زووم..
کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان داوای کۆبوونەوەیەکی سێقۆڵی لەگەڵ هەرێمی کوردستان و بەغداد دەکات، بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، بەڵام داوای دڵنیایی دەکات.
مایڵز کاگینز، گوتەبێژی ئەپیکور لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، کۆمپانیاکانی کۆمەڵەکە داوای کۆبونەوەیەکی سێقۆڵی فەرمی دەکەن لەگەڵ هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی بەزووترین کات هەناردەی نەوت لەڕێگەی بۆری نەوتی عێراق – تورکیا دەستپێبکاتەوە.
بەگوتەی گوتەبێژەکەی ئەپیکور، ئامادەی هەناردەکردنەوەی نەوتن، بەو مەرجەی بگەن بە رێککەوتنێک، کە دڵنیایی بدات لەوەی پارەی رابردوو و داهاتووی هەناردەکردنەوەی نەوت دەدرێتە کۆمپانیاکان، دواتریش راستەوخۆ پارەی هەناردەکردن بدرێتە کۆمپانیاکان.
لەبارەی گۆڕانکاریکردنیش لەگرێبەستە نەوتییەکاندا دەڵێت، ئەگەر عێراق و هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان لەبارەی ئەو پرسەوە رێککەوتن، کۆمپانیاکانی ئەندامی ئەپیکور ئامادەن رەچاوی ئەو رێککەوتنە بکەن.
مایڵز کاگینز دەشڵێت، تائێستا راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستانەوە، 20 ملیار دۆلار زیانی هەبووە.