زووم…
رۆژنامە تورکییەکان
سۆزجو
20%ـى خوێندکارانى تورکیا بە ئاوخواردنەوە سکیان تێردەکەن
گرانی بەرۆکی خوێندکارانی تورکیاى گرتووە، لەگەڵ دەستپێکردنى ساڵی نوێی خوێندن، بەهۆی بەرزبوونەوەى نرخی خەرجییەکانی خوێندکار بەتایبەتیش گرانی نرخی خواردن، 20%ـى خوێندکاران تەنها بە ئاوخواردنەوەى سکیان تێر دەکەن و رۆژەکەیان لە قوتابخانە دەبەنەسەر.
کەمال ئرماک، سەرۆکی سەندیکای پەروەردە راپۆرتێکی نوێی سەبارەت بە ساڵى نوێی خوێندن ئامادەکردووە و ئاشکرای کردووە ژمارەى ئەو خوێندکارانەی خەرجی خواردنیان پێنیە روو لە زیادبوونە.
یەنی ئاکیت
تورکیا زۆرترین دۆرن بۆ وڵاتان دابین دەکات
بەگوێرەى راپۆرتێکی ناوەندی CNAـى ئەمریکی، لەم ساڵانەى دواییدا تورکیا لە رووی بەرهەمهێنان و فرۆشتنى درۆنەوە لە لیستی ئەو وڵاتانەیە، کە توانیوێتی زۆرترین درۆن بە وڵاتان بفرۆشێت.
بەگوێرەى راپۆرتەکە تێچووی دروستکردنى دۆرن لەلایەن تورکیا و ئێران و چینەوە کەمترە لە وڵاتانی دیکە، بەمەش کاریگەریی لەسەر زیاتر فرۆشتی درۆنی تورکی هەبووە.
هاوکات بازاڕگەرمی درۆنی ئەمریکی و ئیسرائیلی نەهێشتووە.
میلاد
ئەردۆغان پرسی تیرۆر و غەزە دەباتە نەتەوەیەکگرتووەکان
بڕیارە لە 24ـى ئەیلول رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا بچێتە نیویۆرک و بەشداریی لە کۆبوونەوەى نەتەوەیەکگرتووەکان بکات.
بەگوێرەى زانیارییەکان ئەردۆغان لەسەر دۆسیەی تیرۆر و پرسی غەزە گوتارێک پێشکەش دەکات.
لەم سەردانەى ئەردۆغاندا چاوەڕێ دەکرێت چەند کۆبوونەوەیەکی گرنگ لەگەڵ سەرۆکی وڵاتان ئەنجام بدات.
رۆژنامە عەرەبییەکان
سەباح
گورزی کوشندە لە مەترسیدارترین تۆڕی تاوانە ئەلیکترۆنی و رێکخراوەکان درا
لە ئۆپراسیۆنێکى پاڵەوانانەى دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێرق، توانرا گەورەترین گورزی کوشندە لە مەترسیدارترین تۆڕی تاوانە ئەلیکترۆنییەکان و تاوانە رێکخراوەکان بدرێت، بەتایبەتی ئەو تۆڕانەى خەریکى تاوانە ئەلیکترۆنییەکان و سپیکردنەوەى پارە و بازرگانانى مادەى هۆشبەرن، کە گەورەترین ئۆپراسیۆن بووە بەراورد بە ساڵانى رابردوو.
عەبدولکەریم عەبدولفازیل، سەرۆکى دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق بە رۆژنامەى سەباحی گوتووە، لە چوارچێوەى تاوانە ئەلیکترۆنییەکاندا، توانراوە سەدان تۆڕی تاوانى ئەلیکترۆنى بسڕدرێتەوە و دەیان تۆمەتبار، کە لە ساڵانى 2023 بۆ 2024 سەرقاڵی ئەو تاوانە رێکخراوانە بوون، دەستگیربکرێن.
شەرقلئەوسەت
گەورەترین دزەکردنى ئیسرائیل حزبوڵا خوێناوى دەکات
حزبوڵای لوبنان، دووچاری لێدانێکى خوێناوی هات، دوای ئەوەى هەزارەها ئامێری پەیوەندییکرنى لە کاتێکی دیاریکراودا تەقینەوە، کە ئەندامەکانى لە سوریا و لوبنان هەڵیانگرتبوو، کە بووە هۆی کوژرانى نۆ کەس و برینداربوونى زیاتر لە سێ هەزار کەس، کە تێیاندا منداڵانى بەرپرسی باڵای حزبوڵای تێدابوون.
رووداوەکە بووەتە مایەى ترسی فراوان بۆ هەڵگیرسانى جەنگێکی فراوان لە ناوچەکە، ئەو ترسەى نەتەوەیەکگرتووەکان و واشنتن ماوەیەکە هۆشداری لەسەر دەدەن.
عەرەب
یەکێتیی ئەوروپا بەرامبەر سوریا پێداچوونەوە بە سیاسەتەکانى دەکاتەوە
یەکێتیى ئەوروپا بەرەو ئەوە هەنگاودەنێت پێداچوونەوە بە سیاسەتەکانى بەرامبەر سوریا بکاتەوە، ئەوەش بە فشاری هەندێک وڵاتانى ئەندام و لە پێشەگیشاندا ئیتاڵیا.
رۆژنامەى ئەلوەتەنی نزیک لە حکومەتی سوریا، لە زاری چەند سەرچاوەیەکەوە بڵاویکردووەتەوە، لە کۆبوونەوەیەکدا رێککەوتوون لەسەر ئەوەى یەکیتییەکە دەرگای گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن بە ئامانجی دووبارە داڕشتنەوەى پەیوەندیی لەگەڵ سوریا بخاتە سەرپشت، ئەوەش بە ئامانجی پێدانى راسپاردەى نوێ بەو وڵاتە و دیاریکردنى سنووری سزاکانی و دووبارەکردنەوەى دەرگاکانى باڵیۆز و کونسوڵگەرییەکانى لە وڵاتانى رۆژئاوا.
قودسی عەرەبی
واشنتن دەڵێت، ئاگامان لە تەقینەوەکانى لوبنان نییە و داواى خۆبەدوورگرتنى ئێران دەکات
ئەمریکا دەڵێت، هیچ زانیارییەکی پێشوەختەیان نەبووە لەسەر تەقینەوەی ئامێرە بێتەل و پەیوەندییەکانی لوبنان، کە حزبوڵا بەکاریهێناون و بووە هۆی برینداربوونی هەزاران ئەندامیان.
ماسیۆ میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، لە کۆفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، دەتوانم بڵێم ئەمریکا بەهیچ شێوەیەک دەستی لەو رووداوەدا نەبووە و ئەمریکا پێشوەختەش ئاگاداری جۆرێک لەو رووداوە نەبووە.
دەڵێت، سەرقاڵی کۆکردنەوەی زانیاری و لێکۆڵینەوەین لەسەر رووداوەکە.
رۆژنامە فارسییەکان
هەمدلی
هەناردەى شووتی، کاڵەک و تەماتەى ئێرانی بۆ عێراق قەدەغە کرا
گومرگی عێراق هاوردەی شووتی، کاڵەک و و تەماتەى لە ئێرانەوە قەدەغە کرد و بەو هۆیەوە، بارهەڵگرەکانی هەڵگری ئەو بەرهەمانە لە بەشێک لە سنوورە هاوبەشەکانی ئێران و عێراق راگیراون، بەڵام بەرپرسان بەدواداچوون دەکەن بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە و هێشتا هۆکارەکەی نازانرێت.
خوب
سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئێران دەڵێت تۆڵەی هەنیە دەکەینەوە
حەبیبوڵا سەیاری، سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئێران رایگەیاند، بە دڵنیاییەوە تۆڵەی ئیسماعیل هەنیە دەکەینەوە، بەڵام کاتەکەی راناگەیەنین و لە کاتی گونجاو و چاوەڕواننەکراودا دەبێت.
ئاماژەی بە هێرشی پێشووی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل کرد و گوتی، ئەوە تەنها نیشاندانی توانای ئێران بۆ لێدانی ئیسرائیل بوو، بەڵام وڵاتان هاتن بۆ پاراستنی ئیسرائیل. پرسیارەکە ئەوەیە ئایا ئەو وڵاتانە دەتوانن بۆ هەمیشە ئیسرائیل لە هێرشی ئێران بپارێزن؟
کەیهان
بەهۆى وەرگەڕانی پاسێک 10 کەس گیانیان لەدەستدا
بەهۆی وەرگەڕانی پاسێک لە سنووری پارێزگای یەزدی ئێران 10 کەس گیانیان لەدەستدا و 36 کەسی دیکە برینداربوون.
محەمەد ئەشقی، بەڕێوەبەری مانگی سوری پارێزگای یەزد رایگەیاند، پاسەکە 51 سەرنشینی تێدابووە، تیمه فریاگوزارییەکان بریندارەکانیان گواستنەوه بۆ نەخۆشخانە و تەنها پێنج سەرنشین سەلامەتن.
ئەبرار
حکومەتى ئێران ژێرخانی شانۆ دابین ناکات
ئەروەند دەشت ئارای، دەرهێنەری شانۆ رەخنەی لە نەبوونی ژێرخانی هونەری و پشتیوانی نەکردنی حکومەت لە شانۆکاران گرت.
دەڵێت، خەڵک ناچارە سەیری زنجیرە درامای تورکی بکەن و شەرم دەکەن وڵاتەکەیان هۆڵێکی شانۆی ستانداردی نییە.
دەڵێت، دۆخی ئێستای شانۆی ئێران دەرئەنجامی نەبوونی پلان و بیرۆکەی نوێیه و حکومەت بەرپرسیارێتییەکەى لەبیرکردووە.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
دەیلی مەیل
تەقاندنەوەی پەیجەرەکان لەلایەن ئیسرائیلەوە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گەیاندووەتە لێواری تەقینەوە
حزبوڵا، ئیسرائیل بە ئەنجامدەری ئەو هێرشە بوێرانە سەرسووڕهێنەرە تاوانباردەکات، کە ئەنجامدرا و لانیکەم نۆ کەسی کوشتووە و دوو هەزار و 750 کەسی بریندرا کردووە، برینی 300 کەسیان سەخت و مەترسیدارە.
ئەو پەیجەرانە ئامێری پەیوەندیکردنی بچوکن، لەنێو گیرفاندا هەڵدەگیردرێن، دوێنێ لە ماوەی نیو کاتژمێردا و لەنێو خاکی لوبنان نزیکەی سێ هەزار دانەیان تەقینەوە.
خەڵکی ناوچەکە دەست لەسەر دڵ بە ترس و گومانەوە چاوەڕوانی وەڵامدانەوەی حزبوڵایان دەکرد، کە هەوڵ بدات پەلاماری ئیسرائیل بدات، چونکە هەڕەشە دەکات تۆڵە بکاتەوە.
ئۆرشەلیم پۆست
ئەم تەقاندنەوانە وەرچەرخانێکی ستراتیژی بوون لە دژی حزبووڵا گیرایەبەر
کاتژمێر 2:36ـى بەرەبەیانیی رۆژی سێشەممە نووسینگەی سەرۆکوەزیرانى ئیسرائیل راگەیاندنێکی بڵاوکردەوە، تێیدا گوتبووی دەزگای ئاسایش بۆ ئەم شەڕەی ئێستا پێداچوونەوەیەکی بە ئامانجەکانی خۆیدا کردووە، دەیەوێت دانیشتووانی ناوچەی باکوور بە سەلامەتی بگەڕێنێتەوە نێو ماڵەکانیان.
لەنێو راگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئیسرائیل سوورە لەسەرئەوەی ئەو ئامانجەی خۆی بپێکێت، ئەمانە هەموویان ئاماژەی نهێنی بوون، بە 14 کاتژمێر پاش ئەوە سەدان پەیجەری بێتەل لەنێو لوبنان و تەنانەت دیمەشقیشدا تەقێنرانەوە، کە لەنێو گیرفان و جانتاکانی دەستی چەکدارانی حزبوڵادا هەڵگیردرابوون. هێرشەکە زۆر ستراتیژی بوو، بەڵام ئیسرائیل خۆیی نەکرد بە خاوەنی.
دەیلی تەلەگراف
رێگە بە مامۆستایانى بەریتانیا دەدرێت لە ماڵەوە کاربکەن
پارتی کرێکارانى بەریتانیا کار لەسەر ئەوە دەکات کاریگەریی قەیرانی نەبوونی دامەزراندنی مامۆستا بۆ قوتابخانە و خوێندنگەکان کەم بکاتەوە. بۆ ئەو مەبەستە رێگە بە فەرمانبەر و کارمەندانی دیکەى قوتابخانەکان دەدرێت، کاروباری دابەشکردنی وانەکان و دانانی نمرەش جێبەجێ بکەن، چونکە بریجێت فیلیپسن، وەزیری پەروەردەی بەریتانیا بەرنامەیەکی هەیە دەیەوێت ئاسانکاری بۆ مامۆستاین بکات، بتوانن لەنێو ماڵەکانیان کارەکانیان ئەنجامبدەن.
ئەم ئەزموونە لە وەرزی نوێی خوێندندا دەخرێتە بواری کارپێکردنەوە. ئەم بەرنامەیە وادەکات ئەو مامۆستا ژنانەی مۆڵەتی دایکایەتییان هەیە بتوانن لە کاتی مانەوەیان لە ماڵەوە بەشێوازی ئۆنلاین وانە بڵێنەوە.
دەیلی ئێکسپرێس
1.7 ملیۆن هاووڵاتى بەریتانیا لە زستانى داهاتوودا ناتوانن ماڵەکانیان گەرم بکەنەوە
چەندان هاووڵاتی بەریتانیا کەمپینێکیان ئەنجامداوە. هاواردەکەن، ئەگەر پێداچوونەوە بە نرخی سووتەمەنیدا نەکرێت، ئەوا نزیکەی دوو ملیۆن هاووڵاتیی بەتەمەن ناتوانن ماڵەکانی خۆیان لە زستانی داهاتوودا گەرم بکەنەوە. بۆیە ئەگەری ئەوە هەیە، ژمارەی مردن لە زستانی داهاتوودا لەنێو کەسانی خانەنشینکراو بەرزتر ببێتەوە. سووتەمەنی گران بووە، ئەوانیش ناتوانن بیکڕن، بۆیە بە سەرما سەردەنێنەوە. ئەو کەسانەی هەڵمەتەکەیان رێکخستووە، دەڵێن ئەوەی روودەدات کارەساتە.