زووم..
ئەو رووداوە کتوپڕە تەمومژاوییەی لە لوبنان روویدا، لە هەموو جیهان دەنگدانەوەی هەبووە، هەزاران ئامێری بێتەل لە یەک ساتدا پیکەوە تەقینەوە، ئەمە وای لە رۆژنامە جیهانییەکان کردووە، بەپەلە بکەن لە شرۆڤەی رووداوەکە و سیناریۆکانی تەقاندنەوەی ئامێرەکان.
رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی راپۆرتێکی لەو بارەیەوە هەیە و دەڵێت، ئەو ئامێرانەی بەدەستی حزبوڵا گەیشتووە، لە تایوان دروستکراوە، بەڵام بەرلەوەی بگاتە دەستی حزبوڵا، کەوتووەتە چنگی موساد.
دەزگا سیخوڕییەکەی ئیسرائیل، کە لە چەند ساڵی رابردوودا رووچووەتە نێو وڵاتانی عەرەبی و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دەستیکردووە بە تێنتیرێژکردنی ئامێرەکان، سێ گرام تی ئێن تی خستووەتە هەر ئامێرێکەوە، دواتر لە ڕێی ناردنی نامەی ئەلیکترۆنییەوە تەقینراونەتەوە.
بەرپرسانی ئەمریکی ئەو زانیارییەیان بۆ رۆژنامەی نیویۆرک تایمز پشتراستکردووەتەوە.
هەروەها بەگوێرەی رۆژنامە ئەمریکییەکە، ئامێرەکە لە بەرهەمهێنانی کۆمپانیای گۆڵد ئەپۆلۆی تایوانییە، بەڵام کۆمپانیاکە رەتیکردەوە ئەو ئامێرەیان بەرهەمهێنابێت.
کۆمپانیاکە دەڵێت، کۆمپانیای گۆڵد ئەپۆلۆ رێککەوتنێکی دوورمەودای لەگەڵ کۆمپانیای بی ئەی سی هەنگاری هەیە، بەوەی کۆمپانیاکە دەتوانێت بە لۆگۆی ئەوانەوە بەرهەمەکانی بخاتە بازاڕەوە، بۆیە کۆمپانیا هەنگارییەکە بەرپرسە لە رووداوەکە.
پەیجەرس ئامێرێکی بێتەلی پەیوەندیکردنە و لە ساڵانی شەستەکانی سەدەی رابردوو پەرەی پێدراوە و لە رێی شەپۆلی رادیۆییەوە پەیوەندییەکان دەگوازێتەوە، هاوشێوەی ئامێرەکانی دیکەی پەیوەندی بێتەل، وێستگەیەکی سەرەکییان هەیە، لەوێوە شەپۆلەکان دەگوازرێنەوە، زیاتریش بۆ حاڵەتی لەناکاو یان پەیوەندییەکی سنووردار بەکاردەهێنرێن.