ئەنچیلۆتى ڕایگەیاند، چامپیۆنز لیگ بۆ یانەکەى شتێکى تایبەت و پێشیوایە تیپەکەى ئێستایان لەوەى وەرزى پێشوو باشترە.
لە کۆنفرانسى ڕۆژنامەنوسى تایبەت بە یارییەکەى ئەمشەوى بەرامبەر شتوتگارت لە چامپیۆنز لیگ، کارلۆ ئەنچیلۆتى ڕاهێنەرى ریاڵ مەدرید ئاماژەى بەوەکرد، چامپیۆنز لیگ شتێکى تایبەتە بۆ یانەکەى، هەوڵ دەدەن تا کۆتایى کێبڕکێى تێدا بکەن.
ئەنچیلۆتى ئاشکرایکرد، بێلینگهام وەک چوامینى و میلیتاو تەندروستى باشە و ئەمڕۆ لە سەدا سەد بۆ یارییەکە ئامادەن، لە بارەى سوکایەتیەکانیش بە ڤینیسیۆس گوتى “ئەوەى بەسەر ڤینیدا هاتووە لەو کاتەوەى من لێرەم جێگەى قبوڵکردن نییە، هوتافەکان لە دژى ئاسایى نین، جەماوەرەکان بۆیە ئەو کارەى بەرامبەر دەکەن، دەزانن یاریزانکێى مەترسیدارە بۆ سەر تیپەکەیان و هەوڵ دەدەن سەرقاڵى بکەن”.
پرسیار لە ئەنچیلۆتى کرا کە گوایە دوودڵ نییە لە ئاستە بەرزەکەى بەرشەلۆنە، ڕاهێنەرە ئیتاڵیاکە دووپاتیکردەوە، بەرشە ڕکابەرێکە و ئەوان ڕێزى لێدەگرن، هەر وەک ئەتلەتیکۆ مەدرید و ڤیاڕیاڵ ئاستێکى بەرز پێشکەشدەکەن، ئەنچیلۆتى پێشیوایە تیپەکەى ئێستایان لەوەى وەرزى پێشووى باشترە.