زووم..
ماوەی ٧٣ رۆژە مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان تەنها یەکجار مووچەیان وەرگرتووە و تا ئێستا لیستی مووچەی مانگەکانی هەشت و نۆ رەوانەی بەغداد نەکراون.
سەرچاوەیەک لە ئەنجومەنی وەزیران بە زوومی راگەیاند، تا ئێستا دیار نیە کەی شاندی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغداد دەکات، بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پرسی مووچە.
سەرچاوەکە جەختی لەوەشکردەوە، تا ئێستا لیستی مووچەی مانگی هەشت رەوانەی بەغداد نەکراوە.
ئەوەش لە کاتێکدایە، پێنجشەممەی رابردوو ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا گوتی، رۆژی دووشەممە شاندێکی حکومەت بۆ تاوتوێکردنی هەردوو مووچەی مانگی هەشت و نۆ دەچێتە بەغداد.
گوتیشی، شاندەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکانی ئەنجومەنی وەزاریی ئابووریی دەکات.