدارییەکانی سەعدیە، جەلاولە، جەبارە و قەرەتەپە، جگە لە مەندەلی، کە سەر بە قەزای بەلەدروزە، بە رێژەیەکی مەترسیدار لەنێوان 30% بۆ 90%ـدایە، کەمبووەتەوە.
هەڕەشەکانی قاعیدە و داعش و ئەو گرووپانەی پەیوەستن بە بەعسی شۆڤێنیەوە، کوردی لە زێدی خۆیدا کردووەتە غەریبە، چونکە مەترسیی بەئامانجگرتنیان و پەراوێزخستن و زەوتکردنی مافە نەتەوەییەکانیان لە ناوچەکە هەیە.
عەرەب
سەپاندنى پرۆگرامەکانى خوێندن لەلایەن ئیدارەى رۆژاڤا ناڕەزایی لە دێرەزوور دروستکردووە
پارێزگای دێرەزوور، کە دەکەوێتە رۆژهەڵاتى سوریا، بووەتە جێگەى دروستبوونى حاڵەتێکی بێزاری لە کەرتى فێربوون و پەروەردەییدا، ئەوەش دوای ئەوەى پرۆگرامى نوێی خوێندن پیشنیازکراوە، کە وا دەبینرێت لەگەڵ رۆشنبیریی و سروشتە هۆزگەرییەکانیان ناگونجێت.
ئیدارەى خۆسەری کورد، کە زیاتر لە چارەکێکی سوریای کۆنتڕۆڵکردووە، لەنێویشیدا نیوەى پارێزگای دێرەزوور، لە ساڵی 2020ـدا پرۆگرامی نوێی خوێندن و فێرکاریی سەپاندووە، بەتایبەت لە دێرەزوور و حەسەکە و رەققە و حەلەب.
رۆژنامە فارسییەکان
کەیهان
گەنجان بەهۆی خۆراکی ناتەندروستەوە تووشی جەڵتە دەبن
محەمەد رەزا زەفەرقەند، وەزیری تەندروستیی ئێران جەخت لە گرنگیی خوێندنی زانیاریی تەندروستی و پەروەردەی خۆپارێزی لە قوتابخانەکان دەکاتەوە و دەڵێت، پەروەردە رۆڵێکی گرنگی لە رێگریکردن لە جەڵتەی مێشک و دڵ و تراومادا هەیه، گەنجان بەهۆی خۆراکی ناتەندروستەوە مەترسیی تووشبوون بە جەڵتەی دڵیان لەسەرە.
زەفەرقەند لە سەرەتای ساڵی نوێی خوێندندا دەڵێت، پێویستە تەندروستی لە منداڵییەوە و ساڵانی خوێندنەوە لەبەرچاو بگیرێت و کۆبوونەوە لەگەڵ وەزیری پەروەردە دەکرێت بۆ ئەوەی پەروەردەی تەندروستیی گشتی لە بەرنامەی خوێندندا دابنرێت.
مەردوم سالاری
رووخانی قوتابخانەیەکی ورمێ لە یەکەم رۆژی ساڵی نوێی خوێندن
داڕمانی سەربانی پۆلێکی قوتابخانە لە یەکەم رۆژی خوێندن لە شاری ورمێ، دوو قوتابی بریندار کرد.
ئەمە یەکەم رووداوی ساڵی نوێی خوێندنە لە پارێزگای ورمێ و قوتابییەکان رەوانەی نەخۆشخانە کراون. یەکێک لە بریندارەکان سەرپێیی له نەخۆشخانە چارەسەری بۆ کراوە و چارەسەرکردنی ئەوی دیکەشیان بەردەوامە. ئەم پارێزگایە، کە زۆرترینی قوتابخانەکانی لە کابینەدان، ساڵانێکە بەڵێنی گۆڕینیان بە قوتابخانەی ستاندارد دراوە، بەڵام تائێستا بەڵێنەکان جێبەجێ نەکراون.
ئەبرار
شارەوانی هۆکاری لەنێوچوونی دارەکانی نێوشارە
سومەیە رەفیعی، سەرۆکی لیژنەی ژینگە لە پەرلەمانی ئێران، شارەوانییەکان بە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی بڕینی نەمام لە شارەکان دەزانێت و دەڵێت، پەرلەمان بەرپرسیارە لە چاودێریکردن و پاراستنی نەمامەکان و دەستنیشانکردنی باخچەکانی نێوشار.
رەفیعی دەشڵێت، راپۆرتی زۆر هەن لەسەر داربڕین لەلایەن شارەوانییەکانەوە، بە بیانووی بیناسازی، بەڵام گەشەپێدانی شارەکان بەبێ شوێنی سەوزایی و هەوای پاک هیچ واتا و پاساوێکی نییە.
باختەر
شارەکانی کرماشان و دیلۆک وەک دەستەخوشک ناسێندران
نادر نەورۆزی، سەرۆکی شارەوانیی کرماشان، لە میانی گەشتێک بۆ تورکیا و بەشداریکردنی لە فێستیڤاڵی خواردنی شاری دیلۆک، خوشکایەتیی ئەم دوو شارەی زیندوو کردەوە.
کرماشان و دیلۆک لە بواری خۆراکی داهێنەرانەدا، کلتووری هاوبەشیان هەیە، سەرۆکی شارەوانییەکانی ئەم دوو شارە دیداریان ئەنجامدا بۆ پێوەندیی کلتووری و خوشکایەتی بۆ گەشەپێدانی بەردەوام و توانای گەشتیاری و فەرهەنگی کرماشان بە شارەوانییەکان و بەڕێوەبەرانی پرۆژەی شارە داهێنەرەکان ناسێندرا.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
فاینەنشیەڵ تایمز
پیشەوەرانی پیشەسازیی ئاسن لە ئەوروپا فشار لە برۆکسل دەکەن هاوردەى چین رابگرێت
پیشەوەرانی بواری پیشەسازیی ئاسن لە ئەوروپا هانایان بۆ بەرپرسانی بواری بازرگانیی ئاسن لە کیشوەرەکەی خۆیان بردووە داوایان لێدەکەن کارێک بکەن هاوردەى ئاسنی بەرهەمهێنراوی چین بۆ ئەوروپا رابگرن، چونکە چینییەکان هێندە بە نرخی هەرزان ئاسن دەنێرنە ئەوروپاوە ناهێڵن ئاسنی بەرهەمهاتووی ناوخۆی کیشوەرەکە بە نرخی تێچووی خۆشی بفرۆشرێت، بۆیە داوادەکان سیستمێکی نوێی گومرگی دابنرێت، بتوانێت هاوسەنگییەک رابگرێت لەنێوانی ئاسنی هاوردەکراوی چینی و بەرهەمهاتووی ناوخۆییدا.
پیشەوەرانی بوارەکە هەستدەکەن و دەبینن تێچووی بەرهەمەکەی خۆیان زۆرە و خواست لەسەر کڕینیشی کەمە.
گاردیەن
پارتی کرێکاران لێکۆڵینەوە لەبارەی چەند گرێبەستێکی کۆرۆنا دەکات
وەزیری گەنجینەى بەریتانیا دەیەوێت بکەوێتە جووڵە، پرسیاری ئاکاریی لەبارەی ناوەڕۆکی گرێبەستەکان هەیە.
ئەمڕۆ راشێل، ریڤز وەزیری گەنجینە رایدەگەیەنێت، داوای لێکۆڵینەوە دەکات لەبارەی ناوەڕۆکی چەند گرێبەستێکی تایبەت بە بواری کۆڤید 19ـەوە، کە پارتی پارێزگاران ئەنجامیانداون، چونکە پارتی دەسەڵاتداری ئێستا پرسیاری جدیی لەسەر رەهەندی ئاکاریی گرێبەستەکان هەیە.
لە چەند رۆژی داهاتوودا ئەو وەزیرە ناوەڕۆکی نیوە و زیاتر لە نیوەی ئەو گرێبەستانە دەخاتە بەر لێکۆڵینەوە، چونکە گومانی هەیە گەندەڵییان تێداکرابێت. حکومەتی پێشوو داوای کردبوو، هیچ لێکۆڵینەوەیەک لەبارەی ناوەڕۆکی ئەو گرێبەستانەوە نەکرێت.
عەرەب نیوز
وەرە تیپەکەمانەوە
لە رۆژی نیشتمانیی سعودیەدا رۆژنامەی عەرەب ستایشی خواست و ویستی شانشینیەکە دەکات بۆ پەرەدان بە وەرزش و داواش لە خوێنەرانی دەکات پشتگیری لەو داوایەی سعودیە بکەن، کە دەیەوێت میوانداری لە جامی جیهانیی تۆپی پێی ساڵی 2034 بکات.
ئەم رۆژنامەیە بەشی زۆری لاپەڕە یەکی خۆیی تەرخانکردوو بۆ وێنەیەکی وەرزشیی تایبەت بە تۆپی پێ، کە هێمای جامی جیهانیی تۆپی پێی لە ناوەڕاستی کۆمەڵێک یاریزاندا داناوە، کە یارییان بۆ هەڵبژاردەی سعودیە و هەندێک لە یانە ناودارەکانی ئەوێ کردووە.
نووسیویەتی رۆژ ژماردنی پێچەوانە بۆ دەستپێکردنی داواکارییەکەی سعودیە بۆ میوانداریکردن لە جامی جیهانیی تۆپی پێی ساڵی 2034 دەستیپێکردووە.
دەیلی تەلەگراف
بە هەڵە یەک ملیۆن کەس وا پۆلین کراون هێندە نەخۆشن ناتوانن هیچ کارێک بکەن
شیکردنەوەیەکی زانستی ئەنجامدراوە و دەڵێت، نزیکەی یەک ملیۆن کەس هەن، بە هۆکاری تەندروستی وا تۆمارکراون ناتوانن هیچ کارێک بکەن. بەڵام خۆیان دەڵێن، دەتوانن کاربکەن و حەزیشیان لێیەتی.
ئەو لێکۆڵینەوەیە لەلایەن ناوەندی دادپەروەریی کۆمەڵایەتییەوە ئەنجامدراوە، تێیدا هاتووە، رێژەی بێکاری لەنێو بەریتانیادا دوو هێندەی ئەو رێژە ئاساییەیە، کە لەنێو ئەوروپادا باوە. هۆکاری ئەمەش بۆ بوونی دیاردەی کارکردن بە نهێنی دەگەڕێتەوە. ئەو توێژینەوەیە دەڵێت زیاتر لە 800 هەزار کەس هەن، کە بە بێکار تۆمارکراون، بەڵام خۆیان حەزدەکەن بچن کارێک بکەن، ژمارەیەکی زۆر لەم کەسانە ناویان وا تۆمارکراوە، نەخۆشیی درێژخایەنیان هەیە.