زووم…
فارس عیسا، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغداد دەڵێت، کێشەی مووچە لەنێوان هەولێر و بەغداد چارەسەرکراوە و تەنها ئەوە ماوە بەغداد پارە بنێرێت.
فارس عیسا لە لێدوانێکدا بۆ زووم گوتی، حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی دارایی و چاودێریی دارایی عێراق هەموو کارەکانیان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مووچە ئەنجامداوە، هیچ کێشەیەکیش لە لیستی مووچە و ناوی مووچەخۆراندا نەماوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 22-09-2024 وەزارەتی دارایی عێراق بڕی 570 ملیار دیناری بۆ تەواوکاری مووچەی مانگی حەوت و هەشتی مووچەخۆرانی هەرێم نارد. هاوکات هەر ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی هەرێم بڕی زیاتر لە 91 ملیار دیناری لە داهاتی ناوخۆی مانگی ئایار خستەسەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی عێراق.
لەدوای گەیشتنی پارەکەی بەغداد، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێم رایگەیاند، هێشتا ئەو بڕە پارەی نێردراوە بەشی مووچە ناکات، بەڵام بەگوێرەی بەدواداچوونێکی زووم، ئێستا 753 ملیار دینار بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی هەشت لەبەردەستە وحکومەتی هەرێم دەتوانێت لەگەڵ داهاتی ناوخۆ مووچە دابەشبکات.
بەغداد چەندین مانگە کێشەی لەسەر ئەو لیستی مووچانە هەیە حکومەتی هەرێم بۆی دەنێرێت و دووپاتیکردووەتەوە، لیستەکان ناوی دووبارە و زیادەی تێدایە.