زووم..
وەزارەتی بەرگریی عێراق پێشمەرگە بە دڵسۆزی عێراق ناودەبات و دەڵێت، گرێبەستی پێدانی تۆپهاوێژە ئەمریکییەکان بە پێشمەرگە، بۆ چەند ساڵێک پێش ئێستا دەگەڕێتەوە.
وەزارەتی بەرگریی عێراق لە وەڵامی رەخنەکان دژی پێدانی تۆپهاوێژی هاوتەزری 105 ملیمی ئەمریکی بە هێزەکانی پێشمەرگە، دەڵێت، گرێبەستی کڕینی تۆپهاوێژەکان لەسەردەمی عیرفان حەیالی وەزیری پێشووتری بەرگری ئەنجامدراوە، لە سەردەمی جومعە عیناد وەزیری پێشووی بەرگری پێداچوونەوەی پێداکراوە.
دەشڵێت، پارەی ئەو گرێبەستە بەرلەم لە کابینەی حکومەت خەرجکراو و تۆپهاوێژەکان رۆژی 20ـی تشرینی دووەمی 2023 گەیشتونەتە بەندەری ئوم قەسەر، سەرەڕای تێپەڕبوونی نزیکەی ساڵێک بەسەر گەیشتنیان، تۆپهاوێژەکان رادەستی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان نەکران، بەڵام دوای ئاڕاستەکردنی یاداشتێکی سەرۆکی ئەرکانی سوپا بۆ محەمەد شیاع سودانی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان و گرتنەبەری رێوشوێنەکان رادەستی پێشمەرگە کراوە.
وەزارەتی بەرگریی عێراق دەشڵێت، هێزی پێشمەرگە، هێزێکی نیشتمانییە و دڵسۆزی بۆ عێراق گومانی تێدا نییە، بابەتی ئەو تۆپهاوێژانەش بۆ حەوت ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە و تا رێوشوێنە تایبەتەکانیش نەگیراونەتەبەر، رادەست نەکراون.