تەنها بەرەبەیانى ئەمڕۆ، هەینى، 25ى تشرینى دووەمى 2022، سوپاى روسیا 17 جار شارى خێرسۆنی بۆردومانکردووە، کەمێک دواتر روسیا وێستگەکانی ئاو و عەمبارەکانى ئاوی شاری میکۆلایڤى بۆردومانکرد، ئەمە دواین گوتەى بەرپرسانى سوپاى ئۆکراینایە لەبارەى ئەو جەنگەى نۆ مانگە پرزەى لەو وڵاتە بڕیوە.
80%ى هاوڵاتیانى وڵاتەکە بێ کارەبا بوون
بە نزیکبوونەوە لە سەرما و سۆڵەى ئۆکراینا، هێرشەکانیش زیاتربوون، هێرشەکانى رۆژى چوارشەممە، وڵاتەکەى تاریکتر کردووە، ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکى، سەرۆکى ئۆکراینا بە ئەنجومەنى ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکانى گوت، تەنها ئەو رۆژە 70 موشەک ئاراستەى وڵاتەکەمان کراوە “شار بۆ راگرتنى بکەن”.
ئۆکراینا لە ململانێدایە بۆ دابینکردنى خزمەتگوزارییەکانی ئاو و کارەبا بۆ ملیۆنان کەس، موشەکەکانى رۆژى چوارشەممە، زۆرینەى بەر ژێرخانی وزە کەوتن. بەگوێرەى ئامارى وڵاتەکە نزیکەی 80%ى وڵاتەکەی بێ کارەبا کردووە.
هێرشەکانى ئەمڕۆش کرانە سەر وێستگە و سەرچاوەکانى ئاوى پارێزگاى میکۆلایڤ، زۆرینەى دانیشتوانى شارەکە بێ ئاو دەبن.
فەرەنسا 100 مۆلیدەی کارەبا بۆ ئۆکراینا دەنێرین
ڤیتالی کلیچکۆ، سەرۆکی شارەوانی کیێڤ رایگەیاند، تاوەکو ئێوارەى دوێنێ، تەنها لە کیێڤ 60%ى ماڵەکان بێ کارەبا بوون، ئەمە هاوکاتە لەگەڵ ئەو شەپۆلە بەفر و سەرمایەى وڵاتەکەى گرتووەتەوە و پلەکانى گەرما بۆ ژێر سفرى سەدى دابەزیون.
کاترین کۆلۆنا، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا دەڵێت، روسیا زستان وەکو چەک لە شەڕی دژی ئۆکراینا بەکاردەهێنێت، بەئامانجگرتنى ژێرخانی مەدەنی تاوانی جەنگە.
ئەو راشیگەیاند، 100 مۆلیدەی کارەبای گەورە بۆ ئۆکراینا دەنێرین.
“ئێمە بەرگە دەگرین” گوتەى ئۆلینا زێلێنسکا، خانمی یەکەمی ئۆکراینایە، کە قسەى بۆ بی بی سی کردووە، ئەو دەڵێت، وڵاتەکەمان بەرگەی سەختى زستان دەگرێت، سەرەڕای سەرما و نەبوونى کارەبا، کە بەهۆى هێرشە موشەکیەکانی روسیاوە ئەو قەیرانە دروستبووە.
ئۆلینا دەڵێت، بەردەوام دەبین لە شەڕ “بەبێ سەرکەوتن ناتواندرێت ئاشتی هەبێت”.
باسی خۆڕاگرى هاوڵاتیانى ئۆکراینا دەکات و راپرسییەکى ئەم دواییانە بە نمونە دەهێنێتەوە، دەڵێت 90%ی هاوڵاتیان رایانگەیاندووە، ئامادەن بۆ ماوەی دوو بۆ سێ ساڵ لەگەڵ کەمی کارەبادا بژین، ئەگەر بتوانن ئاسۆی پەیوەستبوون بە یەکێتی ئەوروپا ببینن.
یەکەم تەقەى روسیا دژ بە ئۆکراینا، بەرەبەیانى رۆژى 20ى شوباتى 2022 کرا. لەگەڵ پێشڕەوییەکانى سوپاى روسیا، شەپۆلی ئاوارەبوونى ئۆکراینییەکان زیاتر بوون.
هاوینى رابردوو روسیا هەرێمەکانى دۆنتێسک، لوهانسک، خێرسۆن و زاپۆرێژیاى بەتەواوى کۆنتڕۆڵکرد.
لە رۆژی 23 تاوەکو 27ی ئەیلول روسیا ریفراندۆمى لەو چوار هەرێمە ئەنجامدا، بەگوێرەى ئەنجامەکان، کە جیهان دانى پێدا نەناوە، 94.3%ی بەشداربووان دەنگیان بە بەڵێ بۆ جیابوونەوە لە ئۆکراینا و چوونە سەر روسیا دا.
چین هەوڵى هێورکردنەوەى دۆخى ئۆکراینا دەدات
رۆژى 30ى ئەیلول، ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی روسیا، لە رێوڕەسمێکدا واژۆی لکاندنى هەر چوار هەرێمەکە بە خاکى روسیاوە کرد.
بەڵام سوپاى روسیا لە رۆژى 11ى ئەم مانگەوە دەستی بە کشانەوە لە خێرسۆن کرد. بەرپرسانى سوپاى روسیا لە هەرێمەکە هۆکارەکەیان بۆ کەمى تواناى لۆجستیان بۆ کۆنتڕۆڵکردنى ناوچەکان گەڕاندەوە.
ئۆکرایناش سەرەڕاى کۆنترۆڵکردنەوەى هەرێمەکە، بەڵام بە گومان بوو لە کشانەوەى روسیا.
بەم دواییانە هێرشى موشەکى و درۆنى روسیا بۆسەر ناوەندى شارەکان و ژێرخانى ئابورى، وزە و خزمەتگوزارییەکان زیاتربوون، گەیشتووە بەوەى هاوڵاتیان بە دەبە ئاو پەیدا دەکەن، ئەم دۆخە لە دواى کشانەوەى لە روسیا لە خێرسۆن زیاتربووە.
ئەمڕۆ کوژرانى 10 هاوڵاتى لە خێرسۆن کوژران
وەزارەتی دەرەوەی چین ئەمڕۆ هەڵوێستێکى نوێی لەبارەى هێرشەکان رایگەیاند و گوتى، گرنگی بە دۆخی مرۆیی ئۆکراینا دەدەین و بە زوترین کات لە رێگەی گفتوگۆوە هەوڵى هێورکردنەوەى دۆخەکە دەدەین.
سەربارى هەوڵەکان هێرشەکان بەردەوامن، سوپای ئۆکراینا، کوژرانى 10 هاوڵاتى مەدەنى لە خێرسۆن راگەیاند، لەگەڵ برینداربوونى ژمارەیەکى دیکە، لە هێرشەکانى ئەمڕۆى سەر شارەکە.