زووم..
لاهور شێخ جەنگی، دروشمی لیستەکەی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بڵاوکردەوە و دەڵێت، بە ئێمە دەکرێت.
لاهور شێخ جەنگی، لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە فەیسبوک، وێنەیەکی بە بۆینباخێکی سوورەوە بڵاوکردووەتەوە، لەسەر وێنەکە نووسراوە، بە ئێمە دەکرێت، وەک ئاماژەیەک بۆ دروشمی لیستەکەی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان، کە بڕیارە رۆژی ٢٠ـی مانگی داهاتوو ئەنجام بدرێت.
لە زمانی سیاسیدا، بۆینباخی سوور بە واتای هێز و باڵادەستی دێت، سیاسییەکان وەک هێمای متمانەبەخۆبوون و چاونەترسی و پێداگری دەیپۆشن
رۆژی 30ـی ئاب، وێنەیەکی دیکەی لە لاپەڕەکەی بڵاوکردەوە و لەسەری نووسیبوو “ئامادەین”، وەکو ئاماژەیەک بۆ ئامادەیی لیستەکەی بۆ بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.
لە وێنەکەدا لاهور شێخ جەنگی لەسەر کورسییەکی چەرمی رەنگ قاوەیی دانیشتووە، لە تێکەڵەیەک لە شێوازی کۆن و نوێ دروستکراوە، هەردوو دەستی لەسەر لاشانی کورسییەکە توند کردووە، وەک ئاماژەیەک بۆ کۆنترۆڵکردن و بەهێزی پێگەی.
لەبەردەمیدا شەترەنجێک دانراوە، بەردەمی خۆی رووناک کراوەتەوە و بەرامبەرەکەی تاریک داهاتووە. بەکارهێنانی شەترەنج بەو شێوەیەی لە وێنەکەدا هەیە، مانای پلانداڕێژیی ورد و خوێندنەوەی دەستی بەرامبەر و سەرکەوتنە بەسەر رکابەردا.