ئەمشەو بە شەش یارى وەرزى نوێى خولى پانە پاڵەوانەکانى ئەوروپاى ناسراو بە چامپیۆنز لیگ بە شێوازە نوێکەى دەستپێدەکات، کە بۆ یەکەم جار ٣٦ یانە بەشدارى تێدا دەکەن.
لە یارییەکانى جەولەى یەکەمى قۆناغى خولى پاڵەوانێتییەکە، کە چوارشەممە و پێنج شەممەش بەردەوام دەبن، ئەمشەو لە کاتژمێر حەوت و ٤٥ خولەکدا دوو یارى ئەنجام دەدرێن، یانەى یۆڤانتۆسى ئیتاڵى لە یاریگاى ئەلیانز ستادیۆم، میواندارى یانەى ئیاندهۆڤنى هۆڵەندى دەکات و هەردوو یانەى یەنگ بۆیزى سویسرى و ئەستۆن ڤێلاى ئینگلیزیش لە یاریگاى یانەى یەکەم ڕووبەڕووى یەکدەبنەوە.
خانمە پیرەکەى ئیتاڵیا بردنەوەى لەسەر داواکراوە، بەهۆى ئەوەى لە یاریگاى خۆیدا و لەبەردەم هاندەرەکانیدا یارى دەکات، هاوکات یارى دەستپێکى یانەکەیە لە خولەکەدا و دەبێت بە ئەنجامێکى باشەوە کۆتایى پێ بهێنێت بۆ ئەوەى هاندانێکى بەهێزبێت بۆ یارییەکانى داهاتوو.
دواتر و لە کاتژمێر ١٠دا چوار یارى ترى جەولەکە ئەنجام دەدرێن، یانەى ڕیاڵ مەدریدى ئیسپانى هەڵگرى نازناوەکە لە یاریگاى سانتیاگۆ بێرنابیۆ، میواندارى یانەى شتوتگارتى ئەڵمانى دەکات.
ڕیاڵ مەدرید وەک پاڵەوانى خولەکە دەیەوێت بە بردنەوە دەست بە خولەکە بکات، بەتایبەت کە لە یاریگاى خۆیدا و لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ یارى دەکات.
کوڕانى کارلۆ ئەنچیلۆتى ڕاهێنەر بۆ یارییەکە ئامادەن، تەنیا چوار یاریزان نەبێت، کە ئەوانیش داڤید ئەلابا و دانى سیبایۆس و ئیدواردۆ کاماڤینگا و براهیم دیازن.
لە هەمان کاتدا و لە یارى لوتکەى جەولەکەدا، هەردوو یانەى ئەى سى میلانى ئیتاڵى و لیڤەرپوڵى ئینگلیزى لە یاریگاى سان سیرۆ ڕووبەڕووى یەکدەبنەوە.
میلان بۆ ئەم یارییە تواناکانى ئیسماعیل بن ناسرى جەزائیرى لەدەستداوە، بەڵام پێشبینى دەکرێت ڕافائێل لیاوى پۆرتوگال و ئەلڤارۆ مۆراتاى ئیسپانى لە پێکهاتەى سەرەکى یانەکەدابن.
هاوکات لە ریزەکانى لیڤەرپوڵیش هارڤى ئیلیوت بۆ یارییەکە دوورخراوەتەوە، بەڵام محەمەد سەڵاح لە سەروى لیستى یانەکەدایە و لە پێکهاتەى سەرەکیدا دەبێت.
ئارنى سلۆتى ڕاهێنەرى ریدز ئامادەیە بۆ یەکەم یارى خۆى وەک ڕاهێنەر لە خولەکەدا، کە هاوکاتە لەگەڵ یادى ڕۆژى لە دایکبوونیدا.
سلۆت لە کۆنفرانسى ڕۆژنامەنوسى تایبەت بە یارییەکە ڕایگەیاند، عیدى میلادەکەى گرنگ نییە و یارییەکى گەورە لەبەردەمیاندایە و لە ڕکابەرەکەشیان ناترسن.
لە یەکێکى تر لە یارییە بەهێزکانى ئەمشەو، کە لە یاریگاى ئەلیانز ئەرینا لە شارى میونشنى ئەڵمانیا بەڕێوەدەچێت، یانەى بایرن میونشنى ئەو وڵاتە، میواندارى یانەى دینامۆ زەگربى کرواتى دەکات.
مانوێل نویەرى گۆڵچى و کاپتنى یانە باڤاریەکە لە کۆنفرانسێکى ڕۆژنامەنوسیدا دووپاتیکردەوە، ئەنجامدانى یارى کۆتایى ئەم وەرزەى چامپیۆنز لیگ لە یاریگاى ئەلیانز ئەرینا پاڵنەرێکى گەورەیە بۆ یانەکەیان و بە جۆش و خرۆشن بۆ دەستپێکردنى خولەکە.