لە مۆندیالی 2022ى قەتەر شتێک نەماوە بەناوی تیپی گەورە و بچوک، هەڵبژاردەی نەمبەر یەک و هەڵبژاردەی نەمبەر دوو، بەڵکو هەموان تائێستا دەیانەوێت ئەوەبن، کە دەیانەوێت پێیبگەن، ئەویش ئاستە بەرزە شایستەکەی مۆندیالە.
لە قەتەر شتێک نەماوە بەناوی گەورەیی و بچوکی، خوانەخواستە مەبەست لە نەمانی رێز و تەقدیر نییە، بەڵکو هەڵبژاردە بەشدارەکانی ئەم مۆندیالە دەخوازن ئەو حەماسەت و جۆش و خرۆشەی هەیانە، لەنێو لاکێشە سەوزەکەی 8 یاریگاکەی مۆندیالدا تەرجەمەی کرداری بکەن و نمایشی تواناکانیان بکەن.
لێرەدا هەڵبژاردە ئاستبەرزەکانی ئاسیا و ئەفریقا بە نمونە وەردەگرین، ئەوانەی لە گەڕی یەکەمی یارییەکاندا شت بون شت.
سعودیە، ژاپۆن، کۆریای باشور، تونس و مەغریب، لەم بابەتە شیکاریەدا ناچین بەلای قەتەر و ئێران و ئوسترالیادا مەگەر بە دیوە نێگەتیڤەکەیدا نەبێت.
سعودیە و ئەرجەنتین
بۆ سعودییەکان و یاریزانانی وڵاتەکە، بۆ نەیارانی ئەرجەنتین و دژبەرەکانی مێسی، بۆ کۆی ئەو کەسانەی نان و ئاویان مۆندیالە، ئەنجامی 2 گۆڵ بەرانبەر بە گۆڵێک بۆ بەرژەوەندی سعودیە، وەک سەرەتا و کۆتایی مۆندیال وایە.
ناچینە وردەکاریی یارییەکەوە کە چەند رۆژێکی بەسەردا رۆیشتوە، بەڵکو دەبێت بزانین، کە ئەنجامەکە بەرجەستەکردنی ئەو سەردێڕەیە، کە بۆتە ناونیشانی ئەم شیکارییە، شتێک نەماوە بەناوی گەورە و بچوک.
هەزار و یەک خوێندنەوە بۆ بردنەوەکە کراوە، سەدان لێکدانەوە بۆ شۆکی ئەرجەنتینییەکان کراوە، بەڵام هەمووی لە یەک دێڕدا کۆدەکرێتەوە (خۆت ئامادە بکە و مەشق و راهێنانی بەردەوام بکە)، هەر تیمێک بەو دروشمە کاربکات، ئەوا ئیتر پێویست ناکات لە زلهێزەکانی تۆپی پێ بترسێت.
لە راستیدا توانای جەستەیی یاریزانانی سعودیە، لایەنی دەرونییان، ئارامی و دان بەخۆداگرتنیان، هەموو فاکتەرەکانی باڵادەستی لە یاریزانانی شانشینی سعودیەدا هەبو، ئەوەش گەیاندنی بە ٣ خاڵی زۆر گرنگ و پڕبایەخی یەکەم یاری.
ژاپۆن و ئەڵمانیا
ژاپۆن یاخود وەک خۆیان پێی دەڵێن (نیپۆن) و زۆرینەشمان دەڵێین (یابان)، دووەم زلهێزی دا بە زەویدا و بە هەمان سیناریۆی سعودیە، کاتێک بە گۆڵێک لە دوا بو، توانی ریمۆنتادا بکات و بە ٢ گۆڵ بەرانبەر بە گۆڵێک لە ئەڵمانیا بباتەوە.
ئەڵمانەکان لەسەر چەپکە گوڵ و خەیاڵی زلهێزی تەپۆ ببو، یابانییەکانیش لەگەڵ چرکە بە چرکەی یارییەکە دەجەنگان بۆ خۆ سەلماندن، سەلماندنێک کە لەم مۆندیالەی قەتەردا سات و کاتی هاتوە.
یابانییەکان خێرایی، تەرکیز، متمانە، تۆپ گواستنەوەی دروست، پاڵنەری سەرەکیی سەرکەوتنیان بو، ئەوان لە ئاسیای دورەوە هاتون، بەڵام تەواو پیشەگەرن و زانیان چی دەکەن و کەی ئەنجامەکە قڵپ دەکەنەوە.
کۆریای باشور و ئۆروگوای
ئۆروگوای لە ئەمریکای لاتینەوە و بە گروپێک پیشەگەری خولە بەهێزەکانی ئەوروپاوە خەیاڵی زیندوکردنەوەی مێژویەتی، بەڵام کۆریای باشور لەوپەڕی ئاسیاوە هاتوە و توانای جەستەیی و تەکنیکی و تەکتیکی خۆی نمایش دەکات.
هەرچەندە ئەم یارییە بەبێ گۆڵ بۆ هەردوولا کۆتاییهات، بەڵام کۆریای باشور وتی: منیش هەم، ئامادەم، یاری داهاتوو جیاوازتر دەردەکەوین.
تونس و دانیمارک، مەغریب و کرواتیا
ئەم دوو یارییە یەک سیناریۆیان هەبو، یەکسانبونی بێ گۆڵ.
ناخۆشترین ئەنجام لە یاری تۆپی پێدا یەکسانبونی بێ گۆڵە، بەڵام ئەو یەکسانبونە بۆ تونس لەلایەک و مەغریب لەلایەکی دیکەوە، دوو ئەنجامی پێرفێکت بون، ئاخر هەم دانیمارک یەکێکە لە بەهێزەکانی ئەوروپا و هەم کرواتیا مۆندیالی رابردو دووەم بوو.
کەواتە دەربازبونی تونس و مەغریب بە یەکسانبون و بە دەستهێنانی خاڵێک لە دەستپێکی یارییەکانیاندا، مژدەیەکی باش و خۆشە بۆ تیمەکانیان و هاندەرانیش، لەوێوە دەتوانن بچنە نێو دوو یارییەکەی دیکە و شتێک بکەن، کە لەگەڵ ئاستی یاریزانەکانیان بگونجێت، چونکە زۆرینەیان لە خولەکانی ئەوروپادا یاریزانی ئاستبەرزن و پێگەی بەهێزیان لە خولەکانی کیشوەری پیردا هەیە.
قەتەر، ئێران و ئوسترالیا
یەکەم بە ئیکوادۆر (0-2)، دووەم بە ئینگلتەرا (2-6)، سێیەم بە فەرەنسا (1-4) یەک لەدوای یەک دۆڕان.
ئەم سێ هەڵبژاردەیەی لە ئاسیاوە سەرکەوتون، هەریەکە و دەردێکی هەیە، بە کورتی:
*قەتەر، بەوپێیەی خاوەنی یاریگاکانە و رێکخەری مۆندیالە، بێ پاڵاوتن سەرکەوت و یارییە دۆستانەییەکان و خۆئامادەکردنەکانی ماندوبون و ئامادەسازیی زۆری پێنەبەخشیوە.
*ئێران، شەڕ و گرژی و نائارامی دوو مانگەی ناو کوچە و کۆڵان و شار و شارۆچکەکانی وڵاتەکە، نەوتنەوەی سرودی نیشتمانیی لە یەکەم یاریدا، دەرون و هۆش و بیری یاریزانانی تێکداوە.
*ئوسترالیا، مەگەر هەر بۆ گیانی عیراق و ئوردن و سوریا و باشوری خۆرهەڵاتی ئاسیا ئازابێت، چونکە گۆڵێکی لە فەرەنسا کردوە و هەر خودی یاریزانەکانیشی هۆکاربون بۆ دوو گۆڵی ساویلکانە و دواتریش کۆی گشتی هۆکاربون بۆ ٤ گۆڵی کۆتایی یارییەکە، کەواتە ئوسترالیا هەڵبژاردەیەکە و لەوە ناچێت گیانی سعودیە و ژاپۆن و کۆریای باشوری هەبێت.