زووم..
ئەو کەسەى شەوى رابردوو لە شەقامی ٦٠ مەتری سلێمانی کەسێکى کوشت و کەسێکى دیکەشى بریندارکرد، براى بەرپرسێکى دژەتیرۆرى یەکێتى نیشتمانى کوردستانە و کوژراوەکەش پۆلیسی نەهێشتی مادەی هۆشبەرە لە بەغداد.
سەرچاوەیەک لە پۆلیسی سلێمانی بە زوومی گوت، دوێنێ ئێوارە، رووداوێکی تەقەکردن لەسەر شەقامی بازنەیی مەلیک مەحمود لە نزیک گەڕەکی چوارچرای شاری سلێمانی روویدا و بەو هۆیەوە دوو کەس برینداربوون، بەڵام بەیانی ئەمڕۆ یەکێک لە بریندارەکان گیانی لەدەستدا.
بە گوێرەى زانیارییەکانى زووم، ئەو کەسەی گیانی لەدەستدا، فیشەک بەر سەری کەوتبوو، ئەوەی دیکەشیان فیشەک بەر قاچی کەوتووە، کەسە کوژراوەکەش پۆلیسی نەهێشتی مادەی هۆشبەرە لە بەغداد
هەر بە گوێرەى زانیارییەکانى زووم، کە لە سەرچاوەیەکى ئاگادار دەستیکەوتووە، بکوژەکە برای بەرپرسێکی دژەتیرۆری یەکێتیی نیشتمانى کوردستانە.
هاوکات بەیانی ئەمڕۆ دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان راگەیەنراوێکی لەسەر رووداوەکە بڵاوکردەوە و دەستگیرکردنی تۆمەتباری رووداوەکەشی راگەیاند.
لە راگەیەنراوەکە هاتووە، دوای ئەوەی شەوی رابردوو لەشەقامی مەلیک مەحمود لەشاری سلێمانی دەمەقاڵێ و ئاڵۆزی لە نێوان سەرنشینانی (دوو) ئۆتۆمبێل دروست بوو، شۆفێری یەکێک لە ئۆتۆمبێلەکان بەچەکی جۆری (دەمانچە) دوو هاووڵاتی بریندار کرد و دواتر بەهۆی سەختی برینەکەیەوە یەکێک لە بریندارەکان گیانی لەدەستدا.
دەزگای ئاسایشی هەرێم راشیگەیاند، دوای رووداوەکە تۆمەتبار بەخێرایی هەڵاتووە، بەڵام بەهاوکاری هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی لەماوەی کەمتر لە پێنج کاتژمێر تۆمەتباری تەقەکەر دەستگیرکرا و رووبەڕوی یاسا کرایەوە.