رۆژنامە عەرەبییەکان
شەرقلئەوسەت
کەتیبە چەکدارییەکانى عێراق بە ئاسایشی تۆڕی پەیوەندییەکانیاندا دەچنەوە
باس لەوە دەکرێت کە کەتیبە چەکدارییەکانى عێراق دەستیانکردووە بە پێداچوونە بە ئاسایش و ئەمنییەتى تۆڕی پەیوەندییکردنەکانیان، ئەوەش لە رۆشنایی دووبارەبوونەوەى سیناریۆی تەقینەوەی پەیجەرەکانى لوبنان.
سەرچاوەیەک ئاماژە بۆ ئەوەدەکات سەرکردایەتى ئەو گروپ و کەتیبە چەکدارییانە بۆ ئەو مەبەستە لە پەیوەندییدان، دوای ئەو گورزە کوشندەیەى حزبوڵای لوبنانى کردە ئامانج.
سەرکردەیەکى چوارچێوەى هەماهەنگیش دەڵێت، سەرکردایەتى ئەو گروپ و کەتیبە چەکدارییانە، سەرقاڵی پیداچوونەوە و چاوپێداخشانەوەى ئاسایشی ئەو تۆڕە پەیوەندییانەن، بەتایبەت ئەوانەى حەشدی شەعبی بەکاریاندەهێنێت.
قودسی عەرەبی
نەسروڵا دەڵێت دووچاری گورزێکی بێ هاوشێوە بووین سەرکردایەتى سوپای پاسدارانیش دەڵێت کارەکە تیرۆریستییە و وەڵامی توندیان دەبێت
زۆرینە چاوەڕێی هەڵکشانى گرژییەکانى حزبوڵا دژی ئیسرائیل دەکەن، بەتایبەت سەرۆکوزیرانى ئیسرائیل کە دەیەوێت بەرەى جەنگەکە فراون بێت، بەڵام گوتارەکەى حەسەن نەسڕوڵا، رابەرى حزبوڵای لوبنان، سەرەڕای بوونى هەڕەشە و تۆڵەسەندنەوە لە ئیسرائیل بەرامبەر تەقینەوەکان، ئارام بوو.
ئاژانسی فەرمی هەواڵەکانى ئێرانیش لە زاری حسێن سەلامی، فەرماندەى گشتی سوپای پاسدارانەوە پەیامێکى بۆ حەسەن نەسڕوڵا، رابەری حزبوڵای لوبنان بڵاوکردەوە کە گوتویەتى، بە توندی سەرکۆنەى ئەو کارە تیرۆرستییەى ئیسرائیل دەکەین و وەڵامی توند و بە زەبرمان بۆی دەبێت.
عەرەبی جەدید
سودانی مەرجی هەموارکردنەوەی کابینە وزارییەکەى بە هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان دەبەستێتەوە
محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، مەرجی ئەوەی خستە سەر گۆڕانکاریی کابینەى حکومەتەکەى، کە هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان ئەنجامبدرێت، بەو واتایەى دەبێت هەر گۆڕانکارییەک لە کابینە وزارییەکەى لە عێراق، دەبێت لە رێگەی دەنگدانی پەرلەمانەوە تیپەڕێنرێت.
ئەم راگەیاندنەشی لە میانی وتارێکیدا هات، کە لە 8ـی ئەیلول پێشکەشی عێراقییەکانی کرد، ئەمەش هەڵوێستەکانی پێشووی سەبارەت بە دەستکاریکردنی حکومەت پشتڕاستکردەوە، کە پێشبینی دەکرێت گۆڕانکاریی لە کابینەى وزارییەکەى لە چوار وەزیر کەمتر نەبێت.
جەریدە
واشتن سەرکەوتوو دەبێت لە دوورخستنەوەى هندستان لە روسیا؟
نیودلهی رەتیدەکاتەوە غاز لە روسیا بکڕێت و شاندەداتە بەر فرۆشتنى کەلوپەلەکانى بە کیێڤ.
لە وەڵامێکدا بۆ هەوڵە بەردەوامەکانی ئەمریکا بۆ دوورخستنەوەی هیندستان لە روسیا، کە ئەمریکا هندستان بە هاوپەیمانی مێژوویی خۆی و هاوبەشێکی گرنگی رووبەڕووبوونەوەی چین لە ئاسیا دەزانێت، هیندستان درێژە بە پرۆسەیەکی رانەگەیەندراو دەدات بۆ فرۆشتن و گواستنەوەی تۆپخانە و جبە سەربازییەکانى بە ئۆکراین، بەرلەوەش بڕیاریدا خۆیان لە کڕینی غاز لە روسیا بەدوور بگرن.
رۆژنامە تورکییەکان
یەنی شەفەق
باخچەلی: هەڵبژاردنى پێشوەختە کارێکی لۆژیکی نییە
دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی گشتیی مەهەپە رایگەیاند ئەوانەى بانگەشە بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە دەکەن دەیانەوێت سەقامگیریی وڵات تێک بدەن، هەڵبژاردنى پێشوەختە کارێکی لۆژیکی نییە.
باخچەلی راشیگەیاندووە سەرۆکی جەهەپە لەپاش هەڵبژاردنى 31ى ئازار پێداگریی لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنى پێشوەختە دەکات ئەوە کارێکی خەیاڵپڵاویە و لەگەڵ لۆژیکدا یەکناگرێتەوە.
قەرار
هۆشداری لە بڵاوبوونەوەى پەتایەک لە خوێندنگەکان دەکرێت
بەهۆی گرانی و کەمکردنەوەى خەرجییەکانەوە، وەزارەتی پەروەردەى تورکیا خزمەتگوزاری پاککردنەوەى لە قوتابخانەکان کەمکردوەتەوە. بەو هۆیەوە کەرەستەى خاوێنکردنەوەى قوتابخانەکان کەمکراوەتەوە و بەهۆی کەمی موچەوە ژمارەی کارگوزارەکانیش کەمبونەتەوە.
بەگوێرەى گوتەى پەرلەمانتارێکی ئیی پارتی لە خوێندنگەیەک لە ئیستەنبوڵ چەندین حاڵەتی حەساسیەت لەنێو خوێندکاران بڵاوبوەتەوە.
جمهورییەت
جەهەپە لە راپرسییەکاندا یەکەمە
بەگوێرەى نوێترین راپرسی ناوەندی یۆنیەلم، ئاشکرای کردووە دەنگەکانى جەهەپە لەپێش ئاک پارتییەوەیە و بووەتە پارتی یەکەم.
بەگوێرەى راپرسییەکە جەهەپە %34ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە. ئاک پارتی %30 و مەهەپە %9 و دەم پارتیش %9ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە.
سۆزجو
ئاک پارتی لە سیاسەتى 12 ساڵی سوریا بەرپرسیارە
هاکان فیدان وەزیری ناوخۆی تورکیا رایگەیاندووە حکومەتەکەیان ئامادەیە بۆ دیداری بەشار ئەسەد سەرۆکی سوریا.
دەبێت گەلی تورکیا بپرسێت کێ لە سیاسەتى 12 ساڵى رابردووی تورکیا و سوریا بەرپرسیارە؟ کێ لە هاتنى ملیۆنان پەنابەری سوری بۆ وڵاتەکەمان بەرپرسیارە.
خەرجکردنى 100 ملیار دۆلار، مەترسی دروستکردنى دەوڵەتێک بۆ تیرۆریستان لەسەر سنورەکەمان و باجی سەربازە تورکە کوژراوەکان کێ بەرپرسە.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
دەیلی تەلەگراف
لەپاش سەرهەڵدانی شەپۆلێکی رق و دوژمنکاری، ستامەر دەڵێت هێشتا جڵەوم لەدەستدا ماوە
کەتنێکی پارتی کرێکاران ئاشکرا بووە، دەڵێن لەپێش ئەنجامدانی کۆنگرەی حزبەکەوە مووچەیەکی خەیاڵییان داوە بە ژنێک ناوی سوو گرەیە. لەپاش ئاشکرابونەکەیەوە سێر ستامەر ناچار بوو نکووڵی لەوەبکات کە لەنێو تەلاری حکومەتدا هەڵچووبێت و جڵەوی هەڵسوکەوتی خۆیی لەدەست دابێت، پاش ئەوەی کە ئاشکرا بوو مووچەیەکی داوە بە ئەو ژنە بڕەکەی دەگات بە 170 هەزار پاوەند و ئەمەش لە موچەکەی خودی ستامەر زیاترە. ئاشکراکردنی بڕی موچەکەی ئەو ژنە هەوڵێک بوو بۆ لێدانی ژنەکە خۆی، بەڵام حزبەکەی ستامەری گرتۆتەوە. بۆیە ئێستا حزبەکە کەوتۆتە جموجووڵ دەیانەوێت بزانن کێ و لە کوێوە توانیویەتی موچەکەی سوو ئاشکرا بکات.
تایمز
حزبوڵا هەڕەشە لە ئیسرائیل دەکات، سزایەکی قورسی بدات
سەرۆکی حزبوڵا هەڕەشەی توند لە ئیسرائیل دەکات و دەڵێت دەبێت سزایەکی قورس وەربگرێت. ئەم هەڕەشانە پاش ئەو پەلامارە دێن، کە لەم هەفتەیەدا هەزاران ئامێری پەیجەر و وۆکی تۆکی لە گیرفانی ئەندامانی حزبوڵادا تەقینەوە. لە پاش ئەو پەلامارەوە تەقە و پەلاماردان لەنێوانی هەردوولادا درێژەی کێشا و زۆر نزیک بۆتەوە لە کەناری گەیشتن بە شەڕێکی قورسی ڕووبەڕوو. حەسەن نەسروڵا دەڵێت ئەو هێرشەی بووە هۆی کوشتنی 37 کەس و بریندارکردنی 3000 کەس هەر لە راگەیاندنی شەڕی راستەوخۆ دەچێت.
گاردیەن
لە دۆزەخدا گیرمان خواردووە
ئەمە هاوارێکی سەختی ئەو پەنابەرانەیە کە دەیانەوێت بگەن بە سنورەکانی ئیتالیا. ئەو دەمەی کە پەیامنێرەکەی ئێمە ئەوانی بینی هەموویان بە ڕیز لەبەردەرگای خاڵێکی پشکنیندا کەوتبوون. بۆیە پەیامنێرەکەمان لەوە دەترسا کە رەوشەکە بەرەو خراپتر بشکێتەوە، ئەو خەڵکە هەموویان لەسەر زەوی راکشێندرابوون و پۆلیسی پاسەوانی سنوری وڵاتی تونسیش رێگەی پێ نەدەدان بپەڕنەوە. ماریا ژنێکی ئەفریقییە، بە بیابانی گەورەدا بەپێ گەشتبوو بە سنوری تونس، ماوەی 5000 کیلۆمەتری بڕیبوو، شتێکی کەمی مابوو بگات بە ئامانجەکەی خۆی کە بریتییە لە کەناراوەکانی باکووری ئەفریقا ، بەڵام گومانی ئەوەی بۆ دروست ببوو کە لەوێوە بگەڕێندرێتەوە، چونکە پاسەوانە چەکدارەکانی سنووری تونس رایانگرتبوون و پێیان پێدەکەنین.
عەرەب نیوز
شاندێکی سعودیە لە بەریتانیایە و دەڵێت ئەگەری شەڕ زۆر بەهێزە
شاندێکی سعوودی چوە بۆ بەریتانیا و لەوێوە دەڵێت لە ساڵی 1973 بەدواوە هیچ کات هێندەی ئێستا گریمانی شەڕ لە ناوچەکەدا بەهێز نەبووە.
باڵوێزی سعودیە لە بەریتانی هۆشداریی دا، کە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەژێر گەورەترین هەڕەشەی دروستبوونی شەڕێکی ناوچەییەدایە، لە ساڵی 1973 بەدواوە هێندەی ئێستا ئەگەری شەڕکردن نزیک نەبووە.
لە دیدارێکیدا لەگەڵ کەناڵی سکای نیوزدا شازادە خالید بین بەندەر باڵوێزی سعودیە گوتی پێویستە هەموومان هەوڵی جدی بخەینەگەڕ بۆئەوەی کۆتایی بەم خوێنڕشتنەی ئێستا بهێندرێت. شازادە لە دیدارەکەیدا گوتویەتی دەمەوێت بڵێم هەندێک گەشبینیم تیادا هەیە، بەڵام بەڕاستی نازانم سەرچاوەی گەشبینییەکەم چییە!