رۆژنامە عەرەبییەکان
شەرقلئەوسەت
گرووپێکى عێراقى دەڵێت، ئامادەن 100 هەزار چەکدار رەوانەى لوبنان بکەن
ئەبوئالاء وەلائى، بەرپرسی کەتیبەکانى سەید شوهەداى عێراقى، کە وەک دەگوترێت نزیکن لە ئێران لەنامەیەکیدا بۆ حەسەن نەسروڵا، ئەمیندارى گشتیى حزبوڵاى لوبنان بەڵێنى پێداوە 100 هەزار چەکدار بنێرێت بۆ لوبنان و نووسیویەتى لافاوى چەکدارەکانمان دەگەنە سنوورەکانى لوبنان، سەنگەرەکان پڕدەکەن، ئەگەر حزبوڵا هەزار چەکدارى شەهید ببێت بە 100 هەزار پڕی دەکەینەوە.
نامەکەى وەلائی لەدواى هێرشە ئەلیکترۆنییەکەى ئیسرائیل دێت بۆ سەر حزبوڵاى لوبنان و لە هەمان کاتشدا کوژرانى ئەبوحەیدەر خەفاجی، یەکێک لە سەرکردە بەناوبانگەکانى حزبوڵاى عێراقى لە دیمەشق.
ئەوە لە کاتێکدا وەک راوێژکاری سەربازی لەو وڵاتە کاری کردووە، لە لایەکی دیکەشەوە دواى هێرشە ئەلیکترۆنییەکەى سەر حزبوڵا چوارچێوەى هەماهەنگیش لە عێراق داواى لەسەرکردە و بەرپرسەکانى خۆی کردووە، کە پێداچوونەوە بە تۆڕى پەیوەندییەکانیاندا بکەنەوە بەتایبەتى ئەوانەیان حەشدى شەعبی پشتى پێدەبەستن.
قودسى عەرەبی
پزیشکێک دەڵێت، ژمارەى کوژراوانى جەنگی ئیسرائیل 200 هەزارى تێپەڕاندووە
ئوسامە حامد، پزیشکێکى ئوردنییە و لەسەرەتاى جەنگى نێوان ئیسرائیل و حەماسەوە گرنگی بە کێشەکە داوە و دووجار چووەتە غەزە و بەبێ بەرامبەر سەرقاڵی چارەسەرکردنى بریندارانى جەنگەکە بووە و بە جەزیرە موباشیرى راگەیاندووە، ژمارەى راستەقینەى کوژراوەکانى ئەو جەنگە نزیکدەبێتەوە لە 200 هەزار کەس، راشیگەیاندووە زۆرینەى کوژراو و بریندارەکان ژن و منداڵن و لەیەک رۆژیشدا زیاتر لە 60 نەشتەرگەریی ئەنجامداوە.
ئوسامە حامد، گومانى لەسەر ژمارەى کوژراوەکانى ئەو جەنگە دروستکردووە و بە جەزیرەى راگەیاندووە، کوژراوەکان 42 هەزار کەس نین، بەڵکو ئەوەندە زۆرن کە نزیک دەبێتەوە لە 200 هەزار و ئەو ژمارەیەش دەکاتە نزیکەى 10%ـى هەموو دانیشتوانى غەزە.
عەرەب
گومان لە پاکوبێگەردی هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان دەکرێت
ونیسرۆب رودجز، رۆژنامەنوسێکى بیانییە و لە ئێستادا لە سلێمانى نیشتەجێیە و بە وردى چاودێریی هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان دەکات، لە راپۆرتیکیدا کە لە پەیمانگاى واشنتن بڵاوکراوەتەوە دەڵێت، هەڵبژادنى ئەمجارەى پەرلەمانى کوردستان لە سایەى کۆمەڵێک ئاڵنگاریی سیاسی، ئابووری، جیۆسیاسی مەترسیداردا بەڕێوەدەچێت.
دەڵێت، گرنگی ئەم هەڵبژاردنە لەوەدایە دەبێتە مەحەکی دیموکراسیەت لە کوردستان و ئەوەش بە پێوەری خاوێنى و شەفافیەتى بەڕێوەچوونەکەى دیاریدەکرێت.
زەمان
نادیە موراد دەستى لە پۆستى باڵیۆزی نیازپاکی کێشایەوە
نادیە موراد، باڵیۆزی نیازپاکی لە نەتەوەیەکگرتووەکا رایگەیاند، دواى ئەو هەموو ساڵە لە کارکردن بۆ دەربازبووانى جەنگ و بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە بڕیاریداوە واز لە پۆستەکەى بهێنێت و بچێتە بوارى مافەکانى مرۆڤ و قەڵاچۆکردنى توندوتیژیی سێکسی بەتایبەتى ئەوانەى، کە پەیوەندییان بە ناکۆکییەکانەوە هەیە.
نادیە موراد یەکێکە لە رزگاربووانى دەستى داعش و لە 2016ـەوە تائێستا لە نەتەوە یەکگرتووەکان وەک باڵیۆزی نیازپاکی کارەکانى ئەنجامداوە.
غادە والی، بەێوەبەرى جێبەجێکاری نووسینگەى نەتەوەیەکگرتووەکان تایبەت بە مادەى هۆشبەر و بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە رایگەیاند، نادیە لە رابردوودا کاریگەریی زۆرى هەبووە و کارى باشی کردووە لەمەوداوش پێکەوە کاردەکەین بۆ دۆزینەوەى رێگەچارەى بنەبڕکردنى بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە.
رۆژنامە تورکییەکان
سۆزجو
کێشەى خەڵک دەستوور نییە، بەڵکو گرانییە
شامیل تەیار، پەرلەمانتاری پێشووی ئاک پارتی نیگەرانی خۆی دەربڕی بەوەی حکومەتى ئاک پارتی بابەتی هەموارکردنەوەى دەستووری کردووەتە رۆژەڤ لەو وڵاتە.
ئەو دەڵێت، گرانیی، بێکاریی بابەتی رۆژەڤی خەڵکە نەوەک هەمواردرنەوەى دەستوور، تەنانەت لە لیستی 20 داواکاری خەڵکدا بابەتی دەستوور گرنگ نییە بەلایانەوە.
میللییەت
جەهەپە لەسەر مێزى دەستوور نییە
ئۆزگور ئۆزال، سەرۆکی گشتیی جەهەپە رایگەیاند، پارتەکەى ئامادەی کۆبوونەوەکانی لایەنەکان بۆ هەموارکردنەوەى دەستوور نابێت. لەبەرئەوەى ناتوانن گفتوگۆ لەسەر چوار ماددەى یەکەمی دەستور بکەن. نەبوونی ئێمە لەسەر مێزى دەستوور مانای ئەوەنییە تەواوى گفتوگۆکان لەسەر هەموارکردنەوەى دەستوور رەتبکەینەوە و رۆڵی خۆمان نەگێڕین.
یەنیچاخ
نرخی بەنزین لە تورکیا گران دەکرێت
بەگوێرەى زانیارییەکانى سەرچاوە سووتەمەنییەکان چاوەڕێ دەکرێت لە رۆژى سێشەممەوە نرخی بەنزین لە تورکیا و باکووری کوردستان گران بکرێت.
بەگوێرەى زانیارییەکان بۆ لیترێک بەنزین بڕی یەک لیرە و 40 قوروش گران دەکرێت. بەم زیادکردنە نرخی لیترێک بەنزین بەنزیکەیی دەگاتە 43 لیرە و 28 قوروش تاوەکو 44 لیرە.
نرخی بەنزین لەنێو شارەکان و قەزاکان ناجێگیر دەبێت. هاوکات چاوەڕێ دەکرێت نرخی گاز وەک خۆی بمێنێتەوە.
ئەڤرەنسەل
بازرگانیی تورکیا لەگەڵ ئیسرائیل بەردەوامە
سەرچاوەکانمان لە رۆژنامەى ئەڤرەنسەل پێشتر رایگەیاندبوو لە مانگی حوزەیران، تەمموز، ئابدا بازرگانی لەنێوان تورکیا و ئیسرائیل هەبووە و ئەو بابەتەى هێنایە رۆژەڤ، ئامارە فەرمییەکانی ئیسرائیل ئەوەیان پشتڕاست کردووەتەوە، تورکیا لەڕێى فەڵەستینەوە لە چەند مانگی رابردوودا درێژە بە بازرگانی خۆى دەدات.
بەگوێرەى ئامارەکانی ئیسرائیل تورکیا لەمانگی حوزەیراندا بە بڕێ 60 ملیۆن دۆلار و لە مانگی تەمموزیشدا بە بڕی 70 ملیۆن دۆلار ئاڵوگۆڕی بازرگانیان هەبووە.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
دەیلی تەلەگراف
تەندروستیی بەریتانیا ژمارەی ئەو نەخۆشانەی پارەی چارەسەرکردنیان لێوەردەگرێت زیاد دەکات
وەزارەتی تەندروستیی بەریتانیا ژمارەی ئەو نەخۆشانەی دەبێت لەبەرامبەر چارەسەرکردنیان لە کەرتی حکومییدا پارە بدەن زیاد دەکات. ئەمەش داهاتی کەرتی تەندروستیی وڵاتەکە لە ساڵێکدا چارەکێک زیاد دەکات.
کەرتی تەندروستیی ئەو وڵاتە ماوەی چەند ساڵێکە رووبەڕووی کورتهێنانی بودجە بە بڕی دوو ملیار پاوەن دەبێتەوە و کاریگەریی بەرچاوی لەسەر خزمەتگوزارییەکان داناوە و خەڵکی دەبێت ماوەیەکی زیاتر لە لیستی چاوەڕوانییدا بمێننەوە تاوەکو بینینی پزیشکیان بەربکەوێت.
گاردیەن
ئیسرائیل سەرکردەیەکی سەربازیی حزبوڵڵای لە هێرشێکی ئاسمانیدا کوشت
سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، لە هێرشێکی ئاسمانیی بۆسەر ناوچەیەکی بەیروتی پایتەختی لوبنان سەرکردەیەکی سەربازیی حزبوڵڵا و 13 کەسی دیکەی کوشت و 66 کەسی دیکەش برینداربوون.
ئەو سەرکردەیەی حزبوڵڵا ناوی ئیبراهیم عەقیلە و لەلایەن ئەمریکاوە داواکراوبوو، بەهۆی ئەوەی لە رووداوی هێرشکردنە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەیروت لە ساڵی 1983 تێوەگلاوە.
حزبوڵلا پشتڕاستى کوژرانى سەرکردەکەى کردەوە و سەرچاوەیەکى ئەمنی لە لوبنان رانگەیاندووە، دەبێتە هۆى زیادبوونى گرژییەکانی نێوان ئیسرائیل و حزبوڵڵا.
نیویۆرک تایمز
سەردەمێکی نوێی وێرانکاریی دەستپێدەکات لەکاتێکدا ئامێرەکان بەرەو کوشندەیی دەڕۆن
بەهۆی هێرشە ئەلیکترۆنییەکانی ئیسرائیل بۆسەر لوبنان، ئیدى بە گومانەوە لە ئامێرە تەکنەلۆژییە ئاساییەکانەوە دەڕوانرێت. ئەنجامدانی ئەم هێرشە نوێ نییە، 15 ساڵ لەمەوبەر ئیسرائیل و ئەمریکا یەکیانگرت بۆئەوەی سەردەمێکی نوێیی هێرشی سایبەریی دەستپێبکەن لە شەڕەکانیاندا. ئامانجەکەش لەڕێی ناردنی کۆدی زیانبەخش بوو بۆ ناوەندە ئەتۆمییەکانی ئێران بۆئەوەی زیانی سەر هاوڵاتییانی مەدەنی کەمبکەنەوە.
لە ئێستادا ئیسرائیل پەنا بۆ ئەو جۆر هێرشە دەباتەوە و ئەو ئەمێرانەی بۆ پەیوەندیکردن لەلایەن حزبوڵڵاوە بەکاردێن و دەخرێنە گیرفان و لە کەمەر دەبەسترێن، دەبن بە نارنجۆک و هێرشی وێرانکەریان پێ ئەنجام دەدرێت.
عەرەب نیوز
بەهۆی چڕبوونەوەی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر رەفەح 27 کەسی دیکە لە غەزە کوژران
هێزەکانی ئیسرائیل لانیکەم 27 فەڵەستینییان لە چەند هێرشێکی تانک و ئاسمانیدا کوشت، کە لە ناوچەکانی ناوەڕاستی کەرتی غەزە رۆژی هەینی ئەنجامیدان، لەکاتێکدا هێرشەکانی بۆسەر ناوچەی رەفەح لەسەر سنووری میسر چڕتر کردووەتەوە.
سەرەڕای هێرشە بەردەوامەکانی ئیسرائیل، هاووڵاتییە فەڵەستینییەکان رووبەڕووی مەترسییەکی دیکە بوونەتەوە، کە بەرزبوونەوەی شەپۆلەکانی دەریایە لە ناوچەی مەواسی لە باشووری غەزە، کە بەهۆیانەوە ژیانی ئەو ئاوارانەی خێوەتیان لە کەنار دەریادا هەڵداوە، سەختتر بووە.