زووم..
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
گاردیەن
هەڵمەتی دووەمی تەقاندنەوەکانی نێو لوبنان مەترسیی گرژکردنی رەوشەکانی زیاتر کردووە
تەقاندنەوەی ئامێرەکانی وۆکی تۆکی، کە ئەندامانی حزبوڵای کردووە بە ئامانج 20 کەسی کوشت و سەدانیشی بریندارکردووە. زنجیرەیەکی دیکەى تەقاندنەوەی ئامێرەکان بەشێوازێکی نائاسایی روویدا و ئەندامانی حزبوڵای لوبنان تێیدا کران بە ئامانج.
ئەمجارەش بەلانیکەمەوە 450 کەسی لەنێو ئەو وڵاتەدا بریندارکردووە. ناوەندە نێودەوڵەتییەکان هۆشداری دەدەن و دەڵێن ئەو کردەیەی ئامێری پەیوەندیکردن لە گیرفانی خەڵکدا بتەقێتەوە بە تاوانی جەنگ هەژمار دەکرێت.
ئۆرشەلیم پۆست
پێویستە بایدن تێبگات نابێت گفتوگۆکانی دانوستانى ئەمجارە شکستبهێنێت
خێزان و کەسوکاری ئەو ئەمریکییانەی بە بارمتە گیراون لە واشنتن دی سی چاویان بە بەرپرسانی حکومەت کەوت و پەیامی خۆیانیان پێگەیاندن.
هەر ئەو خێزانانە لەنێو تەلاری یانەی نیشتمانیی راگەیاندندا لە واشنتن بە هاوبەشی کۆنفرانسێکى رۆژنامەنووسیان سازکرد، ناڕەزایی خۆیانیان دەربڕی لەسەرئەوەی تەرمی هێرش گۆڵدبێرگ پۆلینی سەربازی ئەمریکی – ئیسرائیلی لەنێو یەکێک لە تونێلەکانی حەماسدا لە کەرتی غەزە دۆزراوەتەوە، کە لەگەڵ تەرمی پێنج بارمتەی تری کوژراودا پێکەوە فڕێدرابوون.
ئێستا پەستانی ئەم خێزانانە لەسەر ئیدارەکەی بایدنە، داوادەکەن هەرچی زووترە دانوستاندن بۆ ئازادکردنی بارمتەکان بخرێتە بواری کارپێکردنەوە.
گەڵف نیوز
پێویستە لەنێو ئەنجومەنی بەڕێوەبەرانی کارگە و کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەتدا بەلانیکەمەوە ژنێک هەبێت
کۆمپانیا و کارگەکانی کەرتی تایبەت لە وڵاتی ئیماراتی عەرەبی ئەنجومەنێکی باڵای بەڕێوەبەرانیان پێکهێناوە و داوا دەکەن ئەنجومەنەکە بەلانیکەمەوە یەک ژنی وەک ئەندامی سەرەکی تێدابێت.
هەروەها لە فەرمانێکی وەزارەتی ئابووریی ئەو وڵاتەشدا هاتووە، هەر کۆمپانیایەک ئەنجومەنی کارگێڕیی هەبێت دەبێت بەلانیکەمەوە ژنێک لەو ئەنجومەنەدا ئەندام بێت.
ئەم بڕیارە بەشێکە لە ستراتیژێکی نوێ کە ئەو وەزارەتە دەیەوێت لە ئیدارەدانی کەرتی کۆمپانیاکاندا جیاوازیی رەنگ و دەنگ هەبێت و نوێنەرایەتیی ژنانیش لەو کایەیەدا پەرەی پێبدرێت.
عەرەب نیوز
کۆمپانیای ستارلینکی ماسک لەڕێی مانگی دەستکردەوە ئینتەرنێتی بۆ یەمەن دابینکرد
خەڵکى پێشوازى لە دابینکردنى ئینتەرنێت دەکەن و دەڵێن ئینتەرنێتەکەشی خێرایە. بۆیە کاریگەری لەسەر کایەی کۆمەڵایەتی و ئاڵوگۆڕی ئابوورییش دەبێت.
ئیلۆن مەسک پێیوایە ئەم مانگە دەستکردەی ئینتەرنێت دەدات بە خەڵکی یەمەن کاریگەری و شوێنکەوتەی باشی دەبێت لەو وڵاتەدا، کە شەڕکردنی بەردەوام وێرانی کردووە و ئەو ئینتەرنێتەی یەمەنییەکان خۆیان دەتوانن دابینی بکەن زۆر خاوە.
مەسک لەڕێی پلاتفۆڕمی ئێکسەوە نووسیویەتی خزمەتگوزاریی ئینتەرنێتەکەی ستارلینک ئێستا بۆ یەمەن بەردەستە و دەتوانن بەکاریبهێنن.
رۆژنامە عەرەبییەکان
شەرقلئەوسەت
دۆخى بریندارەکانى پەیجەر خراپترن لە بریندارانى تەقینەوە گەورەکەى بەندەرى بەیروت
ئەیاد مونزر، گوتەبێژى خاچى سوورى لوبنانى بە رۆژنامەى شەرقلئەوسەتى راگەیاند، 150 ئۆتۆمبێلى فریاکەوتن و 450 کارمەندى فریاکەوتنیان بەشدارییان کردووە لە بەدەمەوەچوونى برینداراندا و بەراوردێکى کردووە لەنێوان تەقینەوەکانى چەند رۆژى رابردوو لەگەڵ تەقینەوەى بەندەرەکەى بەیروت و رایگەیاند، جۆری بریندارەکانى بەیجەر خراپترن.
چەند رۆژێکە شێوازى جەنگی ئیسرائیل بەرامبەر حزبوڵاى لوبنان گۆڕانکاریى بەسەردا هاتووە و لە جەنگی بەرەیی و درۆن و مووشەک و فڕۆکەوە گۆڕاوە بۆ جەنگى ئەلیکترۆنی، لە چەند هێرشێکی جۆراوجۆردا ژمارەیەک کەس کوژراون و سەدان کەس بریندار بوون و تەنها لە رۆژى یەکەمدا 2800 کەس بریندار بوون، سەرچاوە پزیشکییەکانى لوبنان باسیان لەوە کردووە زۆرینەى بریندارەکان دەموچاو، ران، دەست و سکى گرتووەتەوە، لەبەرئەوەى ئامێرى پەیجەر لەو شوێنانەوە نزیک بوون و لەکاتى تەقینەوەى پاترییەکانیاندا ئەو زیانەى گەیاندووە پێیان و بەشێکیشیان چاوەکانیان لەدەستداوە.
سلێمان هارون، بەڕێوەبەرى نەخۆشخانەى شەرقلئەوسەتى لوبنانى رایگەیاند، زۆرینەیان برینەکانیان قوڵن و پێویستیان بە نەشتەرگەریی جۆراوجۆر هەیە.
مەدا
نەبوونى یەکەى نیشتەجێبوون هەڕەشە لە ملیۆنان عێراقى دەکات
عەلى کەربولى، پسپۆری ئابووری بە رۆژنامەى مەداى راگەیاند، کێشەى شوێنى نیشتەجێبوون یەکێکە لە دیارترین کێشە گەورەکانى بەردەم ئابووریى عێراق.
دەڵێت، هاووڵاتیانى عێراقى لەنێو شارەکاندا پێویستیان بە شوێنى نیشتەجێبوونى زیاتر هەیە، لەبەرئەوەى گەشەى شارەکان زۆر خێرایە، بەڵام بەهۆی کێشەى دارایی و ئەمنى و سیاسییەوە وەک پێویست گەشەى نەکردووە.
سۆزان مەنسور، جێگرى سەرۆکی لیژنەى وەبەرهێنان لە پەرلەمانى عێراق رایگەیاند، بانگهێشتى حەیدەر مەکییە، سەرۆکی دەستەى نیشتمانى وەبەرهێنان دەکەن سەبارەت بە گرانى یەکەى نیشتەجێبوون، لەکاتێکدا بەخۆڕایی زەوییان پێدەدرێت و کار ئاسانى دیکەشیان بۆ دەکرێت.
دەڵێت، عێراق پێویستى بە سێ تاوەکو سێ ملیۆن و نیو شوێنى نیشتەجێبوون هەیە.
سەباح
رۆژى یەکشەممە 12 ملیۆن قوتابی عێراق دەچنەوە ناوەندەکانى خوێندن
کەریم سەید، گوتەبێژى وەزارەتى پەروەردەى عێراق رایگەیاند، رۆژى دووشەممەى رابردوو مامۆستایان و فەرمانبەرانى وەزارەتەکەیان پەیوەندییان بە قوتابخانەکانیانەوە کردووەتەوە و رۆژى یەکشەممەى داهاتوو یەکەم رۆژى دەستپێکردنى دەوامی فەرمییە لە عێراق.
رایگەیاند، هەموو ئامادەکارییەکانیان تەواوکردووە، کتێب و پرۆگرامەکانى خوێندنیان گەیاندووتە قوتابخانەکان و لە هەمان رۆژدا بەسەر قوتابییاندا بەخۆڕایی دابەشدەکرێت.
ئەو دەڵێت، بۆ خوێندنى ئەمساڵ دەیان قوتابخانەى نوێیان لە پارێزگاکاندا کردووەتەوە، کە بۆ ئەمساڵ دەست بەخوێندن دەکرێت تێیاندا و تەنها لە پارێزگاى نەجەف 38 قوتابخانە و شوێنى مانەوەى قوتابییان تەواوکراون.
فیراس حاکم، بەڕێوەبەری چاپخانەى الکفیلیش رایگەیاند، جۆری ئەو وەرەقەیەى بۆ چاپکردنى کتێبەکانى ئەمساڵ بەکارهێنراون دۆستى ژینگەن و لەڕووى کێشەوە سوکن و کێشە بۆ قوتابیان دروست ناکەن.
دەستور
عێراق زیاتر لە 722 ملیۆن تۆن بەنزینى هاوردەکردووە
کۆمپانیاى سۆمۆ بڵاویکردەوە، لە چارەکى دووەمى ئەمساڵدا عێراق 722 ملیۆن و 566 هەزار و 970 تۆن بەنزینى هاوردە کردووە.
بەگوێرەى خشتەیەک، کە سۆمۆ بڵاویکردووەتەوە لە سەرەتاى مانگى نیسانى 2024ـەوە تاوەکو مانگی حوزەیران ئەو بڕە بەنزینەى هاوردەکردووە بەبێ ئەوەى ئاماژە بەسەرچاوەکەى بکات.
سۆمۆ دەڵێت، عێراق غاز و نەوتى سپی هاوردە کردووە، کە پێوستى بە 32 ملیۆن لیتر بەنزینى رۆژانەیە.
رۆژنامە فارسییەکان
مەردوم سالاری
بازاڕی رەشی مێتادون لە ئێران دروستبووە
سەرۆکی ناوەندی چارەسەری بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر، دروستبوونی بازاڕی رەشی دەرمانی مێتادۆنی لە ئێران راگەیاند.
لە دووهەمین سیمیناری نیشتمانیی چارەسەری ئالودەبوون، عەلی غولامی ئاماژەی بە قازانجی 50 ملیۆن دۆلاریی ناوەندەکانی چارەسەری ئالودەبوون لە فرۆشتنی دەرمان بە وەزارەتی تەندروستی کرد.
ئەو گوتی، بەرهەمهێنانی مادەی خاوی میتادۆنی بۆ ناوەندەکانی چارەسەرکردن 26 تۆنە، بەڵام 40 تۆنی ئەم مادەیە لە وڵاتدا هەیە و بەشێکی بەشێوەیەکی نایاسایی لە بازاڕی رەشدا دەفرۆشرێت.
ئاسیا
لە ئێران 1.7 ملیار دۆلار قەرزی هاوسەرگیری و منداڵبوون دراوە بە خەڵک
محەمەد رەزا فەرزین، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئێران رایگەیاند، لە شەش مانگی رابردوودا، ملیارێک و 700 ملیۆن دۆلار قەرزی هاوسەرگیری و منداڵبوون دراوە بە خەڵک، کە 81%ـى قەرزی هاوسەرگیری و 19%ـى قەرزی منداڵبوون بووە.
ئاماژەی بەوەش کرد، لە شەش مانگی داهاتوودا ئەوەندەی دیکە قەرز بە هاووڵاتیان دەدرێت، کە بەسەر حەوت بانکی گەورەدا دابەشکراوە.
ئەفکار
زانکۆی کوردستانی سنە لە کۆڕی زانکۆ باشەکانی جیهاندایه
حامد قادرزادە، سەرۆکی زانکۆی کوردستانی سنە رایگەیاند، ئەم زانکۆیە لەلایەن پەیمانگای یو ئێس نیوزەوە لە ریزبەندی زانکۆ باشەکانی جیهاندا دانراوە، کە تیشک دەخاتە سەر ناساندنی ئەو زانکۆیانەی توێژینەوەی زانستی زۆریان ئەنجامداوە.
پێوەری هەڵسەنگاندنی ئەم دامەزراوەیە بریتییە لە بەرهەمهێنانی لانیکەم 1.250 بابەت لە ماوەی پێنج ساڵی رابردوودا لە خەزێنەی تۆڕی زانستدا بۆ هەر زانکۆیەک.
زانکۆی کوردستان لەم لیستەدا لە پلەی3ـ 1.56ی جیهاندایە و لەنێو زانکۆکانی ئێراندا پلەی 36ـى هەیە و ئێستا خاوەنی زیاتر لە 11 هەزار خوێندکارە لە ئاستی خوێندنی جیاوازدا.
جەوان
کۆشکی سپی دیپلۆماسی بە باشترین بژاردە دەزانێت بەرامبەر ئێران
کۆشکی سپی جەختی کردەوە، دیپلۆماسی باشترین رێگایە بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی کاریگەر و درێژخایەن بۆ بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران.
کارین ژان پیێر، گوتەبێژی کۆشکی سپی رایگەیاند، ئەمریکا لە سێ ساڵ و نیوی رابردوودا ئەم هەڵوێستەی پاراستووە و پێی وایە دانوستانی دیپلۆماسی پێویستە، هەرچەندە ئێمە لە ئێستادا دوورین لەو ئامانجە.
ئەو گوتی، ئێمە ئێران بە کردەوەکانی هەڵدەسەنگێنین، نەک قسەکانی.
رۆژنامە تورکییەکان
سەباح
دەستوورێکی مەدەنی قەرزە لەسەرمان و دەبێت بیدەینەوە بە میللەت
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا لەبارەی دەستووری نوێوە پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، وەک خۆمان لەبارەی چوار مادەی یەکەمی دەستوورەوە هیچ جۆرە مشتومرێکمان نیە و دەبێت بەرهەمی ئیرادەی مەدەنی بێت.
دەڵێت، ئێمە خوازیارین بەردەمی تورکیا بکەینەوە و میللەتەکەمان رزگار بکەین لە دەستووری کودەتا. دەستوورێک، کە بەدەستی مەدەنیەکان هاتبێتە ئاراوە و بەتەواوی ئیرادەی مەدەنیی تێدا رەنگدابێتەوە.
بەرهەمهێنانی دەستوورێکی لەو چەشنە قەرزی ئێمەیە بەرامبەر بە میللەتەکەمان، کە سنگی خۆی کردە قەڵغان بەرامبەر بە تانک و دەبابەکان لە شەوی 15ـى تەمموزدا.
سۆزجو
ئاک پارتی لەماوەی 22 ساڵدا وڵاتی گەیاندە ئەم حاڵە
رۆژنامەکە نووسیویەتى، ئابووریان بە چۆکدا هێنا، هەژاریان زیاد کرد، ملیۆنان خەڵکیان والێکرد پێویستیان بە یارمەتیی بێت. وای لێهاتووە سەمون دابەشکردن بووەتە جۆرێک لە یارمەتیدان. ئێستا لە پەراوگە و لۆقەنتاکاندا هەمان شت روودەدات.
لە یاڵۆڤا دوکانێکی پەڕاوگە لەلایەن خاوەنەکەیەوە بەناوی دیلەک یاشار هەڵساوە بە پێدانی قەڵەم و دەفتەر بەو منداڵانەی دۆخی ئابووریی باوانیان باش نیە وەک پشتگیریەک.
بەهەمان شێوە بۆ لۆقەنتە خانەکانیش، بەهۆی گران بوونی نرخی خواردن تێیادا پەرلەمانتارێکی جەهەپە دەستیکردووە بە دابەشکردنی خواردن بەسەر ئەو کەسانەی دەستیان کورتە و توانای کرینیان نیە.
تورکیا
زەنگی سووری مەترسی لێدەدرێت
ئیراسئیل بەیەک سیگنال بە هەزاران ئامێری بانگەوازی کردە بۆمبێکی چێنراو، ئێستا جیهان مشتومڕی ئاسایشی سایبەری خۆی دەکات، هەر وڵاتە و لە ئاستی خۆی.
دوای رووداوەکەی لوبنان، کە بووە هۆی کوژرانى 12 کەس، دوای رێوڕەسمى بەخاکسپاردنیان 20ـى دیکەش کوژران. لەئێستادا لوبنان کەوتووەتە دۆخێکەوە دەشێت “دوژمن” لە هەرشوێنێک بێت، ئەویش لەڕێی ئەو هێرشە ئەلیکترۆنییەى ئەنجامدراوە و بە ئۆپراسیۆنی دوگمەی سوور ناوزەد دەکرێت.
تورکیا لە رووی ئاسایشی سایبەرییەوە وەبەرهێنانێکی جدی ئەنجامداوە، (ئاسەلان) چەندین سیستمی بەرەوپێش بردووە، کە رێگەی تەواوەتی لە هەر جۆرە هەڕەشەیەکی دەرەکی دەگرێت و ئەمەشی پێشکەش بە هێزە ئەمنیەکان کردووە.
وەزیری گەیاندن رایگەیاند، هەموو رۆژێک رێگە لە 400 هێرش دەگرین.
وەزیری تەکنەلۆجیاش دەڵێت، جارێکی دیکە دەرکەوت هەڵمەتی تەکنەلۆژیای میللی چەندە گرنگە.
یەنی شەفەق
جەهەپە پەیڕەوی کەنعانیزم دەکات
لەبارەی مشتومڕەکانی مادەی چوارى دەستوورى تورکیا، سەرۆکی گشتیی هوداپار رایگەیاند، جەهەپە بە مەبەست پرسی گۆڕانکاریی دەستووری بەرەو شوێنێکی دیکە دەبات و دەڵێت، ئێمە کێشەمان لەگەڵ مارشی ئیستیقلال، ئاڵا، پایتەخت و کۆماردا نیە، مادەی چوارى دەستوور لە دوای کودەتای 1980 هاتووەتە نێو دەستوورەوە، جەهەپە ئێستا بە ماسکی کەمالیزمەوە پەیرەوی کەنعانیزم دەکات.